دیاری “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ژنان

بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا بۆ لابردنی حیجاب نەبوو؛ بەڵکو ئامانج لە ناوبردنی پیاوسالاری و سیستەمی دەوڵەت بوو، وەڵامدانەوەی جیاکاری و نایەکسانی و هەژاری و لەناوبردنی کەرامەتی مرۆڤ بوو بەرامبەر بە حکومەتێکی تاڵانچی.

 

سایدا شێرزاد

 

ناوەندی هەواڵ- “ژن، ژیان، ئازادی” دروشمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، سەرەتا لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و بزووتنەوەی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان پێشخرا و لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی داعش پەرەی پێدرا، ئەم دروشمە، لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە جیهانیی بوو و بووە دروشمی سەرەکی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و جیهان.

 

بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا بۆ لابردنی حیجاب نەبوو؛ بەڵکو ئامانج لە ناوبردنی پیاوسالاری و سیستەمی دەوڵەت بوو، وەڵامدانەوەی جیاکاری و نایەکسانی و هەژاری و لەناوبردنی کەرامەتی مرۆڤ بوو بەرامبەر بە حکومەتێکی تاڵانچی کە سەرمایەی گەلی بۆ دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنا.

 

نەمامەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە خوێنی کچان و کوڕانی وەک ژینا و نیکا و کیان و مونا و حەدیسە و دەیان گەنجی دیکە ئاو دران، هەر ڕۆژێکیش زیاتر بە پیت و زیاتر دەبێت، بەدیهاتنی خەون و خواستەکانی ئازادیی ئەو شەهیدانە بەشێوەیەکی خۆڕسکانە، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی ئەم بزووتنەوەیە، شەقام تاکە قەڵای بەرخۆدان و شوێنی تێکدانی بناغەکانی ستەم و ستەمکارییە، بۆیە هێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم بزووتنەوەیە لە شەقامدا دژی هەڵاواردن و ستەم و دووبەرەکی و ڕەگەزگەرایی دەوەستێتەوە، ئەم پێشەنگایەتییەش ژنانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و جیهان دەیکەن.

 

“ژن، ژیان، ئازادی” بوو بە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە و چرایەکی هیوا بۆ زۆرێک لە ژنان، تا هۆشیارییان لەسەر مافەکانیان هەبێت و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن، ژنانیش بۆچوونی خۆیان لەسەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەخەنەڕوو.

 

"بیرم لەوە کردەوە کە وەک مرۆڤێک تا چەندە مافی هەڵبژاردنم هەیە"

ئیلهام ک.، ٣٢ ساڵە و دانیشتووی شاری هەمەدانە، دەڵێت: “ژن، ژیان، ئازادی” وای لێکردم وەک ژنێک هەست بەوە بکەم کە شایەنی ژیانم و دەبێت خەبات بۆ مافەکانم بکەم، جاران هەمیشە هەوڵم دەدا کچێکی باش بم لە خێزانەکەمدا، کچێکی باش بوون لە ئێران واتە ئەو شتە بوون کە پیاوان و یاساکانی پیاوسالاری دەیڵێن، ڕاستییەکە ئەوەیە. لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دوای کوشتنی ژینا لە لایەن حکومەتەوە، پێم وابوو خەڵک بەبێ هۆکار زیادەڕەوی دەکەن و خۆیان بە کوشت دەدەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ فراوانبوونی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، بیرم لەوە کردەوە کە بەڕاستی من وەک ژنێک چ جۆرە ئازادییەکم هەیە، بۆیە ئێستا بۆ هەموو مافەکانی خۆم خەبات دەکەم و دەوەستمەوە، حیجابی ناچاریش یەکێکە لەو شتانە.

