کردنەوەی خولی پەرستاری بۆ دانیشتوانی کامپی وەشۆکانی

ژنانی بەشداربووی خولی پەرستاری کامپی واشۆکانی ئاماژەیان بە گرنگی ئەم خولانە کرد، بۆ ئەو ژنانەی کە لە کامپەکەدا نیشتەجێن و بە دەست بارودۆخی سەختی ژیانەوە دەناڵێنن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- دەستەی ژنانی ئازاد لە کامپی واشۆکانی کاردەکات بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕاهێنانی ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن و هەلی کاریان بۆ دابین بکەن.

 

دەستەی ژنانی ئازاد لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ گەشەپێدانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان دامەزرا، دواتر بە کارکردن بە دروشمی "ژنانی ئازاد، بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازادن" چالاکییەکانی لە بواری تەندروستیدا فراوانتر کرد لە کامپی وەشۆکانیش دەستەکە لە ساڵی ٢٠١٩ کرایەوە و خولە جیاوازەکانی بۆ ژنان بەڕیوە دەبات.

 

جەواهیر عەزو، ئەندامی دەستەی ژنانی ئازاد، خۆی خەڵکی سەرێکانییە و لە کامپی واشۆکانی نیشتەجێیە، وتی: دەستەی ژنان لە کامپەکەدا کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردن و پەروەردەکردنی ژنانی ئاوارە لە ڕووی دەروونی و توانای خۆپێشخستن و کارەوە، تا بەسەر ئەو ئازارانەدا زاڵ بن کە لەناو کامپەکەدا پێیدا تێدەپەڕن و ڕۆڵێکی کاریگەریان لە کۆمەڵگەدا هەبێت.

 

جەواهیر عەزو ئامانجەکانی خۆیانی خستەڕوو و وتی: ماوەی سێ ساڵە لە دەستەی ژنان کار دەکەم، هەوڵیش دەدەین بۆ گەیشتن بە هەموو ژنانی کامپەکە بە ئامانجی هاوکاریکردنیان، پەروەردەکردنیان و فێرکردنی پیشەی جیاوازیان، لە ڕێگەی کۆمۆنەکانی ناو کامپەکەوە ژنان کۆدەکەینەوە و خولی ڕاهێنانی هزری، پیشەیی و تەندروستییان بۆ دەکەینەوە، خولی خوێندەواریش دەکرێتەوە و کەسانی سەرکەوتوو بڕوانامەیان پێدەدرێت.

 

ئامانجمان فێر کردنی ژنانە

دووپاتیشی کردەوە، ئامانج لە خولەکانی پەرستاری فێرکردنی هەموو فریاگوزارییە سەرەتاییە پێویستەکانە بە ژنانی کامپەکە، ئامانجمان ئەوەیە ژن لە ماڵەکەی خۆیدا پەرستار بێت، هەموو فریاگوزاری سەرەتایی فێربێت، لەڕووی چۆنیەتی مامەڵەکردنەوە بە گەرما و دەرزی، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچینە خاڵە پزیشکییەکان یان پزیشکێک لە دەرەوەی کامپەکە بێت، هیواداریشین ڕێکخراوە دەرەکییەکان پشتگیریمان بکەن.

 

سابرین ئەحمەد، ماوەی چوار ساڵە دانیشتووی کامپی واشۆکانییە و ڕاهێنراوی خولی پەرستارییە، وتی: لە ئاوارەکانی کامپەکەوە بیستوومە کە خولێکی پەرستاری هەیە، کە لەلایەن دەستەی ژنانی ئازادەوە پێشکەش دەکرێت، بۆیە خۆم تۆمار کرد و بەشداریم لە وانە پراکتیکی و تیۆریەکان کرد، لە ڕێگەی ئەم خولەوە فێربووم پەستانی خوێن و پلەی گەرمی، دەرزی و ...هتد بپێوم و فریاگوزاری سەرەتایی بکەم، هیوادارم زیاتر بزانم تا بتوانم ببمە پەرستارێکی سەرکەوتوو کە یارمەتی خێزان و هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیەتی بدەم.