خراپی سیستمی خوێندن و پەروەردەی خێزان حەزی منداڵانی بۆ خوێندن لاواز کردووە

پرسین هاوژین، ڕێنماییکاری پەروەردەیی، ئاماژەی بەوەکرد لە کاتی پشووی هاویندا خێزانەکان بەرنامەیەکی گونجاویان نییە بۆ منداڵەکانیان، نەبوونی ئەم بەرنامەیە وادەکات دەستپێکی خوێندنگە بۆ خوێندکاران بەگشتی و منداڵان بە تایبەت قورس بێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تێپەڕاندنی وەرزی هاوین بۆ منداڵان، کە وەرزی پشوو خۆپێگەیاندنە، کاریگەری دەکاتە سەر چونە ناو وەرزی خوێندنەوە، ئەو منداڵانەی کە هاوینیان بە پشوو تێپەڕاندبێت، بێزارن بە دەستپێکردنی وەرزی خوێندن، چونکە لەناو پشوودا بوون و هەوڵ و کۆششی خوێندن بێزاریان دەکات، بە پێچەوانەشەوە، ئەو منداڵانەی سوودیان لە وەرزی هاوین وەرگرتبێت، بۆ زیاتر پێشخستنی لایەنی جەستەیی و هزری خۆیان، کاریگەری لەسەر وەرزی خوێندنیشیان دەبێت و دەتوانن زیاتر سەرکەوتوو بن.

 

خوێندن و فێربوون پڕۆسەی گەشەندنی تاکە، بەتایبەت بۆ منداڵان دەبێتە هەنگاوێک بۆ خۆدۆزینەوەی، بەڵام لە ئێستادا منداڵان حەز بە خوێندن و خوێندنەوە و فێربوون ناکەن، بەشێک لە هۆکارەکانیشی هەبوونی هەموو پێداویستییەک بۆ منداڵان، خراپی سیستمی خوێندنی قوتابخانە و پەروەردەی نێوان خێزانەکانە.

 

"نەبوونی پلانێک بۆ وەرزی هاوین منداڵان لە خوێندن سارد دەکاتەوە"

پرسین هاوژین، ڕێنماییکاری پەروەردەیی، ئاماژەی بەوەکرد لە کاتی پشووی هاویندا خێزانەکان بەرنامەیەکی گونجاویان نییە بۆ منداڵەکانیان، منداڵ لە ماوەی ئەو چەند مانگەی کە پشووە بە دڵی خۆی هەرچیەکی بوێت، ئەنجامی دەدات تەنانەت سیستمی خەویشی تێکدەچێت، نەبوونی ئەم بەرنامەیە وادەکات دەستپێکی خوێندنگە بۆ خوێندکاران بەگشتی و منداڵان بە تایبەت قورس بێت.

 

بۆیە بە گرنگی دەزانێت خێزانەکان نەهێڵن منداڵەکانیان لە هاویندا بێ بەرنامە بن و هەموو کاتێکیان بە بەسەربردنی خۆشییەوە بەڕێبکەن، هیچ نا کاتی خەوتنی منداڵەکانیان تێک نەدەن، بۆ ئەوەی ئەو منداڵە بێتاقەت نەبێت لە خوێندنگە و حەزی بە خوێندن بێت.

 

"بەر لە پێدانی ئەرک گرنگە مامۆستا خۆشەویستی بە خوێندکارەکانی ببەخشێت"

بە بڕوای مامۆستا پرسین، خۆشویستن و خۆشنەویستنی خوێندکاران بۆ خوێندنگەکانیان بەشێکی دەکەوێتەوە سەر ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرەی خوێندنگەکە بەڕێوە دەبەن کە تا چەند وێنای خوێندن و فێربوونیان لای خوێندکاران خۆشەویست کردووە، گرنگی پێدان و دەربڕینی خۆشەویستی لەلایەن مامۆستاکانەوە بۆ خوێندکاران گرنگە بەر لەوەی دەست بکات بە وتنەوەی وانەکانی، چونکە پێدانی خۆشەویستی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خوێندکار حەز بە خوێندنگە بکات و بە خۆشەویستییەوە ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بەڵام هەندێک کات هەبوونی بۆشاییەک لە نێوان مامۆستا و خوێندکار، دەبێتەوە هۆی ئەوەی خوێندکار سڵ لە ئەرکەکانیان بکەنەوە، تەنانەت کار لە فێربوونیشیان دەکات.

