جەژنی سەری ساڵ بە کاری دەستی ژنان دەڕازێندرێتەوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی سەری ساڵ و جەژنی کریسمس، خێزانەکانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی خێزانە کریستیانیەکان خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ئامادە دەکەن، ساڵانە شارەکە بە کاری دەستی و خواردنی ژنان دەڕازێندرێتەوە.
ئەسما محمد
قامیشلۆ– ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگەکانی جەژنی کریسمس و سەری ساڵ بە ڕازاندنەوەی شوێنەکان و ڕێکخستنی ڕووناکی و دانانی درەخت یان دیکۆراتی ناوەندی و بە وردی هەڵبژاردنی ڕەنگەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ کەشوهەوای جەژندا بگونجێت دەست پێدەکات، وردەکارییەکانی دیکەش بەدوایدا دێت، وەک ئامادەکردنی شیرینی و زیادکردنی بچووک کە ئاهەنگەکە خۆشتر و گەرمتر دەکات، ئەزموونەکە تەواو دەکات و هەموو بۆنەیەک دەکاتە یادگاریەکی جوان بۆ هەمووان.
"پێشخستنی کولتووری کاری دەستی"
کریستینا سەهدو لەو کاتەوەی دەستی بە دروستکردنی ئیکسسواراتە سادەکانی وەک مەدالیای کلیل و پیتی بچووک کردووە، ئەو کەرەستە سەرەتاییانەی کە دەستی پێکردووە زۆر سادە بوون – تەنها دەزوو و موورو – بەڵام ئەو خۆشییەی هەستی پێکردووە لە گۆڕینی ئەم پارچە بچووکانە بۆ بەرهەمێک کە بە دەستی خۆی کاری لەسەر کردووە.
سەرەتاکانی خۆی بە "سادە" پێناسە دەکات، بەڵام ڕەنگدانەوەی سۆز و خۆشەویستییەکەی بوو بۆ وردەکارییە وردەکان لە تەمەنێکی گەنجیەوە، وتی: هەمیشە دڵنیابوومەوە کە هەموو شتێک ڕێک و پێک بێت، هەروەک چۆن حەزم لە هەموو شتێکە لە ژیانی ڕۆژانەمدا ورد و ڕێک و پێک بێت، گرنگی بە هەموو وردەکارییەکی بچووک دەدەم، پێموایە شارەزایی لە وردەکارییەکان نهێنی سەرکەوتنە لە هەموو کارێکدا، هەروەها ئەم وردبینییە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و شێوازی بیرکردنەوەی منە لە هەموو لایەنەکانی ژیانمدا.
بۆ ئەو کاری دەستی تەنها دروستکردنی شتی جوان نییە، ئەوان ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و شێوازی بیرکردنەوەی ئەون، وتی: وردەکارییە بچووکەکان ئەوانەن کە جیاوازی دروست دەکەن و هەر پارچەیەک دەست لێدانی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمەش لە هەموو پارچەیەکی دیکەی جیای دەکاتەوە، گەورە بووم و خەونم بەوە دەبینی کە شوێنی تایبەت بە خۆم هەبێت کە بتوانم خۆم تێیدا دەرببڕم و توانا و لێهاتووییەکانم پیشان بدەم، ئەمە پاڵنەرێکی سەرەتاییە کە لە پشت ئەوەوەیە بەدواداچوون بۆ کاری دەستی بکەم، ئەم خەونە تەنها بیرکردنەوەیەکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو هەستێکی قووڵ بوو کە بەردەوام پاڵم پێوەدەنێت بۆ هەوڵدان بۆ داهێنان و باشی، پاڵنەرێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵەنگاریەک کە ڕەنگە بێتە بەردەمم.
لە کاتێکدا ڕەنگە وا دابنرێت کە کاری دەستی سادەیە و بۆ هەموو ژنان دەستدەکەوێت، کریستینا سەهدو وتی: ئەم ڕێگایە ئاسان نییە، بەڵام من بە پشتیوانی خێزانەکەم خۆڕاگر بووم.
ئیلهام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و پەیڕەوی لە نوێترین ڕەوت و بیرۆکەی داهێنەرانە دەکات، بەڵام زۆربەی ئەو پارچانەی کە دروستی دەکەم بە تەواوی دیزاینی خۆمن، سەرەتا لە مێشکمدا بە چاوی خۆم دەیانبینم، بە وردی پلان بۆ قۆناغەکانی دروستکردنیان دادەنێم، دواتر کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکەم هەنگاو بە هەنگاو، سەرنج دەخەمە سەر بچووکترین وردەکارییەکان بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی هەر پارچەیەک و تیشک خستنە سەر تایبەتمەندییەکانی، بۆ من هەموو دیزاینێک گەشتێکی هونەرییە کە بە بیرۆکەیەکی بچووک دەست پێدەکات و بە پارچەیەکی ناوازە کۆتایی دێت کە دەست لێدانی کەسیمە، وا دەکات هەموو کەسێک کە دەبێتە خاوەنی هەست بە خۆشی و تایبەتمەندی بکات.
