خەباتی سەدان ساڵەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان

لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، لە یۆنانی کۆن و ڕۆمای کۆماریی و لەو دەوڵەتە دیموکراسیانەی کە لە کۆتایی سەدەی ١٨ لە ئەوروپا دەرکەوتبوون ژنان لە مافی دەنگدان پێشێلکرابوون، پاش سەدان ساڵ لە هەوڵەکانیان توانیان ئەو مافە بەدەستبهێنن.

 

بێریڤان کەمال

مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان تا کۆتای سەدەی نۆزدەهەم ژنانی لێ بێبەشکرابوو، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم بووە پرسێکی سیاسی گرنگ، بە تایبەتی خەباتی ژنان لە بەریتانیای گەورە و لە ئەمریکادا چڕ بووەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی ئابووری و سیاسی، بەڵام ئەو وڵاتانە یەکەم کەس نەبوون کە مافی دەنگدان بە ژنان بدەن.

 

هەوڵەکانی ژنان لە ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان

خەباتی ژنان بە هەوڵدانی دەیان ساڵە لە ئەمریکا دەستی پێکرد بۆ بەرهەڵستی کردنی ئەو نا دادپەروەییەی بەرامبەریان دەکرا، بە  هەمواری ١٩ یەمینی دەستووری ئەمریکا لە ٢٦ی ئابی ساڵی ١٩٢٠ ژنان مافی دەنگدانیان پاش شەڕێکی دەیان ساڵە بەدەستهێنا، کە نابێت لەسەر بنەمای جیاوازی جێندەری مافی دەنگدان سنورداربکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ ژنە سپی پێستەکان بوو، بەڵام بۆ ژنانی ڕەشپێست لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی دەنگەکانیان سەرکوتکرا.

هەروەها رێگری لە دەنگدان کرا بۆ ئەمریکییە ڕەسەنەکان، هەروەها بە هیندی ئەمریکی ناسراون، یەکەم ئەمریکیەکانن خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکان  هاوایی و ناوچەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە، نەیانتوانی ببنە هاووڵاتی ئەمریکی کاتێک ئەو وڵاتە لە ساڵی١٧٨٨ دا دەستووری خۆی پەسەند کرد و بۆ ماوەی ١٣٦ ساڵ ئەو مافە بەدەستناهێنێت.

هەردوو ژن و پیاو مافی دەنگدانیان بەدەست نەهێنا تا ساڵی ١٩٢٤ تەنانەت لەو کاتەدا هەندێک لە ویلایەتە ڕۆژئاواییەکان، لەوانە ئەریزۆنا، نیو مەکسیک و یوتا، مافی دەنگدانیان بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان نەداوە تا ساڵانی ١٩٤٠-١٩٥٠ کان.

ژنانی خوێندەوار لە ساڵی ١٩٢٩ مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٥ هەموو ژنان ئەو مافەیان پێدرا وە ژنانی کۆچبەری ئەمریکی ئاسیایی مافی دەنگدانیان پێنەدرا تا ساڵی ١٩٥٢ کە یاسای کۆچ و نەتەوە ڕێگەی پێدابوون ببنە هاووڵاتی.

مافی دەنگدان بۆ ژنانی بەڕیتانیا

دەنگی ژنی بەریتانیای گەورە یەکەم جار لەلایەن ماری وۆلستۆنکرافت و لە کتێبەکەیدا داکۆکی لە مافی ژن لە ساڵی ١٧٩٢دا باسی لێوەکرا، هەروەها لە ساڵی ١٨٤٠دا لەلایەن بزووتنەوەی چارتیستی-یەوە داواکرا، داواکاری بۆ ژنان بە شێوەیەکی زیاد لەلایەن ڕوناکبیرانی ئازادیخوازی دیاری ئینگلتەرا لە ساڵی١٨٥٠ وە دەستیپێکرد، بۆ ئەمەش جۆن ستیوارت میل و هاوژینەکەی بە پێشەنگ دادەنرێن.

