مردن بووەتە چارەنوسی چەندەها مرۆڤی برسی، ڕۆژانەش چەندەها تۆن خۆراک فڕێ دەدرێت

لە چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بڕێکی زۆر خۆراک فڕێ دەدرێت، هەندێک تەنها لەپێناو گرتنی وێنەیەک داوای بڕێکی زۆر خواردن دەکات و دواتر دەبێتە پاشەڕۆ، لەبەرامبەردا ساڵانە ٩ ملیۆن کەس بەهۆی برسێتیەوە گیان لەدەست دەدات.

لە چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بڕێکی زۆر خۆراک فڕێ دەدرێت، هەندێک تەنها لەپێناو گرتنی وێنەیەک داوای بڕێکی زۆر خواردن دەکات و دواتر دەبێتە پاشەڕۆ، لەبەرامبەردا ساڵانە ٩ ملیۆن کەس بەهۆی برسێتیەوە گیان لەدەست دەدات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ساڵانە بە ملیۆنان هاوڵاتی بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، هەموو ساڵێک نزیکەی نۆ ملیۆن هاوڵاتی بەهۆی برسێتیەوە گیان لەدەستدەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک وڵات و کۆمەڵگا زیادەڕەوی لە فڕێدانی خۆراک دەکەن، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی ڕۆژانە بە چەندین تۆن خۆراک تێیدا دەبێتە پاشەڕۆ و فڕێدەدرێت، لەکاتێکدا دەتوانرێت ئەو خۆراکانە بەسەر هەژاراندا یاخود ئاژەڵە بێلانەکاندا دابەش بکرێت.

سیستمی چێشتخانەکان پاشەڕۆی زیاد کردووە

جیهان ساڵح، سکرتێری ژنانی پارتی سەوزی کوردستان، دەربارەی ئەو ڕێژە زۆرەی پاشماوەکانی ناو چێشتخانەکان بۆ ژنها دوا: سیستمی چێشتخانەکان خۆیان ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی پاشماوەی خۆراک، چونکە ئەگەر چێشتخانەکان بەشێوەیەکی سنوردار خۆراک دابین بکەن، هاوڵاتیان ناتوانن ڕێژەیەکی زۆر لەو خۆراکانە بکەنە پاشماوە.

 

باسی لەوەشکرد، زۆرینەی ئەو چێشتخانانەی بۆفیەی کراوەن، ڕێژەیەکی زۆر خۆراک تێیدا دەبێتە پاشماوە، دەشڵێت: "ئەو پاشماوانە ڕەوانەی تانجەرۆ دەکرێن و تانجەرۆش بووەتە جێگایەکی کارەساتاوی".

 

ئایا پاشماوەکان دەبنەوە بە مادەی بەسودی ژێر خاک؟

لەوبارەیەوە جیهان ئاماژەی بەوە کرد، هەبوونی پاشەڕۆکان زیانی یەکجار زۆریان هەیە و دەستێکی باڵایان هەیە لە پیسبوونی هەوا و ئاوی ژێر زەوی هەروەها دەبنە هۆی دروستکردنی بەکتریای جۆراوجۆر، "ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن خۆراک دەبێتەوە بە ماددەی ئەندامی و سودی هەیە بۆ زەوی ڕاست نین، بەڵکو دەبێت بە سیستمی جیاواز کاری لەسەر بکرێت و تێکەڵ بە مادەی تر بکرێت تا ببێتە مادەی ئەندامی و سود بە خاک بگەیەنێت".

 

چی لە پاشەڕۆی چێشتخانەکان بکرێت؟

سەبارەت بە پاشماوەی خۆراکەکان وەک ژینگە دۆستێک جیهان پێی باشە ئەو خۆراکانی دەمێنێتەوە هاوڵاتیان بیکەن بە سەفەری، یاخود بدرێتە ئاژەڵان ئەمەش چارەسەرییەکە کە دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت لە ڕووی ئابووری و پاراستنی ژینگەوە هەروەها کارێکی مرۆڤدۆستیشە.

