هەرای دەرخستنی یەکەمەکانی هەرێم، ڕێژەی دەرنەچوونی خوێندکارانی شاردەوە

لە پاش بڵاوکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وزاری بۆ قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، چاوی هاوڵاتییان کەوتە سەر یەکەمەکانی هەرێم بەوەی ژمارەیەکی زۆر خوێندکار بوونەتە یەکەم، بەڵام ڕیژەیەکی زۆری دەرنەچوون کە هەیە ئاشکرا نەکرا، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکنەخستنی سیستمی خوێندن لەدوای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی.

شنیار بایز

سلێمانی- بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی زانستی و وێژەییەکان لە بەرواری ٢٣ی ئاب، بڵاوکرایەوە، بە دەرخستنی ئەو خوێندکارانەی یەکەم بوون هەوڵدرا خراپی سیستمی پەروەردە و حکومەت بۆ ئەمساڵی خوێندن بشاردرێتەوە، دەرخستنی ١٨ یەکەمەکەی هەرێم لە پێناو شاردنەوەی ئەو ڕێژەی دەرنەچوونە بوو کە زۆرترین ڕێژەی بۆ ئەمساڵ تۆمار کردبوو ئەویش بریتی بوو لە ٧٥٪ بۆ زانستییەکان و ٨١٪ بۆ وێژەییەکان.

 

ڕێژەی دەرچوون بۆ ئەمساڵی خوێندن

لەمساڵی خوێندن ١٢٦ هەزار ‌و ٨٤٧  خوێندكار مافی بەشدارییان هەبووە، ٧٤هەزار و ٨٧٢ یان زانستی و ٤٨ هەزار و ٣٢ یان وێژەیی، ٣هەزار و ٦٦٢ پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی ٢٨١ قوتابی بوون، تەنها ١٢٤ هەزار ‌و ٥٩٣ یان بەشدارییان كرووە.

ڕێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی ٣٢.٨٨٪ ‌و لە بەشی وێژەیی ١٩.٩٪ ‌و لە بەشی پیشەیی ١٨٪ بووە ‌و بەگشتی ڕێژەی دەرچوون٣٠ ٪بووە لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان.

 

"بەر لە کۆرۆنا نەبوونی موچە کاریگەری خراپی کردبووە سەر پڕۆسەی خوێندن"

 ژیان حەمە مستەفا، سەرپەرشتیاری ڕێنمایکاران لە پەروەردەی ڕۆژهەڵات باسی لەوە کرد نەک تەنها کۆرۆنا بگرە پێش بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەرێمی کوردستان بەدەست نەبوونی موچەوە دەیناڵاند، وەزارەتی پەروەردە بەم هۆیەوە کاریگەری نەرێنی کەوتە سەر، بۆیە کە کۆرۆنا گەیشتە کوردستان تەواو هەرێمی کوردستان پەکی کەوت لە نێویاندا سیستمی خوێندن.

دەشڵێت: "ڕاستە ئۆنڵاین پێشنیارێکی باش بوو بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان نا چونکە قەیران هەبوو، لایەنی دیکە زۆر بوو کە پێویست بوون پڕبکرێنەوە، هەموو ماڵێک توانای دابینکردنی خەتی ئینتەرنێت و ئایپاد و مۆبایلی نەبوو بۆ منداڵەکانی، جگە لەمانەش ئەو شێوازی و سیستەمەی دانرابوو بۆ وتنەوەی وانەکان بە شێوەی ئۆنڵاین شێوازێکی ڕاست نەبوو ئەم هۆکارانەش وای کرد ڕێژەی دەرنەجوونی خوێندکاران بگاتە ئەو ئاستە".

 

تەرک کردنی بابەتی زۆر نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات

بۆ ئەمساڵی تاقیکردنەوەکانی وزاری زۆر بابەت تەرک کرا بە ڕێژەی لە نزیکەی ٣٥٪ ، بە مەبەستی ئەوەی خوێندکاران بتوانن بابەتەکان بە باشی دەرخ بکەن بەڵام ئەنجامەکەی بەو شێوەیە دەرنەچوو لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تەرک کردنە ئاستی زانستی خوێندکارانی هێنایە خوارەوە، مامۆستا ژیان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێمەی مامۆستایان چاوەڕێین جیلێکی نەخوێنەوار پێبگات".

وتیشی: "ئەو هەموو کێشەیەی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەبوو کاری کردووەتە سەر دەروونی خوێندکاران بۆیە ڕێژەی دەرنەچوون لە ڕادە بەدەر زیادی کردووە، مامۆستایانیش پێشبینی ئەو دۆخە خراپەیان دەکرد چونکە دۆخی خراپ لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانیی ٢٠١٦ و ٢٠١٧وە دەستیپێکردووە".

 

دەرنەچوونی بەشی زۆری خوێندکاران زەخت دەخاتە سەر جیلەکانی دوای خۆی

مامۆستا ژیان باسی لەوەکرد، زۆرینەی ئەو خوێندکارانەی دەرنەچوون و دەمێننەوە کار دەکەنە سەر قەڕەباڵغکردنی پۆلەکانی دوای خۆیان، بەم جۆرە مامۆستا ناتوانێت هەقی تەواو بداتە هەموو خوێندکارەکان، هەر بۆیە دواکەوتنی جیلێک و خراپ پەروەردەکردنیان کار دەکاتە سەر جیلەکانی دواتر.

ئاماژەی بەوەشدا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هەندێک خوێندنگە بە پاڵ خوێندکار دەردەچێنێت کە دەگاتە قۆناغەکانی ئامادەیی، قەڕەباڵغیەکی زۆر لەناو هۆڵەکانی خوێندن دروست دەبێت هەروەها خوێندکارەکان ئاستی زانیارییان زۆر خراپدەبێت.

دەربارەی هەڵەی ناو پرسیارەکانی وزاری، مامۆستا ژیان ئەوەی ڕوونکردەوە، ساڵانە هەڵە لەناو پرسیارەکاندا بەدی دەکرێت، ئەمەش مامۆستایان و چاودێرانی نیگەران کردووە داوا لە وەزیری پەروەردەش دەکات "ئەو لیژنە ڕاوێژکاریەی دانراوە بۆ وردبینی پرسیارەکانی وزاری پێویستە پێداچوونەوەی پیادا بکەیت".

دەشڵێت "هەتا ئێستا ئەو ئامادەکاریانەی کراون بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ ئەمساڵ هەنگاوی باشن، وەک گێڕانەوەی بابەتە تەرک کراوەکان و دەوامکردن بە شێوەی فول هەروەها کێشەی موچە چارەسەر کراوە و کۆرۆنا کەمتر بووەتەوە بەڵام هیواخوازین دووبارە لە دەستپیکردنەوەی خوێندن کێشەکان ڕوولە زیاد بوون نەبنەوە تا خوێندکاران زیانی زانستیان بەرنەکەوێت".