ئاهەنگەکانی سەری ساڵ گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ کۆمەڵگەی سریانی، بۆ ژنێکیش کە لە بواری دیزایندا کاردەکات، بەرپرسیارێتی و کارەکە لەگەڵ خۆشی جەژنەکەدا تێکەڵاون، بۆیە کریستینا سەهدو وردبینە لە پلاندانان بۆ کارەکانی بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی و تەواوکردنی لە کاتی خۆیدا، وتی: پێم باشە پارچەکان زۆر پێش جەژن ئامادەبن، نەک تەنها بۆ نمایشکردن، بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانم هەموو وردەکارییەک تاقیبکەمەوە، ئەمەش هەستێکی دەستکەوت و ڕەزامەندیم پێدەبەخشێت.
هەروەها باسی لە بەشداریکردنی خۆی کرد لەو پێشانگایەی کە لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکخرابوو، وتی: بەشداریکردن لە پێشانگاکە بۆ من زیاتر لە واتایەکی هەیە، هەستم دەکرد کارەکانم دەبنە پەیامی پەیوەندی، ئەم ئەزموونە هەستێکی نایابی پێبەخشیم، هەموو ساتێک کە بە ئامادەکاری و دروستکردن بەسەری دەبەم تەنها کار نییە، بەڵکو بەشدارییەکی ڕاستەقینەیە بۆ بڵاوکردنەوەی جوانی و شادی لەنێو خەڵکدا، هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری کاری دەستی و هونەری ناوخۆیی.
وتیشی: هەموو ئاڵەنگاریەکی نوێ کە ڕووبەڕووی دەبمەوە دەرفەتێکە بۆ فێربوونی کارامەیی نوێ و باشترکردنی تواناکانم، خەون بە خاوەنداریەتی دوکانی خۆمەوە دەبینم، کە دەبێتە سەکۆیەک بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانم بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، پێموایە خۆڕاگری و ماندووبوون کلیلی سەرکەوتنن، و داهێنان هیچ سنوورێک ناناسێت، تەنها پێویستی بە سۆز و خۆبەخشی هەیە.
"لە سەردەمێکدا کە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە"
کریستینا سەهدو بە پشتبەستن بە ئەزموونی کەسیی خۆی، ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەو پاڵپشتییە ڕەوشتی و ماددییەی کچ لە خێزانەکەیەوە وەریدەگرێت، هەستێکی بەهێزی و متمانەی پێدەبەخشێت، هەروەها لەناو خۆیدا ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان دەگڕێنێتەوە، هەرچەندە قورس بێت، وتی: بەهۆی ئەم پشتگیرییەوە دەتوانم پەرە بە تواناکانم بدەم، ئاسۆکانم فراوانتر بکەم و خەونە گەورەکانم بەدەست بهێنم، هەست بە سوپاسگوزارییەکی قووڵ دەکەم بۆ خێزانەکەم، کە هەمیشە گەورەترین پشتیوانیم بوون، بوونی ئەوان لە تەنیشتمەوە تەنها پشتگیرییەکی کاتی نەبوو، بەڵکو ئەو بەردی بناغەیە بوو کە کەسایەتی و هێزی ناوەوەم لەسەری بونیادنا.
"پارچەیەک کە ڕۆحی هەموو بۆنەیەک دەگرێتەوە"
هاوکات ئەسرا لەحدو بهنان زیاتر لە دە ساڵە لە بواری دیکۆرات و دیزاینی بۆنەدا کاردەکات، گەشتەکەی لەم بوارەدا لە منداڵییەوە دەستی پێکردووە، دەستەکانم پارچەی دەستی دروست دەکرد و گۆشەکانی ماڵەکە دەڕازاندەوە، ئەمەش پشتگیری خۆشەویستی خێزانەکەم و پابەندبوونیان بوو بە دابینکردنی هەموو ئەو کەرەستە سەرەتاییانەی کە پێویستم بوو.
لەو ساتەوە ئارەزووی بۆ دروستکردن لەناخیدا لەدایک بوو، هەموو بیرۆکەیەکی گۆڕی بۆ کارێکی هونەری کە جوانی و خۆشی بۆ هەموو بۆنەیەک زیاد دەکات، جا چ ڕۆژی لەدایکبوون بێت، چ "معموديە" بێت، لەدایکبوون بێت، دەستگیرانداری بێت یان هاوسەرگیری، وتی: دەرفەتم بۆ ڕەخسا لە کارگەیەکی مۆمدا کاربکەم، هاوکارەکانم سەرنجیان دا بەهرەم بۆ ڕازاندنەوە و داهێنان هەیە، بەم خواستەم کارێکی بچووکی خۆمم کردەوە، کە بوو بە شوێنێک کە بتوانم داهێنەر بم و هەموو بیرۆکەیەک بگۆڕم بۆ پارچەیەکی وردی دروستکراو کە ڕەنگدانەوەی ئارەزووی خۆم و ڕۆحی بۆنەکە بێت، گرنگی بە بچووکترین وردەکارییەکان دەدەم کە جیاوازییەکی ناوازە بە هەر پارچەیەکی دەستی دەبەخشێت.
