بێ خەمی حکومەت؛ بایکۆت ٧٠٠ هەزار خوێندکاری لە خوێندن بێبەش کردووە

ماوەی سێ مانگە ساڵی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا وەستاوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەڵوێستێکی نەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و وانەبێژان، مامۆستایەکیش دەڵێت: دەبێت حکومەت هەست بە بەرپرسیارێتی بکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ یەکەم زەنگی دەستپێکردنی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و ماوەی سێ مانگە بۆ مافە سەرەتاییەکانیان وەک پێدانی مووچە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە، بەردەوامن لە بایکۆت

 

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار خوێندکار هەن، بەڵام بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لەو ناوچانەی کە خوێندن تیایدا وەستاوە، نزیکەی ٧٠٠ هەزار خوێندکار کە دەکاتە نزیکەی ٪٤٠ی کۆی خوێندکاران خوێندنیان دەستپێ نەکردووە، لە کۆتا کۆبوونەوەی وەزیری پەروەردە لە بەرواری ١٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا، دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست و پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانی دامەزراو دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بە نووسراوێکی فەرمی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی هەیە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراویش بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەکرێن بەگرێبەست، بەڵام، مامۆستایان جەختیان لە بایکۆت کردەوە و وتیان، لە ماوەی ڕابردووشدا بەڵێنی بێ کرداریان پێدراوە و ئەمجارە تەنها باوەڕ بە کردار دەکەن.

 

"حکومەت ناچارە داوای خەڵک و مووچەخۆران جێبەجێ بکات"

سروشت سیروان، مامۆستای وەرزش دەربارەی داهاتووی خوێندکاران بە بەراورد بە خوێندکارانی خوێندنگە ناحکومییەکان ئاماژەی بەوەکرد، مووچەخۆران و مامۆستایان ژیانیان پەیوەستە بە مووچەوە، بۆیە ئەگەر مووچەیەک سێ مانگ جارێک بدرێت، دەبێت ژیانی ئەو خەڵکە لە چ دۆخێکدا بێت، بۆیە مامۆستایان ناچنە هۆڵەکانی خوێندن تا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت.

 

ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد حکومەت چۆن داوای دەوام لە مامۆستایان دەکات، کاتێک ژیانی بۆ مووچەخۆران دابین نەکردووە، دەبێت هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات و مووچە دابین بکات، ئەوکات داوای کردنەوەی خوێندنگەکان بکات، وتی: ئەوان حکومەت و ناچارن داوای گەلەکەیان جێبەجێ بکەن، بەڵام حکومەتی هەرێم خۆی بە خاوەنی گەل نازانێت بۆیە بێ هەڵوێستە.

 

"ساڵێک لە تەمەنی خوێندکارانی خوێندنگە حکومیەکان دەفەوتێت بەرامبەر بە ناحکومییەکان"

سروشت سیروان، ئاماژەی بەوەکرد حکومەت بێ باکە بەرامبەر بە مامۆستایان و خوێندکاران، ئەگەر لە خەمی خوێندکاراندا بوونایە، خەمێکی لێدەخواردن و هەوڵی چارەسەری کێشەکانی دەدا و داوای مامۆستایانی جێبەجێ دەکرد، وتیشی: تەنها قۆناغی دوازدەکان دەستیان کردووە بە دەوامکردن، ئەوانیش ئەوەندە بە پچڕ پچڕ و کەمتەرخەمی وانەکانیان دەخوێنن، تەواوکردنی خوێندن لای ئەوان تەنها چوونە قۆناغێکی نوێیە، ئەگەرنا هیچ زانستێک بەو شێوازە فێر نابن.

 

دەربارەی جیاوازی نێوان خوێندکارانی خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان مامۆستا سروشت ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕووی تەمەنەوە جیاوازی لە نێوان ئەو دوو چینەدا دروست دەبێت، چونکە خوێندنگە ناحکومییەکان دەوامی خۆیان دەکەن، ساڵێک لە پێش دەبن لە بەرامبەر خوێندکارە حکومییەکان کە ساڵێکی تەمەنیان بەهۆی بێ باکی حکومەتەوە دەفەوتێت، جگە لەوە کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی ئەو خوێندکارانە دروست دەکات، چونکە لە هەمان ئاستدان و بەڵام ساڵێک لە پێشتر دەبن.

 

"ئەم دۆخە داڕمانی دەروونی بۆ منداڵان دروست دەکات"

مامۆستا سروشت ڕوونیکردەوە، خوێندکاران بە گشتی و خوێندکارە زیرەکەکان بە تایبەت لەم نەکردنی دەوامە زەرەری گەورەیان بەردەکەوێت، چونکە خوێندکاری هەبووە لە قۆناغی دوازدەدایە، پێی وتووە بە نیازی نمرەی بەرز بووە، بەڵام لە ئێستادا بە دەرچوون ڕازیە، ئەمەش دەری دەخات خوێندکاران دەروونێکی ئارامیان نییە و ئەم دۆخە کاریگەری خراپی خستووەتە سەر دەروونیان.

 

دەربارەی دۆخی دەروونی منداڵەکان سروشت سیروان ئاماژەی بەوەکرد، خوێندکاران و منداڵان تووشی داڕمانی دەروونی دەبن، وتیشی: کاتێک دەبینن هاوتەمەنەکانیان دەخوێنن و تەمەنیان نافەوتێت، بەڵام ئەمان لە خوێندن دواکەتوون، وا لە منداڵ دەکات لە داهاتوودا گرنگی بە خوێندن و فێربوون نەدەن، تەنها گرنگی بە داهات و مووچە بدەن و هەموویان هەوڵ بدەن بڕە پارەیەکی باشیان دەستکەوێت، ئێستا لە منداڵ دەپرسی دەتەوێت ببی بە چی، دەڵێن پزیشک چونکە پارەی زۆرت دەستدەکەوێت.

 

"حکومەت ئامانجیەتی کەرتی پەروەردە بکاتە کەرتی تایبەت"

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا سروشت باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێم بە تایبەت کەرتی پەروەردە دەیەوێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خوێندنگە حکومییەکان نەهێڵێت و بیانکاتە ناحکومی، هەوڵ دەدات گەل و خەڵکی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی بڕیار بدەن منداڵەکانیان بخەنە خوێندنگە ناحکومییەکان، چونکە نیشانیان دەدەن لە حکومییەکاندا داهاتوویان دەفەوتێت، ناچاریان دەکات منداڵەکانیان یان نەخوێندەوار بێت یان ڕووبکاتە خوێندنگە ناحکومییەکان.

 

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت دەیەوێت گەل ناهۆشیار و ناڕۆشنبیر بێت، ئامانجیەتی کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەوار بێنێتە بەرهەم، وەک ڕێگە چارەسەرییەک وتی: مامۆستایان لە ٢٠١٤ وە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، بۆیە حکومەت باش دەزانێت داوای مامۆستایان چییە و ئەرکی خۆشی دەزانێت بۆ جێبەجێکردنی، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە تەنها پاڵپشتیکردنی خێزانی خوێندکارانە بۆ مافی مامۆستایان.