سەرەڕای فەرمانی ڕاوەستاندنی کانگایەکی خەڵوز لە وان لە کارەکانی بەردەوامە

سەرەڕای بڕیارێکی فەرمی بۆ ڕاگرتنی بۆ ماوەیەکی نادیار، کانگای خەڵوز لە پارێزگای وان بەردەوامە لە کارەکانی، چالاکوانانی ژینگەپارێزی دەڵێن: لە نێوان سزادانی ملیۆنان لیرە، پێشێلکارییەکانی ژینگەو ئاو، زیانگەیاندن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەردەوامە.

مەميهان هیلبين زەيدان

 

وان ـ کانگا خەڵووزەکە کە لەلایەن کۆمپانیای "Vefa Group"ـەوە لە گوندی "شامانیس" لە پارێزگای وان بەڕێوەدەبرێت، لەبەر زیانە ژینگەیییەکان و بڕیارە کارگێڕییەکانی دەرچوو لەسەری، جارێکی دیکە بووەتە جێگەی سەرنج، تۆمارەکانی وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا لە تورکیا و بەڵگەنامەکانی ئەنجومەنی گەورەی نەتەوەیی تورکیا (پەرلەمانی تورکیا) دەردەخەن کە بەڕێوەبەرایەتی کانگاکە ڕووبەڕووی چەندین ڕوشماری کارگێڕی بووەوە، جا چ لە پەیوەندی لەگەڵ پرۆسەی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED)دا بێت یان لەژێر سێبەری یاسا ژینگەیییەکاندا.

 

بەپێی وەڵامی موراد کوروم، وەزیری ژینگە و پلاندانانی شار و گۆڕانی کەشوهەوا، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بۆ ئەو پرسیارە پەرلەمانییەی کە لەلایەن سینان چیفت یۆروک، جێگری پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) بۆ پارێزگای وان، پێشکەشی کردووە، کانگای خەڵوز لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، تا بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی پارێزگای وان، دواتر لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ پشکنینێکی دیکەی بۆ کرا، لەلایەن گروپەکانی وەزارەتەوە.

 

لە کاتی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە کۆمپانیاکە پێش تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED)، بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی لە پڕۆژەی فراوانکردنی توانای بەرهەمهێناندا، لەسەر ئەم بنەمایە، سزای غەرامەی کارگێڕی بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێنرا و بڕیاردرا بە ڕاگرتنی چالاکییەکانی پەیوەست بە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان تا ئەو کاتەی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی تەواو دەبن.

 

هەروەها لەو وەڵامەی وەزارەتدا، کە بۆ پەرلەمان نێردراوە، هاتووە کە ئەو پشکنینانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی پارێزگای وانەوە ئەنجام دراون، پێشێلکاریی دیکەی ژینگەییشیان ئاشکرا کردووە، لەسەر بنەمای ماددە جیاوازەکانی یاسای ژینگە، غەرامەی کارگێڕی بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێنرا، بە پشتبەستن بە ماددەی ١٥هەمی هەمان یاسا، بڕیاردرا بە "ڕاگرتنی چالاکییەکانی دامەزراوەکە بۆ ماوەیەکی نادیار".

 

بۆچی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی ڕاگیرا؟

کۆمپانیای "Vefa Group" دەستپێشخەری ڕێکاری نوێی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی کردبوو بە مەبەستی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کانگای خەڵووزی ئێستا و دروستکردنی دامەزراوە بۆ وردکردن، ڕیزکردن، شوشتن و پاکەتکردن، لەگەڵ دروستکردنی دامەزراوەیەک بۆ کۆکردنەوە و گلدانەوەی پاشماوەکان.

 

بەڵام وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ بڵاوی کردەوە، کۆتاییهاتنی بە ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی تایبەت بە پڕۆژەکە ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە واتا ئەوە نادات کە پڕۆژەکە لە ڕووی ژینگەیییەوە بە گونجاو دانراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی پێش تەواوبوونیان راگیراون.

