خوێندن لەناو کابینەدا ژیانی خوێندکاران قورس دەکات

ئێلناز سەمەدپوور، یەکێکە لە خوێندکارانی دانیشتووی گوندی توەکەلان، ئاماژە بە نەبوونی پێداویستی خوێندن لە گوندەکەیان دەکات، "ناچارین خوێندنمان لە کابینەکاندا بە گەرما و سەرما بەسەر ببەین".

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانی بەشێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو پێداویستییەکی سەرەتایی بێبەشن و لە کابینەدا خوێندکاران بەردەوامی بە خوێندنیان دەدەن.

 

گوندی توەکەلان یەکێکە لە گوندەکانی سەر بە شاری دیواندەرە و نزیکەی ٧٠ ماڵ و ٣٠٠ کەسی لێیە، خەڵکی ماندوونەناسی ئەم گوندە لەگەڵ چەندین کێشەدا ژیان دەگوزەرێنن، وەک خراپی ڕێگەوبان و نەبوونی بۆری ئاوی بەردەوام، کە ناچارن ئاوی کانیاو بۆ شۆردن و مەبەستی تر بەکاربهێنن، یەکێک لە کێشەکانی ئەو گوندە نەبوونی ناوەندی خوێندنە، سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی کە حکومەت داویەتی، بەڵام قوتابی و خوێندکاران لەناو کابینەدا درێژە بە خوێندنیان دەدەن.

 

هەرچەندە جێبەجێکردنی پلانی بیناسازی بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی گوندنشینەکان لە هەندێک گوند جێبەجێ کراوە، بەڵام بە وتەی دانیشتوانی ناوچەکە هێشتا ئەم پلانە لە گوندی توەکەلان جێبەجێ نەکراوە، بەو هۆیەشەوە ژمارەی دانیشتوانی ئەو گوندە کەم بووەتەوە و زۆربەی دانیشتووانی گوندەکە کۆچیان کردووە بۆ شارەکانی دیواندەرە و سەقز.

 

"هیچ کەسێک خۆی بەرپرسیاری کێشەی خەڵکی گوندەکە نابینێت"

ئێلناز سەمەدپوور، یەکێکە لە خوێندکارانی دانیشتووی گوندەکە، کە تا پۆلی ٦ی بنەڕەتی خوێندووە و بە ناچاری وازی لە خوێندن هێناوە، سەبارەت بە کێشەکانی گوندی توەکەلان دەڵێت: ناچارین خوێندنمان لە کابینەکاندا بە گەرما و سەرما بەسەر بەرین، هیچ کەسێکی بەرپرس گرنگی بە کێشەی ئێمەی گوندنشینەکان نادات، تەنها بەڵێنی درۆ دەدەن و دواتر ئاوڕێک نادەنەوە بۆمان، تەنها شتێک بۆ ئەم حکومەتە گرنگ نییە، دۆخی پەروەردە و هۆشیاری خەڵکە، منداڵی بەرپرسان لە باشترین قوتابخانەکان دەخوێنن، ئێمە باشترینمان ناوێت، بەڵکو قوتابخانەیەکمان بۆ گوندەکە دەوێت.

 

لە درێژەەی قسەکانیدا ئێلناز دەڵێت: گرفتی خراپی ڕێگەوبانی گوندەکەمان بەرەو شار، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مامۆستایان و قوتابیانی ئەو قوتابخانانە هەیە، چونکە بە گشتی ڕۆژانە لە شارەوە بەرەو گوند دەچن و خراپی ڕێگەکەم دۆزینەوەی مامۆستایەک ئەستەم دەکات، تا بێت و لە گوندەکان وانە بڵێتەوە، هەروەها نەبوونی ئامێری تەندروستی و گەرمکەرەوە و ساردکەرەوەی دروست لە قوتابخانەکان گرفتی دیکەمانن، لە پۆلێکیشدا ژمارەیەکی زۆر خوێندکار هەن و پۆلەکانمان کەمن.

 

" سیستەمی ساردکەرەوە و هەواگۆڕکێ لە قوتابخانەکەماندا نییە"

ئالا.م، خوێندکاری پۆلی سێیەم دەڵێت: کورسییەکان بچووک و کۆنن، جانتاکانمان لەسەر کورسییەکە دەکەونە خوارەوە، لەگەڵ گەرمبوونی هەوادا پۆل زۆر گەرم دەبێت و ساردەکەرەوە و پانکەی سەقفمان نییە، کاتێک پەنجەرەی پۆلەکە دەکەینەوە، مێشەکان بێزارمان دەکەن، لە زستانیشدا سەرمای ژوورەکان خوێندنیان قورس کردووە.

 

بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەدا، منداڵان تەنها دەتوانن تا کۆتایی قۆناغی سەرەتایی لە کابینەکاندا بخوێنن، دوای ئەوەش زۆربەی منداڵەکان بە کچانیشەوە بێبەش دەبن لە خوێندن، چونکە ناچارن بچن بۆ گوندەکانی دراوسێ، هەروەها خێزانەکان پێیان باشە کچەکانیان واز لە خوێندن بهێنن، بەڵام نەچنە گوندەکانی دراوسێ.