 

یەکەم لیژنەی مافی مافی ژن لە ساڵی ١٨٦٥ لە مانچستەر پێکهێنرا و لە ساڵی ١٨٦٧داخوازی ئەم کۆمەڵگایەی پێشکەش بە پەرلەمان کرد، کە داوای دەنگدانی ژنانی کرد و نزیکەی ١٥٥٠ واژۆی بۆ کۆکرابووەوە، پرۆژە یاسای چاکسازی ساڵی ١٨٦٧ هیچ یاسایەکی بۆ مافی ژنان تێدا نەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵگاکانی مافی ژنان لە زۆربەی شارە گەورەکانی بەریتانیا پێکدەهات و لە ساڵانی ١٨٧٠دا ئەو ڕێکخراوانە داواکانیان پێشکەشی پەرلەمان کرد.

 

مافی دەنگدانی ژنان لە وڵاتانی دیکەی جیهان

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ژنان مافی دەنگدانیان پێدرا لە هەڵبژاردنی نەتەوەیی لە نیوزلەندا ١٨٩٣، ئوسترالیا ١٩٠٢، فینلاند ١٩٠٦ و نەرویج ١٩١٣، لە سوید و ئەمریکا لە هەندێک هەڵبژاردنی ناوخۆییدا مافی دەنگدانیان هەبوو.

 

پاش جەنگی جیهانی یەکەم مافی دەنگدانی ژنان فراوانتر بوو، لە ماوەی ساڵانی ١٩١٤-١٩٣٩ دا ژنان لە ٢٨ وڵاتی دیکە مافی دەنگدانی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان یان مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنی نەتەوەییدا بەدەست هێنا.

 

ئەو وڵاتانەش بریتی بوون لە یەکێتی سۆڤیەت ١٩١٧،  کەنەدا، ئەڵمانیا، نەمسا و پۆڵەندا ١٩١٨، چیکۆسلۆڤاکیا ١٩١٩،  ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەنگاریا ١٩٢٠، بەریتانیای گەورە ١٩١٨-١٩٢٨،  ئیکوادۆر ١٩٢٩، ئەفریقای باشوور١٩٣٠، بەرازیل و ئۆرۆگوای و تایلەند ١٩٣٢، تورکیا و کوبا ١٩٣٤، فلیپین ١٩٣٧.

ژنان لە سەرەتادا مافی دەنگدانیان پێدرا تەنها لە هەڵبژاردنی شارەوانی یان هەڵبژاردنی تری ناوخۆیی، وەک هەڵبژاردنی پارێزگاکان دواتر مافی دەنگدانیان پێبەخشرا لە هەڵبژاردنی نەتەوەییدا، دەستبەجێ دوای جەنگی جیهانی دووەم فەرەنسا، ئیتالیا، ڕۆمانیا، یوگۆسلاڤیا و چین بۆ گروپەکە زیادکران.

مافی تەواوی ژنان لە ساڵی ١٩٤٩ لە هیندستان بە دەستوور ناسێنرا، لە پاکستان ژنان مافی دەنگدانی تەواویان وەرگرت لە هەڵبژاردنی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٥٦، لە دەیەیەکی تردا کۆی ئەو وڵاتانەی کە مافی دەنگدانیان بە ژنان داوە گەیشتە زیاتر لە ١٠٠ وڵات، بەشێکیان لەبەر ئەوەی نزیکەی هەموو ئەو وڵاتانەی کە پاش جەنگی جیهانی دووەم سەربەخۆییان بەدەستهێناوە مافی دەنگدانی یەکسان بە ژن و پیاو لە دەستوورەکانیاندا مسۆگەر کرد.

 

ساڵی ١٩٧١ سویسرا ڕێگەی بە ژنان دا لە هەڵبژاردنی فیدراڵی و زۆربەی کانتۆنەکاندا دەنگ بدەن.

لە ساڵی ١٩٧٣دا ژنان مافی دەنگدانی تەواویان لە سوریا پێبەخشرا، پەیماننامەی مافی سیاسی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٩٥٢دا پەسەند کرا، کە "ژنان لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بە یەکسانی لەگەڵ پیاواندا دەنگ بدەن، بەبێ هیچ جیاوازییەک".

 

ت.پ