کارەکانی وەرزی نین، بەڵکو بە درێژایی ساڵ درێژدەبنەوە، هەموو بۆنەیەکی نوێ پێویستی بە دەست لێدانێکی تایبەت هەیە، لەبەر ئەوەی پارچە ئاڵۆزەکانی وەک پەیکەرسازی پێویستیان بە قۆناغی یەک لە دوای یەکە لە کاستکردن و وشککردنەوە هەیە پێش ڕازاندنەوەی کۆتایی، هەروەها خێزانەکەم خێرا هاوکاری خۆیان پێشکەش دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی و تەواوبوونی کارەکە.
ئەسرا لەحدو بهنان پێی وایە دیکۆراتەکان تەنها دەست لێدانی جوانکاری نین، بەڵکو زمانێکە بۆ دەربڕینی خۆشی و ئاهەنگگێڕان، هەروەها ئامرازێکە بۆ بڵاوکردنەوەی دڵنیایی لە دڵی خەڵکدا، وتی: کاتێک مرۆڤ دەبینێت شارەکە بە ڕەنگ و ڕووناکی ڕووناک کراوە، هەست بە جادوو و خۆشی جەژن دەکەیت، ئەم ڕۆحەش بۆ هەمووان دەگوازرێتەوە، بۆیە کەشوهەوای ئاهەنگگێڕان لە هەموو گۆشەیەکی ژیانی ڕۆژانەماندا ئامادە دەبێت.
ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستن و گواستنەوەی داب و نەریتەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو، بە تایبەتی ژنانی سووری بە داهێنان و جیاکارییەوە ئەم ڕۆڵە دەگێڕن، ئەمەش بە ڕوونی دەرکەوتووە لە بەشداریکردنیان لە پێشانگاکەدا کە وەک بەشێک لە چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکخرابوو.
ئەسرا لەحدو بهنان هیوای ساڵی نوێی پیرۆزی بۆ هەموو لایەک خواست، بەتایبەتی هەموو ئەو ژنانەی کە بە سۆز و کۆششەوە هەوڵدەدەن و کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی دڵخوازی خۆیان.
"پیشەسازی شیرینی بوارێکی بەردەوام لە گەشەکردندایە"
ئەناهید یوسف خاوەنی خولیای بەردەوامە بۆ داهێنان و ماندووبوون لە دروستکردنی شیرینی بە تام و وشککردنەوەی میوە، سەبارەت بە سەرەتای کارکردنی وتی: جۆرە جیاواخەکانی شیرینیم دروستکرد، ئەوانەی تامیان کردبوو هانیاندام کە ئەمە بکەم بە کارەکەم، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٩دا، کاری میوەی وشککراوم دەستپێکرد.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشداریم لە چەندین پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە، هەر پێشانگایەک دەرفەتی ئەوەی پێبەخشیم کە متمانەم بەخۆم بەرزبکەمەوە، تۆڕەکەم فراوانتر بکەم، کەسانی نوێ بناسم و فێری کارامەیی نوێ ببم، هەروەها بەدواداچوون بۆ داهێنانە هەمەچەشنەکان بکەم، ئەم بەشدارییانە سەلماندوویانە کە کۆڵنەدان و ماندووبوون کلیلی سەرکەوتنن، ئامادەبوونی جەستەیی لە شوێنی کاردا، ناوبانگی مرۆڤ بەهێز دەکات و شایستەیی و لێهاتوویی مرۆڤ پشتڕاست دەکاتەوە، هەروەها یارمەتی دام توانا داهێنەرانەکەم پەرە پێبدەم و لەگەڵ هەموو شتێکی نوێ لەم بوارەدا بەردەوام بم.
بواری شیرینی و داهێنانی میوە بوارێکی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، هەموو وەرزێک بیرۆکە و داهێنانەکان سەرهەڵدەدەن، زۆرجار بۆنە و جەژنەکان سەرچاوەی ئیلهامبەخشن بۆ هەڵبژاردنی بیرۆکەکان و یەکێک لەو بۆنە دیارانەش جەژنی کریسمسە کە نوێنەرایەتی بۆنەیەک دەکات بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی خۆشەویستی و ئاشتی.
ئەناهید یوسف هیوادارە جەژنی کریسمس ببێتە بۆنەیەک بۆ ئاشتی و خۆشەویستی و شادی لە هەموو ماڵێکدا، هەروەها دڵەکان پڕ بکات لە هیوا و باوەڕ بە توانای مرۆڤایەتی بە داهێنان و ماندووبوون، وتی: پەیامی من بۆ هەموو ژنێک ئەوەیە دەرفەت بە خۆت بدە بۆ بەدیهێنانی خەونەکانت، باوەڕ بە توانای خۆت بۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان، مەهێڵە هیچ بەربەستێک ڕێگریت لێبکات لە بەدواداچوونی ئاواتەکانت.