بێدەنگی شکاندن هانی ژنان دەدات کە چیرۆکی ئازارەکانیان بگێڕنەوە

ساڵی ڕابردوو لەگەڵ بەردەوامی چەقبەستووی بەسەر پرسی ژنان و توندوتیژییەکانەوە، ژنان زیاتر توانیان ئەو پێشێلکارییانە ئاشکرا بکەن کە بەرامبەریان ئەنجامدراون و ئەمەش وەک دەستکەوتی ساڵ پێناسە دەکرێت.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ساڵی ڕابردوو دامەزراوەکانی ژنان لە میسر بە هەموو وزەی خۆیانەوە کاریان کرد بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ ژنان، ئامانجیان هێنانەدی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە، بەو پێیەی زۆرێک لەو قەیرانانەی کە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە میسردا پەیوەستن بە کولتووری بۆماوەیی و لایەنی هزرییەوە.

 

لە ساڵی ڕابردوودا ژنانی میسر بێدەنگیان شکاند و بێ ترس باسی ئەو پێشێلکاری و قەیرانانەیان دەکرد کە بەرکەوتەی بوون، هەندێکی تریش بە پەرۆشەوە دەستیان کرد بە کارکردن بۆ گۆڕینی ڕاستینەی ژیانیان و سەرکەوتوو بوون لە شکاندنی ئەو چەشنە کۆنەپەرستییەی کە گەمارۆیان دابوو و چوونە دەرەوە بۆ کارکردن و فێربوون بەبێ ئەوەی پابەند بن بەو پێشێلکاریانەی کە لەسەریان پراکتیزە دەکرێن.

 

مایار مەکی، دامەزرێنەری دەستپێشخەری بار ئامان لە ئەسکەندەریە، باسی لەوەکرد، شکاندنی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژنان یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی ساڵی ڕابردوو، بەو پێیەی ژنان بوێرتر بوون و توانیویانە بەبێ ترس و دوودڵی خۆیان دەرببڕن، لە دەستپێشخەرییەکدا بە ناوی "وۆرکشۆپی چیرۆک گێڕانەوە" چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە و تێبینیمان کردووە کە کچان بە هەموو ڕاشکاوییەکەوە ئەوەی بەسەریان دێت دەگێڕنەوە، لە کاتێکدا پێشتر باسیان نەدەکرا، لەوانە دەستدرێژی هاوسەرگیری و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی.

 

"باسکردنی ئازارەکانی ژنان دەستکەوتی ساڵ بوو"

ئەو پێی وابوو یەکێک لەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە هەمان شێوە بەدەست هات، ئەوە بوو کە ژنان خۆیان لە قاڵبی قوربانییەکان قەتیس نەکرد، ئەو وێنەیەیان شکاند و بڕیاریان دا لە چنگی تاریکی دەربچن و ئەو پێشێلکارییانەی کە هەبوون بۆ کۆمەڵگە ئاشکرا بکەن، ڕێگای چارەسەرییان بۆ ئەم جۆرە تاوانانە خستەڕوو، وتیشی: وۆرکشۆپەکانی چیرۆکگێڕان و دانیشتنە گروپییەکان بە گشتی، کە زۆرێک لە دامەزراوە و دەستپێشخەرییەکان لەم ماوەیەی دواییدا ڕوویان لێکردووە، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پشتیوانیکردنی ژنان و توانای کردنەوەی ئەو دۆسیانەی کە لە کایەی تایبەت و گشتیدا لەبارەیەوە شاراوەن.

 

مایار مەکی باسی لە کۆمەڵێک ئەزموونی ئەو ژنانە کرد کە توانیان بەربەستەکان بشکێنن و سەرکەوتوو بوون لە بنیادنانی ئەو ژیانەی کە دەیانەوێت، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو بە شێوەیەکی کەسی کاریگەری ئەو ئەزموونانەی لەسەر بووە، یەکێک لەو ئەزموونانە لە کچێک بووە کە تووشی توندوتیژی خێزانی بووە، دەستی شکاوە و ڕێگری خوێندنی لێکرا، بەڵام سەرکەوتوو بوو لە خوێندنی سکۆلەرشیپ و بڕوانامەی ماستەرەکەی تەواو کرد، ئەوەی ویستبووی بەدەستی هێنا، سەرەڕای هەموو ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەریدا سەپێندرابوو.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە ئەزموونانە ئیلهامبەخشن و پرسی دەرچوون لە خولەکانی توندوتیژی گرنگە، چونکە یارمەتی ژنانی تر دەدات لەو قاڵبانە دەربچن، کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ زیندانیکردنی خەونەکانیان دروستکراون.