 

زەهرا م.، ٢٨ ساڵە و خەڵکی هەمەدان و دانیشتووی شاری قومە، دەڵێت: من لە قوم دەژیم، چونکە دایکم خەڵکی شاری قومە، خێزانی دایکم باوەڕدارن، من لایەنگری حیجاب نیم، بەڵام بیروباوەڕی ئایینی خۆمم هەیە و هەمیشە پێم وابوو کە من وەک ژنێک ڕێزێکی دیاریکراوم هەیە. دوای دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، کاتێک زۆر ژنم بینی کە خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن لە هەموو جیهان، بیرم لەوە کردەوە، لە ڕاستیدا من گەیشتوومەتە ئەو تێگەیشتنەی تەنیا کاتێک ڕێزم هەیە، ئەو شتانە دەکەم کە پیاوان دەیڵێن، من وەک مرۆڤێک مافی هەڵبژاردنم نییە، لە هیچ چوارچێوەیەک و لە هیچ شوێنێکدا.

 

"ژن جیان ئازادی پاڵنەرێک بوو بۆ بەئاگاهێنانەوەی زۆرێک لە خانمان"

کاژاڵ.ڕ، ٣٤ ساڵە و دانیشتووی شاری سنەیە، دەڵێت: “ژن، ژیان، ئازادی” پاڵنەرێک بوو بۆ بەئاگاهێنانەوەی زۆرێک لە ژنان، من ژنانی دەوروبەرم دەناسم کە هەمیشە فەرمان و قەدەغەکردنی ژنانی دیکە و کچەکانیان کردووە تا کارێک نەکەن پیاوان پێیان ناخۆش بێت، ئەمەش تەنیا لە پرسی حیجابی ناچاریدا سنووردار نەبووە، چونکە لای کورد حیجاب گرنگ نییە، بەڵام ژن هەیە هەر لە دایک بوونەوە بەو بیرۆکەیە پەروەردە کراون کە پیاو هەرچی بڵێت وەک خۆیە و ژن مافی ئەوەی نییە ناڕەزایەتی دەربڕێت. ئەگەر ژن ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر بە بارودۆخی ژیان و شێوازی مامەڵەکردنی پیاو لەگەڵ خۆی و هتد، ئەوا ژنێکی باش نییە. لە دوای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بە ڕوونی ئەو ژنانەم بینیوە کە چیتر بێدەنگ نین و هەمیشە خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن و کڕنۆش بۆ یاسا پیاوسالارییەکان دانانێن.

 

ئارەزوو پ.، ٣٤ ساڵە و دانیشتووی شاری گەنبەد کاوسە و دەڵێت: “ژن، ژیان، ئازادی” یارمەتیدەرێکی باش بوو تا ژنان لە مافە لەدەستچووەکانیان ئاگادار ببنەوە، ئێستا زۆرێک لەو ژنانە هەن کە بە هیچ شتێک ڕازی نین و بۆ بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی خۆیان تێکۆشان دەکەن، حیجابی ناچاری وەک پەتێک وابوو کە قوڕگی ژنانی بەسەر حیجابدا دەچەسپاند و "ژن، ژیان، ئازادی" وای لێکردن ئەم پەتە بپسێنن و هەنگاوێک بنێن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

 

سوژا س.، ٣٢ ساڵە و دانیشتووی شاری سنە، ڕایگەیاند، "بە پێچەوانەی هەندێک کەس کە هەوڵ دەدەن بڵێن “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ئەوەیە ژنان ڕووت بکەنەوە، من پێموایە “ژن، ژیان، ئازادی” ژنانی لە کۆیلایەتی پیاوان ڕزگار کرد، دایکم دەیگوت ئەم کارە بکە و ئەمەیان مەکە، بۆ ئەوەی پیاوانی ناو ژیانمان توڕە نەبن، بەڵام ئێستا دەڵێن ئەگەر بێدەنگ بووین هەڵەمان کرد، لە بەرامبەر هێزدا بێدەنگ مەبە و مافەکانت وەربگرە و ڕێگە مەدە بچەوسێنرێیتەوە، ئەم گۆڕانکارییەی بیری دایکم لە “ژن، ژیان، ئازادی”ەوە دەزانم.