ترس، هۆکاری سەرەکی بەردەوامی گێچەڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

سیما یەکێکە لەو هەزاران ژنەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لێکراوە، پارێزەران و ڕێکخراوەکانیش هۆکاری سەرەکی بەردەوامی گێچەڵ و هەڕەشەکان بەرامبەر ژنان بۆ ترس دەگەڕێننەوە، لە هەر ١٠ کەیسێکی ڕێکخراوەکانیش پێنجیان کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- سیما ناوێکی خوازراوە، ژنێکی گەنجی ٢٤ ساڵە، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە ناوی یەکێک لە خزمەکانی سیماوە کەسێک پێگەیەکی تایبەت لە ئینستاگرام دادەنێت و فۆڵۆو بۆ سیما دەنێرێت، سیماش وادەزانێت خزمەکەیەتی و وەریگدەرێت.

 

ئەو کەسە هەر زوو وێنەکانی سیما دەبات و پێگەیەک بەناوی سیما دروستدەکات و وێنەکانی بڵاودەکاتەوە، هەڕەشەی گۆڕین و دەستکاریکردن و بڵاوکردنەوەی وێنەکانی سیما دەکات، ئەمەش سیما دەخاتە دۆخێکی سەخت و ناهەموارەوە، وەک خۆی باسی دەکات هەستێکی ناخۆشی هەبووە کە وتوویەتی دەستکاری وێنەکانی دەکات، ئەو کەسانەش دەیانەوێت ژنان لەکەداربکەن و کەسایەتیان بشکێنن.

سیما نمونەی هەزاران ژنی ئەم کۆمەڵگایەییە، کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە یاخود ناسراوەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشە دەکەن، ژنان بە گۆڕین و دەستکاریکردنی وێنەکان دەترسێنن، لەبەرامبەردا داوای پارە یاخود پەیوەندی سێکسی دەکەن.

 

گێچەڵی سێکسی بەرامبەر ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە کۆمەڵگای کوردیدا بووەتە بابەتێکی ڕۆتین بۆ ژنان، بەردەوام نامەیان بۆ دەنێردرێت، هەوڵدەدەرێت هەڵیانبخەڵيتێنن و واییان لێبکەن وێنەیان بۆ بنێرن دواتر وێنەکانیان لە دژیان بەکاردەهێننەوە، دەیانترسێنن و هەڕەشەیان لێدەکەن، ئەگەر پەیوەندی لەگەڵدا نەبەستن یاخود پارەیان بۆ نەنێرن ئەوا وێنەکانیان بڵاودەکەنەوە و "ئابڕوویان دەبەن".

 

لە ١٠ کەیس پێنجیان کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە

ئەم گێچەڵ و هەڕەشەیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام لە زیادبوون و گۆڕاندان، چەند ساڵێک پێش ئێستا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە دەکرا، ئێستا داوای پارە و پەیوەندی سێکسی دەکرێت.

 

هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی گێچەڵ و هەڕەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا چوار هەزار و ٩٦٩ پەیوەندی بەهێڵی گەرمی ١١٩ کراوە، کە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە نیوەی پەیوەندییەکان کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە یاخود هاککردنی پێگەکان لە ژنان دەکرێت.

 

هاوکات نازە شێروان، توێژەری کۆمەڵایەتی لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO ئاشکرای دەکات، کە گێچەڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لە زیادبووندان، ئەگەر مانگێک ١٠ کەیس بێتە بەردەستیان ئەوان پێنجی کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە، کە زۆرینەشیان ترسێندراون.

 

ژنان بەهۆی گێچەڵەکانەوە تووشی شڵەژانی دەروونی دەبن

نازە شێروان، لەبارەی دۆخی ئەو ژنانەی کە دێنە لایان و ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە ئاشکرای دەکات، ئەو ژنانە تووشی شڵەژانێکی دەروونی زۆر دەبنەوە، توشی ترس و تۆقین دەبن، بەهۆی ئەو وێنانەی کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لێدەکرێت لەناوزڕاندیان دەترسن، بۆیە هەندێک حاڵەت گەیشتووەتە ئاستی هەوڵی خۆکوشتن.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە باس لەوەدەکات، کە ئەوان هەوڵدەدەن ئەو کەسە ئارام بکەنەوە و دواتر هۆشیاری دەبارەی یاساکان و تۆمارکردنی سکاڵا پێدەدەن، کە بەبێ بڵاوبوونەوەی ناو دەتوانن لە ڕێگای پارێزەرەکانیانەوە هاوکارییان بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژنان دەترسن لەوەی ئەو کەسەی هەڕەشەی لێکردوون وێنەکانیان بڵاوبکاتەوە، سکاڵا تۆمار نەکەن، دەیانەێت پۆلیس ئەو کەسە دەستگیربکات یاخود پێگەکە بسڕێتەوە.