 

"هەبوونی چالاکی و شێوازی نوێ لە وتنەوەی وانەکاندا حەزی خوێندن لای خوێندکاران دروست دەکات"

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، بابەتی بەسەربردنی کات لەناو خوێندنگەکاندا هێندە کەمە خوێندکاران تەنها بۆ فێربوون دەچنە خوێندنگە ئەمەش وادەکات خۆشویستنیان بۆ خوێندنگەکان نەمێنێت، وتی: بەتایبەت ئەم سیستمە لە خوێندنگە حکومییەکاندا دەردەکەوێت، ئەرکەکان دووهێندەی چالاکییەکانە و خوێندکار لێی بێزارە.

 

پرسین هاوژین باسی لەوەشکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی تر کە وا لە خوێندکاران دەکات حەز بە خوێندن نەکەن، شێوازی وتنەوەی وانەکانە لەلایەن مامۆستاکانیانەوە، قسەکردنی بەردەوامی مامۆستا لەناو پۆلەکاندا، بەردەوام  گوێگرتنیش خوێندکار بێزار دەکات، بۆیە پێویستە چالاکی ئەنجام بدەن لەناو پۆلەکاندا و خۆیان هەوڵی فێربوون بدەن، بەتایبەت بۆ منداڵانی قۆناغی سەرەتایی گرنگە لە ڕێگای جیاوازەوە وانەکانیان پێ بوترێتەوە.

 

"هەبوونی پێداویستی زیاد لە پێویست منداڵان لە خوێندن سارد دەکەنەوە"

دەربارەی ئەو خوێندکارانەی تەواوی پێداویستی و سیستمێکی باشی پەروەردەییان بۆ دابین کراوە، بەڵام هەر حەز بە خوێندن ناکات، مامۆستا پرسین وتی: یەکێک لە کێشەکانی دیکە دابینکردنی هەموو شتێکە بۆ منداڵان، چونکە کاتێک منداڵ هەموو پێداویستییەکان بۆ دابین دەکرێت هیچ شتێک نامێنێت هەوڵی بۆ بدەن، بۆیە ئەوە گەورەترین هەڵەیە، یاخود خێزانەکان ناهێڵن منداڵەکە پشت بە خۆی ببەستێت و تەواوی ئەرکەکانی بۆ جێبەجێ دەکەن، یاخود وزەکانیان لە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکاندا بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا هەموو منداڵێک دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.

 

بۆیە پێویستە دایک و باوکان بزانن بە پێی تەمەنی منداڵەکانیان پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن، نەک پێداویستی زۆر بخەنە بەردەستیان لە کاتێکدا تەمەنی هەبوونی ئەو جۆرە شتانەیان نییە، چونکە منداڵان بە هەبوونی ئەو شتانە هان نادرێن و وایان لێناکرێت متمانەیان بە خۆیان بێت، بەڵکو وایان لێدێت بە هیچ شتێک دڵ خۆش نابن و هەمیشە داوای زیاتر دەکەن.

 

"پێویستە بەراوردکاری لە نێوان منداڵی ئێستا و ڕابردوودا بوەستێت"

لە کۆتایدا مامۆستا پرسین ڕوونیکردەوە، باش و خراپی سیستمی خوێندن ڕێژەییە، چونکە لە خوێندنگەیەکەوە بۆ خوێندنگەیەکی دیکە جیاوازە، تەنانەت لە نێوان مامۆستاکانیشدا جیاوازە، بۆیە ناکرێت بڵێین ئەم سیستمە باشترە یاخود سیستمی ساڵانی پێشووتر، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم ساڵانەی دوایی بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر لە هەندێک خوێندنگەدا چالاکییەکان باشترن، مامۆستاکان هەوڵی نوێکردنەوەی خۆیان دەدەن.