ژنانی ڕۆژنامەنووس: ساکینە جانسز بوو بە پێشەنگ بۆ ژنان

 ساکینە جانسز، ژنێکی شۆڕشگێڕ بوو، لەگەڵ هەڤاڵانی فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، هەمیشە خەباتی بۆ ئازادی خاک و ژنان دەکرد، ژنانی ڕۆژنامەنووسیش دەڵێن: ساکینە بوو بە پێشەنگێک بۆ ژنان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و لە کۆمەڵکوژییەکدا هەریەک لە پێشەنگانی تەڤگەی ئازادی ژنان، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کران، هەرچەندە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوە بوو دەنگی ژنان کپ بکات، بەڵام دوای ئەوە ژنان سوورتر بوون لەسەر خەباتکردن و درێژەدان بە ڕێبازی ساکینە جانسز. 

 

"ساکینە جانسز بوو بە هیوا بۆ ژنانی چواردەوری"

شایی ئارام، ڕۆژنامەنووسباسی لە خەباتی ساکینە جانسز "هەڤاڵ سارا" کرد کاریگەری لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد جێهێشتووە، وتیشی: کاریگەرییەکەی ئەوەیە، بەردەوام بین و کۆڵنەدەین لەسەر ئەو پەیامەی پێمانە، کە چۆن بتوانین کۆمەڵگەکەمان و ژنانی کۆمەڵگەش هۆشیار بکەینەوە، هەروەها درێژە بدەین بەو ڕێگەیەی لە پێناو ئازادیدا دروستبووە، هەروەک چۆن ساکینە جانسز لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەی لە زیندان بوو هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنانی دەدا بۆ ئەوەی بێ هیوا نەبن، هەمیشە هیوا بەخشبوو بۆ ژنانی چواردەوری، ئێمەش دەبێت ببین بە هیوا بۆ ژنانی کۆمەڵگە و تەسلیمی ئەو دۆخە نەبین کە بەسەرماندا سەپێندراوە.

 

"بە تیرۆرکردن دەنگی ژنانی ئازاد کپ ناکرێت"

شایی ئارام ڕوونی کردەوە، ئەو تیرۆرکردنەی لەناو جەرگەی وڵاتێکی بەناو دیموکراسی وەکو فەڕەنسادا کرا هەڤاڵ سارا و هاوڕێکانی کردە ئامانج، ئەم تیرۆرکردنانە دژی ژنانی پێشەنگ هەر هەبووە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام بەم تیرۆرکردنانە دەنگی ژنانی ئازاد هەرگیز کپ ناکرێت، دەڵێت: دوای هەڤاڵ سارا بە سەدان سارای تر لە دایک بوون و درێژە بە خەباتەکەی دەدەن، دەوڵەتی تورکیاش هەمیشە دژی دەنگی ئازادە و لە هەر شوێنێک ژنێکی پێشەنگ یان کوردێک هەبێت هەوڵی کپ کردن و لەناوبردنی دەدات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: ئامانجی تیرۆرکردنی هەڤاڵ سارا دەگەڕێتەوە بۆ ترسی دەوڵەتی تورکیا لە خەباتی ئەو ژنە تێکۆشەرە، کە چۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە و دەیتوانی پرسی کورد بەرەو پێش ببات، سیستمی سەرمایەداری هەموو شتێک دەکات بۆ مانەوەی خۆی، بۆیە ناتوانین بڵێین دەوڵەتی تورکیا بە تەنها توانیویەتی ئەو کارە تیرۆستیە بکات، بەڵکو دەوڵەتانی تریش هاوکاریان کردووە.

 

"پێویستە ژنان درێژە پێدەری ڕێبازی ساکینە جانسز بن"

شایی ئارام لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی ڕێبازی ساکینە جانسز بەردەوامی پێ بدەین پێویستە ژنانی کورد یەکگرتوو و یەک هەڵویست بن، "چونکە هەڤاڵ سارا و هاوڕێکانی هەمیشە بۆ یەکڕیزی ژنان و گەلی کورد هەوڵیان دەدا، بۆیە دەبێت ژنان لەسەر هەمان ڕێباز بن بۆ ئەوەی دژی ئەو سیستم و دەسەڵاتە بوەستنەوە کە بەسەر ژناندا سەپێندراوە.

 

"ساکینە جانسز میژووی کوردی لە فەوتان ڕزگار کردووە"

هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس لەبارەی ساکینە جانسزەوە وتی: ئێمە هەرچەندە باسی خەبات و تێکۆشانی ساکینە جانسز بکەین، هێشتا هەقی تەواوی پێ نادەین بۆ ئەو هەوڵانەی داویەتی بۆ ئازادی ژنان، هەروەها ئەو تێکۆشانەی کردویەتی بۆ پاراستنی خاك و کولتوور و زمانی کوردی، نووسینەوەی مێژووی ژنانیش هەمیشە لە لایەن پیاوانەوە بووە، بۆیە بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارانە نووسراوەتەوە و هەقی تەواویان بە تێکۆشانی ژنان نەداوە، بەڵام ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە ساکینە جانسز خۆی ژیان و مێژووی خۆی نووسیوەتەوە و ڕووداوەکان وەکو خۆی دەگێڕێتەوە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیە ژنێکی وەکو ساکینە جانسزمان هەبووە و توانیویەتی بە هەوڵی خۆی مێژوومان بپارێزێت.

 

"شەهیدکردنی ژنانی پێشەنگ ئێمە سوورتر دەکات لەسەر خەباتکردن"

هەوار محەمەد ڕوونی کردەوە، ئێمە ئەگەر لە پەرتوکەکەیەوە سەیری ژیانی ساکینە جانسز بکەین دەبینین هەر لە منداڵیەوە سیستەمی پیاوسالاری ڕەت کردووەتەوە و لەسەر فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوام بووە، هەمیشە دژی داگیرکاری وەستاوەتەوە بەتایبەتی ئەو سیاسەتەی تورکیا کە هەمیشە ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج، هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٣ دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری دەوڵەتانی تر ساکینە جانسز و هاوڕێکانی شەهید کرد، ئەمەش خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ ئێمەی کورد.

 

لە کۆتاییدا وتی: دەوڵەتی تورکیا دەیویست ئێمە بترسێنێت بە شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاورێکانی، بەڵام ژنانی ئازادیخواز زیاتر سوور بوون لەسەر بەردەوامیدان بە ڕێبازی ساکینە جانسز و توانیان هەنگاوێکی باش بنێن، دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لەو سیستمەی و بەردەوام ژنانی پێشەنگ و بە ئەزموون دەکاتە ئامانج، بەڵام ئەمانە زیاتر ڕێگای بۆ ئێمە کردەوە و وەکو ژنان لەناو ڕاگەیاندنی ئازاددا پێ هەڵگری تێکۆشانی شەهید ساکینە و هاوڕێکانی دەبین.