لە پشت کوشتنی ژنانەوە ...١

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە هەرێمی کوردستان

 

باشوری کوردستان ڕۆژێک بەبێ کوشتن یاخود خۆکوشتنی ژنێک تێناپەڕێنێت، سەرباری زۆری ڕێکخراوەکان توندوتیژییەکان بەردەوام لە زیادبووندان، لە پێنج مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا پێنج هەزار و ٧٩ سکاڵا تۆمارکراوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرە، لەنێوان چوار ساڵدا ئامارەکان بە ڕێژەی ٪٣٣ بەرزبووەتەوە.

سلێمانی

 

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتی دەژین، بە ڕووکەش کۆمەڵگای کوردی ئێستا بووەتە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو، بەڵام هێشتا هەڵگری ئەقڵیەتێکی کۆن و پیاوسالارییە، ژن بە ناوی پاککردنەوەی شەرەفەوە دەکوژرێت، لێیدەدرێت، دەستوتێندرێت، دەکوژرێت یاخود هاندەدەرێت بۆ خۆکوشتن.

 

لە هەرێمی کوردستاندا چوار هەزار و ٥١٤ ڕێکخراوی ناوخۆی و بیانی بوونیان هەیە، زیاتر لە نیوەیان لە بواری مرۆیدا کار دەکەن، ٢٨٠ ڕێکخراویش لە بواری داکۆکی لە مافی ژناندا کار دەکەن.

 

سەرباری ئەم ژمارە زۆرەی ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان بەڵام هێشتا توندوتیژییەکان بەردەوامن، ڕێکخراوەکان کە یەکێک لە ئەرکەکانیان بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە کۆمەڵگایە نەیانتووانیووە تا ئاستی پێویست کۆمەڵگا لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان هۆشیار بکەنەوە.

 

لەلایەکی دیکەیشەوە ئەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە، دەریدەخات ئاماری توندوتیژییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاد دەکات.

 

لەماوەی ٩ ساڵدا بەردەوام ئامارەکان بەرز دەبنەوە

لە ساڵی ٢٠١٢دا چوار هەزار و ٦٩٢ توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا ئامارەکان بۆ پێنج هەزار و ٣٠٨ توندوتیژی بەرزبووە، لە ساڵی ٢٠١٤ ئامارەکە بەڕێژەی ٪٢٦.٢ بەرزبووەوە، کە بوو بە حەوت هەزار و ١٩٣ توندوتیژی.

 

لە ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە ئامارەکان بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی، کە بووە هەشت هەزار و دوو توندوتیژی، لە ساڵی ٢٠١٦دا حەوت هەزار و ١١٥ توندوتیژی تۆمارکرا، لە ساڵی ٢٠١٧دا ئامارەکە بۆ نۆ هەزار و ٦٩٣ توندوتیژی بەرزبووەوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٠ هەزار و ٦١ توندوتیژی تۆمارکرا، لە ساڵی ٢٠١٩دا ئامارەکان بەڕێژەی ٪١٧.٨ بەرزبووەوە، بوو بە ١٢ هەزار و ٢٤٦ توندوتیژی، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ ئامارەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و قەدەغەی هاتووچۆ ژنان نەیاندەتوانی بچنە دەرەوە و سکاڵا و توندوتیژییەکان کە بەرامبەریان دەکرێت تۆماربکرێت، بۆیە ئامارەکان دابەزین، بوو بە ١٠ هەزار و ٦٢٥ توندوتیژی.

 

 لە پێنج مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا شەش ژن کوژراون، ٣٠ ژن خۆیان کوشتووە، ٤٧ ژن خۆیان سوتاندووە، ٥٣ دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، هەروەها پێنج هەزار و ٧٩ سکاڵا تۆمارکراوە، هاوکات چوار هەزار و ٦٩٦ پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە کراوە.

 

بەرزبوونەوەی ئامارەکان ڕێژەییەکی بەرزییان تۆمارکردووە، بەجۆرێک لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠ بەڕێژەی ٪٣٣ ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە.

 

هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت

بەرزترین ڕێژەی توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێن لە پارێزگای هەولێرە، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠، ١٢ هەزار و ٥١٨ توندوتیژی تۆمارکراوە و لە پلەی یەکەمدایە، سلێمانیش بە حەوت هەزار و ٦٤٩ توندوتیژی لە دوای هەولێرە، لە دهۆکیش حەوت هەزار و ٤٥٩ توندوتیژی تۆمارکراوە، لە گەرمیانیش دوو هەزار و ٩٤١ توندوتیژی، لە ڕاپەڕین هەزار و ٥١١، لە سۆران ٨٥٤ توندوتیژی تۆمارکراون.

 

ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێن جۆراوجۆرن، هەر لە کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتان، دەستدرێژی سێکسی، سەرباری ئەوەی ژنان بە چەندین ڕێگای جیاوازی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لەوان بە لێدان، توندوتیژی دەروونی، توندوتیژی ئابووری، دەستدرێژی سێکسی، ناوزڕاندن و سوکایەتی پێکردن.

 

دەبارەی هۆکاری ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، ئاژانستی ژنها زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنانی چالاکوانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، هەریەکیان باس لە هۆکار و جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە ناوچەکانیاندا دەکەن، هەروەها چەند ڕێگایەکی جیاوازیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان دەخانەڕوو.

 

ت.پ