چاودێری کۆمەڵایەتی؛ ئەرکی زۆر و خزمەتی کەم

زیاتر لە ٦٠ منداڵ لە خانەی چاودێری کۆمەڵایەتیدا هەن، بەڵام حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار گرنگی تەواویان پێنادات، خێرخواز و چاودێرەکانیان هەوڵی پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانیان داوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- منداڵان یەکێک لەو توێژەی کۆمەڵگەن کە پێویستیان بە چاودێری تایبەت و خزمەتکردن هەیە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، بەڵام کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەشێک لەو منداڵانە لە نازی خێزان و دایک و باوکیان بێبەش بن و لەناو خانەکانی چاودێری کۆمەڵایەتیدا ژیانیان بەسەر ببەن، دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان و پڕکردنەوەی سۆز و خۆشەویستیان ئەرکی حکومەت و چاودێرەکانیانە، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری و ڕەوشی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکاری ئەوەی خێرخواز دەستی بەو بەڕێوبەرایەتیەوە بێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، دەربارەی دۆخی منداڵانی ناوەندەکە بۆ نوژنها دوا.

 

"زیاتر لە ٦٠ منداڵ لە چاودێری کۆمەڵایەتیدا هەن"

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، دەربارەی ڕەوشی منداڵان و گەنجان و کەموکورتییەکانی خانەکەیان ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی خانەی منداڵانی کچ و کوڕ، منداڵی ساوا و گەنجانی تیادایە، خانەکان ئەو منداڵانە لە خۆدەگرن کە بەهۆی ڕووداوێک لە ژیانیاندا تووشی کێشە دەبن، یاخود دایک و باوکیان جیادەبێتەوە و هیچ کامێک لە دایک و باوکیان منداڵەکە لە خۆناگرن.

 

ژیار جەلال باسی لەوەشکرد، ئەو منداڵانە کاتێک دێنە بەڕێوەبەرایەتییەکان بە پێی تەمەن و ڕەگەزیان جیادەکرێنەوە، هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین کراوە، ماڵێک بە هەموو پێداویستییەکەوە چۆن بۆ منداڵێک پێویستە، بەو شێوەیەش لەو خانانەدا ئەو پێداویستیانە دابینکراوە، وتی: لە خانەی منداڵاندا لە ئێستادا نزیکەی ٦٠ منداڵ هەیە کە بە پێی تەمەن و ڕەگەزیان جیاکراونەتەوە.

 

"بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە بووەتە هۆکار بۆ بێلانەبوونی منداڵان"

ئەو بەڕێوەبەرە ڕوونیکردەوە، تا تەمەنی ١٨ ساڵی منداڵەکان لەناو خانەکاندا دەژین، ئەگەر بەردەوام بێت لە خوێندن لەناو خانەکاندا دەمێنێتەوە، ئەگەریش بەردەوام نەبێت لە خوێندن هەوڵدەدەن شوێنێکی کارکردنی بۆ دابین بکەن، جگە لەوەش هەوڵ دەدەن جێگەی مانەوەی بۆ دابین بکەن، ئەمەش بۆ هەردوو ڕەگەزە بە بێ جیاوازی، دەشڵێت: تا دێت حاڵەتە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبێت لە کۆمەڵگەدا، منداڵان بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەهێندرێنە خانەکان، جگە لەوە جیابوونەوەی هاوژینەکان لە یەکتر کاریگەری زۆری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو منداڵانی لە خانەکاندان.

 

ژیار جەلال باسی لەوەشکرد، هەندێک لە دایکان و باوکان لەکاتی بوونی کێشە و جیابوونەوەیان هیچ کامیان منداڵەکە لە خۆیان ناگرن و نایانەوێت، بەش منداڵەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکی خراپی دەروونیەوە، چونکە ئەو منداڵە لە ژیانیدا بەر چەند زەبرێک دەکەوێت، زەبری یەکەمی ئەوەیە کە دایک و باوکەکە نایانەوێت، زەبری دووەمی ئەوەیە کاتێک دەچێتە ناو خانەکانەوە لەگەڵ کەسانێکدا دەژی کە هەرگیز بەرکەوتنی نەبووە لەگەڵیاندا و بەمەش تووشی حاڵەتی دەروونی خراپ دەبێت.

 

"هەندێک منداڵ بەهۆی خراپی حاڵەتی دەروونیانە و کێشەی تەندروستیان خێزانەکان بەخێویان ناکەن"

ژیار جەلال لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، منداڵان لەناو خانەکاندا بەر کۆمەڵێک کەس دەکەوێت کە دەبنە جێگرەوەی خێزانەکەی، بەمەش زەبری دەروونی دروست دەبێت بۆ ئەو منداڵە و وتی: ناتوانین بڵێین بە تەواوەتی توانیومانە کار بکەین بۆ ئەوەی فشاری دەروونی سەر منداڵەکان کەم بکەینەوە، بەڵام هەوڵمانداوە هەموو کەموکورتییەکانیان بە ڕێگای جیاواز پڕ بکەینەوە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت هەست بە ئارامی بکات، چونکە دواجار کاریگەری دەبێت لەسەر کاتی گەورەبوونی.

 

ژیار جەلال ڕوونیکردەوە، دادەکانی کە خزمەت بە منداڵەکان دەکەن خولی جیاواز دەبینن بۆ ئەوەی شێوازی مامەڵەی گونجاو فێرببن و خزمەت بە منداڵەکان بکەن، چونکە هەندێک منداڵ کە دەچێتە ناو خانەکانەوە خۆی نەخۆشە و حاڵەتی دەروونی یاخود تەندروستی باش نییە شەلەل دەماخیان تێدایە، یاخود ئۆتیزم و کێشەی حاڵەتی ژیری هەیە، وتی: زۆر کات کە منداڵەکەیان هێناوە بەهۆی ئەوەوە بووە کە منداڵەکە نەخۆش بووە و هیچ کام لە دایک و باوکەکە ئامادە نەبوون بەخێوی بکەن، بە هەمان شێوە دەبرێنە سەنتەری تایبەت بە چارەسەرکردنیان.

 

"موچە نییە و خێرخواز بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوە دەبات"

ژیار جەلال، دەربارەی نەبوونی مووچە و کاریگەری دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی وەک هەر شوێنێکی دیکە نییە بەهۆی بێ موچەییەوە بتوانێت دەرگاکەی دابخات، بەڵکو فەرمانبەرانی خانەکە کە ماوەی چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە وەک خۆبەخش کاریان کردووە، فەرمانبەران و دادەکان سەرەڕای ئەو خزمەتە مرۆڤانەیەی دەیکەن بەو منداڵانە بەڵام مووچەیان پێنادرێت و دەرماڵەی پێویستیان نییە.

 

ژیار جەلال وتی: ئەگەر ئێمە خانەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان چۆڵ بکەین ئەوا کێ ئاگای لەو منداڵانە بێت، ئێمە وەک خێزانی یەک مامەڵە دەکەین، کەموکورتی زۆرمان هەیە و حکومەت خۆی بە بەرپرسیار نابینێت و خێرخواز بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوەدەبات، لەکاتێکدا ئەرکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە سەرجەم کەموکورتییەکان بۆ ئەو بەڕێوبەرایەتییە دابین بکات و گرنگی بدات بە فەرمانبەران و منداڵەکانی، نەک ڕێکخراوەکان و خێرخوازان هەوڵی پڕکردنەوەی کەموکورتییەکان بدەن، چونکە ئێستا خزمەتیان دەکرێت، بەڵام لە ئاستی پێویستیدا نییە.