مێژووی ئەم شارە بووەتە زبڵخانە

لە هەر شوێنێکی سلێمانی دەڕوانیت بووەتە بینا و باڵەخانەی بەرز، شارستانیەتی و تایبەتیمەندییە مێژووییەکانی ئەم شارەش بوونەتە کەلاوە و زبڵخانە، مۆرکی شارەکەش بووەتە وێرانە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شاری سلێمانی تەمەنی ٢٣٧ ساڵە، لە کاتی دروستبوونیەوە چەند گەڕەکێک دروستکراون، لەوانە شێخان، سابونکەران، مەڵکەندی و چەند گەڕەکێکی دیکە، خانووەکانی ئەم گەڕەکانە لەسەر شێوازی کۆن دروستکراون، چەندین تایبەتمەندی جیاوازییان تێدایە، لەوانە  بوونی تاق لە دیوارەکاندا بۆ دانانی چرا، فتیلە، فانۆس، پێداویستییەکانی ماڵ یاخود گوڵدان و ئاوێنە بەکارهاتووە، ڕەنگی شین بۆ درگا و پەنجەرەکان بوون، بەشی سەرەوەی درگا و پەنجەرەکان کەوانەیی بوون و شوشەی ڕەنگاو ڕەنگیان تێکراوە، درگاکان تەختە بوون، سەقف و چیغی خانووەکان لە داربوون.

 

خانووەکان هەیوانیان هەبووە و بە پایەی دار سەقفی خانووەکان ڕاگیرکراون، دیوارەکانیش لە خشت و قوڕ بوون، ڕووی دەرەوەی خانووەکانیش درگاکانیان ئاسن بوون و ڕەنگاوڕەنگ بوون.

ئەم خانووانە هونەری تەلارسازی و کارامەیی وەستا کۆنەکانی بواری بیناسازی کوردستانیان نیشانداوە، جیاوازی نێوان خانووەکانی ئێستا و ڕابردوو هێندە زۆرە کە دەکرێت بوترێت کەمتر خاڵی هاوبەشیان هەیە.

 

لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەم خانووانە ڕوخێندراون و کراونەتە تەلاری بازرگانی، زبڵخانە و گەراج، یەکێک لەوانەش خانووەکەی مێژوونووس ئەمین زەکی بەگە.

 

لەکاتێکدا بەپێی ڕێنماییەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەبێت ئەو خانووانە پارێزگارییان لێبکرێت یاخود ئەگەر بڕوخێندرێن و نۆژەن بکرێنەوە، ئەوا دەبێت ڕووکاری دەرەوەییان بەهەمان شێوە کەلەپورییەکە بێت تا سیمای کۆنی شار وون نەبێت، بەڵام لە ئێستادا بەپێی وتەی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەم ڕێنماییانە جێبەجێناکرێت.

ڕەوا کەریم، ئەندامی لیژنەی پاراستنی شوێنەوار لە قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی ئەو خانووە کەلەپوریانەوە بە ژنهای ڕاگەیاند، لەدوای ئەو ژمارە خانووەی کە پێشتر نۆژەن کراونەتەوە، خانووی دیکە نۆژەن نەکراوەتەوە، چەند دەرخستەیەکیشیان بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا کردووە تا بێن و خانووەکان لە داڕووخان بەهۆی هاتنی وەرزی زستان بپارێزن.

 

لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەدا لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە ڕاگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە، کە تێیدا بڕیاردرا نابێت بەبێ ڕەزامەندی قائیمقامیەت هیچ خانوویەک بڕوخێندرێت، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هاتووە کە ژمارەیەک هاوڵاتی بەبێ ئاگاداری و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان قائیمقامیەت ئەو خانووە کەلەپوریانەیان ڕوخاندووە.

 

ڕەوا کەریم، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواوی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووە کەلەپورییانەی وەستاوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٩ بڕیاردرا بە قەدەغەی دروستکردنی گەراج لە ناوەندی شاردا، بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕێنماییانە لەلایەن شارەوانییەوە جێبەجێناکرێت.

دوو ساڵ پێش ئێستا حەوت گەڕەک وەک کۆنترین گەڕەکەکانی شاری سلێمانی دیاریکرا، ئەوانیش شێخان، جولەکان، مەڵکەندی، سەرشەقام، کانێسکان، دەرگەزێن، سابونکەران، لەناو ئەو خانووانەشدا ١٠٧ خانوو دیاریکران تا لەلایەن حکومەتەوە بکڕدرێنەوە و نۆژەن بکرێنەوە، بەڵام تەنها ٣٨ خانوو ماون، ٦٩ ڕوخاون، لەو ٣٨ خانووەش ١٤ کڕدراونەتەوە، تەنها حەوتیان لێ نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ پلانێکی تازە بۆ ئەو خانووانە نییە.

 

هەر لەم بارەیەوە خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندام لە لیژنەی شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، کە ئەو خانووە کەلەپوریانە نەپارێزراون و لە کاتێکدا سیمای کەلەپوریمان نیشاندەدات و ئەو خانووانە کراوتەنە گەراج یاخود بیانای بازرگانی، تەنانەت کارێزەکانیش کۆنکرێت کراون.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ئێستا پڕۆژەییەکیان بۆ پاراستنی خانووە کۆنەکانی سلێمانی بە هاوکاری مامۆستایانی زانکۆ بۆ پاراستنی شارستانییەن و فەرهەنگی سلێمانی ئامادەکردووە، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک ڕێنمایی، لە نزیکترین کۆبوونەوەدا دەخرێتە ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاوە.

 

باسی لەوەشکرد، کە ئەو پڕۆژەیە جگە لە ڕێنمایی نەخشە و شێوازی بنیادنانەوەی گەڕەک و خانووەکانی تێدایە، ئەگەر شارەوانی سلێمانی یاخود کەسێک بیەوێت خانووەکان نۆژەن بکاتەوە چۆن کاری تێدابکات، دواتریش پڕۆژەکە دەنێردرێت بۆ شارەوانی، قائیمقامیەت و پارێزگای سلێمانی تا ڕێنماییەکانی جێبەجێدەکرێت.

لە کۆتایشدا هۆکاری کارکردنییان لەسەر ئەو پڕۆژەیە بۆ پاراستنی خانووە کەلەپوریەکانی سلێمانی گەڕاندەوە، کە ئەو خانووانە کاولکار و داگیر کراون، یاخود زۆرینەیان کراونەتە بینای بازرگانی و ئەو شوێنەوارانە نەپارێزراون.

ت.پ