دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان دەشاردرێتەوە و لە دادگاکانیش بێئەنجام دەبن

پاش زیاتر لە ساڵێک و ٦ مانگ، هێشتا کەیسی لاڤانی تەمەن ٩ ساڵ وەک خۆیی و بێ ئەنجام ماوەتەوە، ئەندامێکی ڕێکخراوی منداڵانیش باس لەوەدەکات کە دەستدرێژییەکان بۆ سەر منداڵان زیادییان کردووە بەڵام ئاشکرا ناکرێن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لاڤان کە ئێستا تەمەنی ٩ ساڵانە، لە ساڵی ٢٠١٩ کاتێک تەمەنی٧  ساڵان بووە، لەلایە چەند کەسێکەوە لە هەولێر دەڕفێندرێت، دواتر دەستدرێژی دەکرێتە سەر، باوکی لاڤان بە ناوی "لوقمان ئیسماعیل" پاش ڕووداوەکە سکاڵا تۆمار دەکات، دوو پیاو و دوو ژن لەسەر ڕووداوەکە دەستگیردەکرێن، بەڵام دواتر ئازاد دەکرێن.

 

لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠ باوکی لاڤان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کەیسەکەی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا کرد، کە بەهۆی دەستی حزبییەوە تۆمەتبارەکان ئازادکراون وکەیسەکەی وەلانراوە، دواتر بەهۆی ڕایگشتی تۆمەتبارەکان دەستگیرکران، بەڵام جارێکی دیکە لە سەرەتاکانی مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا بەبیانووی نەبوونی بەڵگە تۆمەتبارەکان ئازادکران.

 

بەهۆی بوونی هەڕەشەی بەردەوام لەسەر ژیانی ئەو باوک و کچە هەر لە مانگی ئەیلولدا ڕوویان کردە سلێمانی، بەڵام ئێستاش دوای زیاتر لە ساڵێک ئەو کەیسە بێئەنجام ماوەتەوە، باوکی لاڤان بە ژنهای ڕاگەیاند، کە تا ئێستا هیچ نەکراوە، بەڵکو دۆسیە لەسەر ئەو بەبیانووی ناوزڕاندن کراوەتەوە.

 

ئەمە تەنها کەیسی دەستدرێژی نییە لەو ساڵەدا بەڵکو کەیسێکی دیکەی هاوشێوە هەر لە هەولێر ڕوویداوە، بەپێی ئامارێکی تۆڕی هێما بۆ بەرژەوەندی تاک، لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٣ حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

 

 

هۆکارەکانی زیادبوونی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان

سۆزان ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ماهی بۆ پەروەردەی منداڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ماوەی چەند ساڵێکە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان زیادی کردووە، زیادبوونی ڕێژەکەشی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە.

 

یەکێک لە هۆکارەکان فراوانبوونی کۆمەڵگا و تەشەنەسەندنی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کە هیچ سانسۆرێکیش بۆ ڕێگریکردن لە سایتە نەشیاوەکان بۆ منداڵان نییە.

 

سۆزان ئەحمەد یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر منداڵان بۆ بێئاگایی خێزانەکان لە منداڵاکانیان گەڕاندەوە، کە بەهۆی زۆری سەرقاڵیان و کارکردنەوە تەنها پێداویستییەکان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکەن، نەک پەروەردەکردن، وەک دەڵێت "وا دەزانن کە پەروەردەکردنی منداڵ ئەوەیە کە تەنها خواردن و پێداویستییەکانی ژیانی بۆ دابینبکات، بەڵام پەروەردە زۆر لەوە گەورەترە". 

 

شاردنەوەی کەیسی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان

سۆزان ئەحمەد، شاردنەوەی کەیسی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان دەبەستێتەوە بە کۆمەڵگا و ئاستی ڕۆشنبیری خێزانەوە، کە منداڵەکان ترسێندراون لەلایەن خێزان یاخود لەلایەن ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەریان تا نەوێرن هیچ بڵێن، یاخود ئەگەر منداڵەکەش بە خێزانەکەی بڵێت ئەوا خێزانەکە بەهۆی کۆمەڵگاوە ناچێت سکاڵا تۆماربکات، یاخود کێشەکان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەردەکرێن.

 

دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان لە یاسادا

بەپێی ماددەی ٣٩٣ و ٣٩٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، دەستدرێژی بۆ سەرمنداڵ یەکێکە لە تاوانە گەورەکان و سزاکەشی بە یەکێک لە توندترین سزاکان ئەژمار دەکرێت، کە زیندانی هەتاهەتایی یاخود لە سێدارەدانە.

 

لەبارەی یاساکانیشەوە بۆ پارێزگاری لەمنداڵان، سۆزان ئەحمەد ئەوەدەخاتەڕوو، کە یاساکان بۆ پارێزگاری لە منداڵان گونجاون، بەڵام یاساکان پەرشوبڵاون، یاسایەکی تایبەت بە منداڵان نییە.

 

لە کۆتاییشدا سۆزان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستە هۆشیاری زۆر زیاتر بۆ منداڵانیش و خێزانەکانیش لەلایەن ناوەندە پەروەردەییەکان و ڕێکخراوەکانیشەوە بڵاوبکرێتەوە.