 

وەزارەت لە وەڵامە فەرمییە دواکەوتووەکەیشیدا، کە پێشکەشی پەرلەمانی کرد، دووپاتی کردەوە، کە ئاشکرا بووە کۆمپانیاکە پێش تەواوبوونی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی، دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی چالاکییەکانی فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان.

 

خشتەی کاتیی چالاکییەکانی کانگا

تۆمارە فەرمییەکان و ئەو زانیارییانەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کراونەتەوە، دەریدەخەن کە ڕێڕەوی پڕۆژەکە بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵی ٢٠٢٢سلدا، کۆمپانیای "Vefa Group" بە بەکارهێنانی ڕێبازی کانگا کراوە، دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی خەڵووزی قاوەیی (لێگنیت) لە ناوچەی بايزافا (گوربینار)، لە هەمان ناوچەی مۆڵەتنامەکەدا، کۆمپانیاکە ڕێکاری نوێی بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED) دەستپێکرد بە مەبەستی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان، دروستکردنی دامەزراوەی وردکردن، ڕیزکردن، شوشتن و پاکەتکردن، دامەزراوەیەک بۆ کۆکردنەوە و گلدانەوەی پاشماوەکان.

 

لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤دا، کۆتایی بە ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی تایبەت بە پڕۆژەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان هێنرا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، پشکنینەکانی وەزارەت ئاشکرایان کرد کە کۆمپانیاکە چالاکییەکانی پەیوەست بە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی پێش تەواوبوونی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی ئەنجامداوە.

 

لە سەروو ئەوەوە، غەرامەی کارگێڕی بە ملیۆن لیرە بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێنرا و بڕیارێک دەرچوو بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی پەیوەست بە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان، لەگەڵ ڕاگرتنی خودی کارەکانی دامەزراوەکەش.

 

ڕووبەری ناوچەی مۆڵەتنامەکە نزیکەی دوو هەزار هێکتارە

بەپێی پەڕاوی ناساندنی پڕۆژەکە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەلاندرا، ڕووبەری ناوچەی کانگاکە کە دەگرێتەوە نزیکەی هەزارو ٩٦٧ هێکتارە.

 

پلاندانرابوو پڕۆژەکە بە شێوازی کانگای کراوە بەڕێوەبچێت، بە بەرهەمهێنانی ساڵانەی نزیکەی ٣پپ هەزار تەن خەڵووزی قاوەیی (لێگنیت)، لە کاتێکدا قەبارەی پاشماوەکانی کانزاسازی (تەپۆڵکە بەردییەکان) بە نزیکەی دوو ملیۆن و٧٠٠ هەزار تەن خەمڵێنرابوو، تەمەنی کارپێکردنی کانگاکەش بە ٩ تا ١٠ ساڵ دیاری کرابوو.

 

بەڵام پڕۆژەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان کە لە ساڵی ٢٠٢٤ خرایەڕوو، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی بەرهەمی ساڵانە بوو بۆ چەند ملیۆن تەنێک.

 

چالاکییەکان هێشتا بەردەوامن

بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەرچوو لە وەزارەتەوە دەریدەخەن کە بڕیارێک هەیە بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی دامەزراوەکە بۆ ماوەیەکی نادیار. بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەست ڕای گشتیدان زانیاری تێدا نییە سەبارەت بە:

 

ـ مێژووی جێبەجێکردنی بڕیاری ڕاگرتن لەسەر زەوی و زار، ئایا کۆمپانیاکە تانەی لە بڕیارەکە داوە لە دادگا، بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای بەدەستهێناوە، ڕێگەی پێدراوە دوای لابردنی پێشێلکارییەکان دەست بە چالاکییەکانی بکاتەوە.

