پەیمانگای تیم، پەیمانگایەک لە خزمەت منداڵانی بێ سەرپەرشت

تیم دیزاین پەیمانگایەکە لە خزمەت ئەو منداڵانەی بێ سەرپەرشتن و ئامانجیانە منداڵان پێبگەیەنن، تا لە داهاتوودا ببنە خاوەن پیشەی خۆیان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پەیمانگای تیم دیزاین یەکێکە لەو پەیمانگایانەی لە خزمەت منداڵانی بێ سەرپەرشتەوە دامەزراوە، ئیسرا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیمانگای تیم، دەربارەی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەکرد، سێ کەسن بیرۆکەی پەیمانگای تیمیان لە ساڵی ٢٠١٨دا دامەزراندووە، سەرەتا ئامانجیان بووە پەیمانگایەکی زمانەوانی بێت، بەڵام دواتر کە دەبینن منداڵانی بەشداربووی پەیمانگاکە باری داراییان خراپە، دوای بەدواداچوون بۆیان دەردەکەوێت ئەو منداڵانە بێ دایک و باوکن، لەوکاتەوە بڕیار دەدەن ئەم پڕۆژەیە جێگیر بکرێت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک.

 

ئیسرای بەڕێوبەر باسی لەوەکرد لە ئێستادا ٢٥٠ منداڵی بێ سەرپەرشتیان لایە، جگە لەو منداڵانە منداڵی دیکە ئەگەر بچنە پەیمانگاکە بڕێک پارەی کەمیان لێدەسەندرێت و ئەوەش بەکاردەهێندرێتەوە بۆ پڕۆژەکە، دەربارەی ئامانجی پڕۆژەکە وتی: ئامانجمانە ئەو منداڵانەی بێ سەرپەرشتن فێری خۆدروستکردنیان بکەین، فێری کارێکیان بکەین بتوانن لە داهاتوودا خۆیان دروست بکەن و بەهرەیەکیان هەبێت، لە کاتی گەورەبوونیان پشت بە کەس نەبەستن، تواناکانی خۆیان نەبێت.

 

"ئێمە ماسی نادەین بە منداڵەکان، فێری هونەری ماسی گرتنیان دەکەین"

ئیسرا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد ماسی نادەن بە منداڵەکان، بەڵکو فێری هونەری ماسی گرتنیان دەکەن و بازاڕ بۆ ماسییەکانیان دەدۆزنەوە، دەربارەی چالاکییەکانی ناو پەیمانگاکە و ئەو کارانەی فێری منداڵەکانی دەکەن ڕوونیکردەوە، چواردە چالاکی جیاواز فێری منداڵەکان دەکرێت وەک، فێربوونی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، کۆمپیوتەر، تەندروستی، وێنەکێشان، کاری دەستی، مەلەوانی و چالاکی مەدەنی.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵیانداوە دەستیان بگات بە زۆرترین منداڵانی بێ سەرپەرشت ئەویش لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراوانەی تایبەت بەو منداڵانە کار دەکەن و هاوکاریان دەکەن، هەروەها خانەی بێ سەرپەرشتانەوە و ڕیکخراوەکانی تایبەت بە دابینکردنی پێداویستی منداڵانی بێ سەرپەرشت، دەڵێت: هاتووچۆی منداڵان و خواردنیان، هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت لە پەیمانگاکەدا ئەویش لەلایەن خێرخوازانەوە کە بۆ هەر منداڵێک مانگانە بڕی ٥٠ هەزاریان بۆ دابین کردوون، بەداخەوە تا ئێستاش نە حکومەت نە هیچ حزبێک هاوکاری پڕۆژەکەیان نەکردووە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئامانجمانە نەک تەنها لە شاری هەولێر و سلێمانی، بەڵکو لە هەموو شارەکانی کوردستان بنکەمان هەبێت، چونکە لە شاری هەولێریش بنکەمان هەیە و نزیکەی ٣٠٠ منداڵی لە خۆگرتووە، دەمانەوێت بیکەینە قوتابخانەیەکی نمونەیی بۆ ئەو منداڵانە.

 

"داهاتی بەرهەمە هونەرییەکان بۆ منداڵەکانە"

نەسرین ئەحمەد، مامۆستای هونەرە لە پەیمانگای تیم، ماوەی شەش ساڵە لەو پەیمانگایە خزمەت دەکات، بە بەردەوامی هەوڵی داوە منداڵەکان فێری بەهرەیەکی نوێ بکات، فێری کاری دەستی و وێنەکێشانیان بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو منداڵانە سود لەو بەهرەیە وەربگرن و لە ژیانی تایبەتی خۆیان بەکاری بهێننەوە و بیکەنە پیشەیەک بۆ خۆیان، کارە هونەرییەکانیان بریتییە لە 'بەکرە و بزمار، بەرد، مۆم، وێنەکێشان، کاری گۆڵد، گوڵی سری دی، جەستەی مرۆڤ لەسەر شوشە و چەندین کاری دیکە'.

 

مامۆستا نەسرین وتی :خوێندکارەکان وایان لێهاتووە بە بەردەوامی حەزیان بە نوێگەرییە و داوای کاری تازە دەکەن، هەر جۆرە هونەرێکیان فێر دەکەم بە کەمترین کات فێری دەبن، زۆر حەز بە وانەی هونەر دەکەن، ڕوونیشی کردەوە لە پەیمانگاکەیاندا پێشانگایەکی تایبەت بە کاری هونەری منداڵەکان هەن کە هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی بکەن و چیان بە دڵە بیکڕن، یاخود لە فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکەن و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، تەواوی داهاتی بەرهەمەکانیش بۆ منداڵەکانە و خزمەتی خۆیانی پێدەکرێتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی حەز بەو بەرهەمە هونەریانە دەکەن و دەیانکڕن بەتایبەتی کاری بەردەکە کە خواستی زۆری لەسەرە.

 

منداڵان دڵخۆشن بەوەی کار دەکەن و بەرهەمەکەی دەخۆن

سەنا حەکیم، یەکێکە لە منداڵانی پەیمانگای تیم، ماوەی دوو ساڵە لەو پەیمانگایە دایە، وتی: لە وەرزی هاویندا لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ سەردانی پەیمانگاکە دەکەین، بەڵام لە وەرزی زستان و بەهۆی خوێندنگەوە لە هەفتەیەکدا یەک ڕۆژ سەردانی پەیمانگاکە دەکەین، لە پەیمانگاکە بوونە بە هاوڕێ و پێکەوە کاری دەستی دەکەن، فێری کۆمەڵێک شتی تازە بوونە و سودی لێوەردەگرن و دەتوانن لە داهاتوودا بەکاری بهێننەوە.

 

شێوە هێمن، یەکێکی دیکەیە لە منداڵانی ناو پەیمانگاکە و ماوەی حەوت ساڵە لە پەیمانگاکە دایە و دەڵێت: ماوەی حەوت ساڵە فێری زۆر شت بووم کە لە ژیانمدا سودم لێوەرگرتووە، بە درێژایی ئەم حەوت ساڵە تەنها لەسەر یەک بەرهەم کارمان نەکردووە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ شتی تازە فێردەبین، وە داهاتەکەشی بۆ خۆمانە و سودی هەیە بۆ داهاتووش، کە دەتوانین بیکەینە کارێک بۆ خۆمان.