 

لەبارەی جۆری ئەو کێشانەی کە دێتە بەردەستیان، ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئەوەدەخاتەڕوو، زۆرجار هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە دەکرێت، یاخود لە ڕێگای کەسێکی ترەوە وێنەکانیان دەبرێت، کە داوای پارە یاخود پەیوەندی سێکسی دەکەن، ژنانیش نایانەوێت سکاڵا تۆماربکەن دەیانەوێت لە ڕێگای قسەکردنەوەی کێشەکانیان چارەسەرببێت.

 

لە کۆتایشدا ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ڕێگای یاسایی بە ڕێگەچارەسەر دادەنێت بۆ کێشەکان، هاوکات پێیوایە دەبێت لە ڕێگای ڕێکخراوەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە و خێزانەکانیش لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسێکی لەو جۆرەدا زانیارییان پێبدرێت ئەگەر ڕووبەڕووی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان بووەوە.

 

یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن

لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ یاسای ژمارەی ٦ دەرچووە کە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، هۆکاری دەرچواندنی ئەم یاسایەش گەڕێندراوەتەوە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە بەخراپ ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن، تا کاریگەری خراپ نەکرێتە سەر ئازادی و زانیاری تایبەتی کەسەکان.

 

لە ماددەی دووەمی یاساکەدا تاوان و سزاکە دیاریکراوە کە دەڵێت "هەر کەسێک بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یا ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی، بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن (قذف) یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، کە ترس پەیدادەکات یان دزەی بە گفتوگۆکردن یان وێنەی چەسپاو و جوڵاوو یان کورتی لە نامەی (مەسج) بڵاوکردەوە کە لەگەڵ خۆو ڕەوشتی گشتیدا ناگونجێن، یان بەبێ ڕوخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدڕەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە، کە بە هەر ڕێگایەک بێت چنگی کەوتن هەتا ئەگەر ڕاستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یاخود زیانیان پێبگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێ (حبس)، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، بە غەرامەیەکیش سزادەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت".

 

"با نەترسن و نەڵێن حەیام دەچێت"

پروشە قەلەندەر، پارێزەر لە دادگای سلێمانی، باس لەوەدەکات کە کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرن، ڕۆژانە پەیوەندییان پێوەدەکرێت، داوای ڕێنماییان لێدەکرێت، لەسەرجەم تەمەنەکان و لە هەردوو ڕەگەزیشدا تووشی ئەم گێچەڵە دەبنەوە، زیاتر لە تەمەنە مێردمنداڵەکاندا هەیە.

 ئەو پارێزەرە باس لە سەرەتایی کێشەکان دەکات، کە زۆرینەی کات ئەو کەسە سەرەتا بەبێ ئەوەی لە واقیعدا کەسەکە بناسێت دەیکاتە هاوڕێی خۆی و متمانەی پێدەکات و وردەکاری ژیانی بۆ دەنێرێت، پێی دەڵێت کە متمانەیەکی زۆری بەو کەسە هەیە و نهێنی خۆی پێدەڵێت، ئەمەش کێشەکان گەورەتر دەکات.

 

ئەو پارێزەرە ئەوەشدەخاتەڕوو، کە ئەو کەسانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدات وا دەزانێت لەبەر ئەوەی ڕووبەڕوو نەبووە بە تاوان ئەژمار ناکرێت، بەڵام لە یاسادا تاوانە، هەروەها چەندین کەیسییان هەبوو کە پەیوەندییەکان لە جیهانی ئینتەرنێتدا نەماوەتەوە بەڵکو چووەتە ژیانی واقیع، دواتر ئەو کەسە هەڕەشەی کردووە.

 

پروشەی پارێزەر ئامۆژگاری ژنان دەکات کاتێک ڕووبەڕووی گێچەڵ دەبنەوە با نەترسن و نەڵێن "حەیام دەچێت" وێنە و نامەکان نەسڕنەوە، بچنە نزیکترین بنکەی پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکەن، دواتر بچێتە لای پزیشک و ڕاپۆرتی پزیشکی بکات تا دواتر بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدا بێت و مافی خۆی وەربگرێتەوە.

 

ت.پ