 

ئەوەشی خستەڕوو پێویستە هاوڵاتیان ڕێژەیەکی دیاریکراو خۆراک بخەنە سەر قاپەکانیان، بە جۆرێک خواردن داوا بکەن کە پێیان تەواو بکرێت، نەک بەشی زۆری لە قاپەکاندا بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان زیاتر بێت لەوەی کە ئێستا هەیە و بەجێهێشتنی بڕێکی زۆر خۆراک لەناو قاپدا بە پێشکەوتن و سەقافەت نەزانن.

 

نزار جەلال، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی سلێمانی بە ژنهای ڕاگەیاند، بە تەنها لە سنووری شاری سلێمانی مانگانە هەزار بۆ هەزار و ٢٠٠ تۆن پاشەڕۆ هەن کە لە ٪٦٠ی پاشماوەی خۆراکە، لە ٪٢٠ کارتۆن و شوشەن، لە ٪٢٠ی دیکەی مادەی ئەلەمنیۆم و ئاسن و پلاستیکن، ئەگەر ئەم بڕە کۆکرێتەوە بۆ شەش مانگ دەکاتە نزیکەی حەوت هەزار و ٢٠٠ تۆن پاشەڕۆ.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لە بۆنەکاندا پاشەڕۆ زیاد دەکات لەناو ماڵەکان و چێشتخانەکاندا، هۆکارەکەشی بۆ گەشت و گەڕانی هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.

 

شارەوانی چۆن کار بۆ لەناوبردنی پاشەڕۆکان دەکات؟

بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری باسی لەوە کرد، پاشەڕۆکان تا مانگی پێنجی ئەمساڵ لە تانجەرۆ دفن دەکران. سێ ساڵ لەمەوبەریش کارگەیەک بە ناوی کارگەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک لە تانجەرۆ دامەزرا و لە ئێستادا کار دەکات، کارکردنەکەشی سنوردار کراوە بە جۆرێک لە ئاست ئەو داواکارییەی شارەوانیدا نییە، هەروەها ئەو مادانەی کە سودیان لێوەردەگیرێت لە کارگەکەدا بە ڕێژەیەکی زۆر مادەی خۆراکین.

 

هۆکاری کارنەکردنی کارگەکەش بە شێوەیەکی چالاک، دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی قەیرانی دارایی، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٣وە ڕێککەوتنامە واژوو کراوە، لەنێوان پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەست بەکاربوون لەو کارگەیەدا لەدوای تەواوبوونی، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە دواخرا بۆ ساڵی ٢٠١٨ و دواتر تا مانگی پێنجی ئەمساڵی هیچ کاری تێدا نەکرا.

  

تا ئێستا هیچ بودجەیەک دیاری نەکراوە بۆ کارگەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک، تەنها بودجە بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یەک مانگ، بۆ ئەو کۆمپانیایانە تەرخان کراوە کە سەر بە کەرتی تایبەتن، ژینگە دۆستانیش پێیان وایە پاشەڕۆکان لە ڕێی کارگەی ڕیسایکلینەوە لەناو ببرێن، چونکە ئەگەر بخرێنە ژێر زەوی کاریگەری خراپ دروست دەکات لەسەر ژینگە و زەوی.

 

هەبوونی تەنها یەک کارگەی ڕیسایکلین پێویستییەکانی شارەوانی پڕ ناکاتەوە

هەبوونی تەنها یەک کارگە بۆ ماددەی خۆراکی و لە شارێکی وەک سلێمانی ناتوانێت لە ئاست زۆری پاشەڕۆدا بێت، چونکە مادەکانی وەک شوشە لەو کارگەیەشدا سودی لێوەرناگیرێت دەبیت کارگەی تایبەتی بۆ بکرێتەوە تا دووبارە بەکاربهێنرێتەوە.

 

بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە شارەوانی ڕێککەوتنی کردووە لەگەڵ کارگەکەدا کە ڕۆژانە هەزار و ٢٠٠ تۆن پاشەڕۆ بنێرن بۆ ئەو کارگەیە، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەکە کەمی کردووە و ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ تۆن دەنێردرێت.

ت.پ