 

لە بەرامبەردا، دانیشتووانی ناوچەکە و ڕێکخراوە ژینگەیییەکان دووپاتی دەکەنەوە، کە چالاکییەکانی کانگاکە هێشتا لە شوێنەکە بەردەوامن و ئەم چالاکییانە دەبنە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژینگەیی.

 

"سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکرێن"

شەهریبان تۆللو، ئەندامی کۆمەڵەی ژینگەی وان، رایگەیاند، کە چالاکییەکانی کانگاکە لە سەرانسەری باکووری کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا خێراتر بوون و وتی: کارەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا لە ئامەد، ئیلیە و سێرت چڕتر بوونەتەوە، لە کاتێکدا کارەکانی دەرهێنانی خەڵووز، مس و زێڕ لە وان، جۆلمێرگ و دێرسیم زیادیان کردووە.

 

ئاماژەی بەوەش دا، کە کانگای خەڵووزی قاوەیی (لیگنیت) کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە بایزافا (گوربینار) کرابووەوە، لە ساڵی ١٩٩٧دز دوای شەپۆلی کۆچکردن لە ناوچەکە داخرا، بەڵام کۆمپانیای "Vefa Group" لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەستیکرد بە دەرهێنانی خەڵووز لە شوێنێکی نزیک کانگا کۆنەکەدا.

 

ڕوونی کردەوە، کە کانگاکە هێشتا بە شێوازی کانگای کراوە کار دەکات،  ئەم چالاکییانە زیانی قورس بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوەکانی ئاو دەگەیەنن و وتی: سەرچاوەکانی ئاوی نزیک کانهاکە رووبەڕووی پیسبوون دەبنەوە، ئەم ئاوە بۆ ئاژەڵ و هەروەها بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنرێت، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە کە لە بژێویی ژیانیاندا پشت بە ئاژەڵداری دەبەستن، هەروەها ناوچەی بایزافا بە زەوی کشتوکاڵی بەپیت و داپۆشراوی سەوزایی دەوڵەمەندە ، دەشتاییەکانی نۆردوز بایەخێکی گەورەیان هەیە بۆ کەرتە ئاژەڵدارییەکە.

 

"خەڵک ناچار بە کۆچکردن دەکرێن"

شەهریبان تۆللو ئاماژەی بەوەش دا، کە پاشماوەی کانگاکە فڕێ دەدرێتە ناو زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرەنی لەسەر سەرچاوەی بژێویی دانیشتووان دەبێت وتی: کانگاکە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بە کرێ دراوە، ئەو خەڵووزەی دەرهێنراوە لە ڕووبەرێکی نزیکەی هەزار و ٩٦٧ هێکتارەوە بە دەزگا و سندوقەکانی هاوکاری و هاودەنگی کۆمەڵایەتی دەفرۆشرێت، بەهۆی چالاکییەکانی کانگاکەوە، دانیشتووانی گوندەکانه دەوروبەریی ڕووبەڕووی قورسیی زیاتر دەبنەوە لە دابینکردنی بژێویی ژیانیان، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی کۆچی زۆرەملێ، سەرەڕای قەبارەی وێرانکاری ژینگەیی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت، ئێمە پێمان وایە سزاکان و ڕێکارە پێویستەکان بەو شێوەیەی داواکراوە جێبەجێ ناکرێن.

 

جەختی لەسەر پێویستی خستنەژێر چاودێری سەربەخۆی چالاکییەکانی کانگاکەی کردەوە و وتی: پێویستە ڕاپۆرتی سەربەخۆ ئامادە بکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی، پشکنینی خولی لەلایەن دەزگا سەربەخۆکانەوە ئەنجام بدرێت، و ڕەزامەندی دانیشتووانی خۆجێیی بەدەست بهێنرێت، تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی هاوچەرخ کە ڕەچاوی پاراستنی ژینگە دەکەن بەکاربهێنرێن، بەڵام ڕاستیی ئەمڕۆ دەریدەخات کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و بەدواداچوونی قازانج باڵ بەسەر بەرژەوەندی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیدا دەکێشن.