ماددەی هۆشبەر، ڕێگایەک بۆ لە خشتەبردنی تاکەکانی کۆمەڵگە

نەبوونی هەلی کار و خراپی دۆخی ئابووری وای کردوە گەنجان بکەونە ناو پیلانگێڕی دەوڵەتانی داگیرکار و ئالوودەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ماددەی هۆشبەر یەکێکە لەو ڕێگایانەی کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات، باشووری کوردستانیش هەمیشە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکارەوە هەوڵدراوە تاکەکانی گیرۆدەی ئەم ماددانە بکەن و کورد بەرەو لەناوچوونی ئەقڵی و بوونی ببەن، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ساڵانە تەشەنە دەستێنێت، کە تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٩٣ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و ٣٨٥ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی دەستگیرکراوانی بەکارهێنەر و بازرگانیکردن ٢١٠٣ کەس بووە بۆ هەموو ساڵەکە.

 

بە پێی ماددەی ٢٥ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٠ هەرکەسێک بازرگانیکردن، بەکارهێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، کڕین، هاندانی تاکەکان بۆ بەکارهێنانی و بەڕێوەبردنی شوێنی ماددەی هۆشبەر بووبێت، سزا دەدرێت بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی یان کاتی یان پێبژاردنێک بە بڕی ٣٠ بۆ ٩٠ ملیۆن دینار بێت.

 

"ماددەی حەشیش و کریستاڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێن"

کۆژین عوسمان هەڵسەنگێنەری پرۆژەکان لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ئاماژەی بەوەکرد، ماددەی هۆشبەر ئەو ماددانەن بە شێوەیەکی زۆر و زیانبەخش بەکاردەهێنرێن، بەشێک لەو ماددانە لە ڕووەک دروستدەکرێن و بەشێکیشیان ئەوانەن لە ڕێگەی دەرمانەوە وەکو ئازارشکێن بەکاردەهێنرێن، ئەگەر ئەم دەرمانە بە بێ ڕێنمایی پزیشکی و بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاربهێنرێن دەبێتە هۆی ئالوودەبوونی کەسەکان، ئەمەش زیانی بۆ تاک و کۆمەڵگەش هەیە، لە ئێستادا ماددەی حەشیش و کریستاڵ بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێت، بەداخەوە لە ئێستاشدا گەنجانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ئەم ماددانە بەکاردەهێنن.

 

"ماددەی هۆشبەر زیانی بۆ تاک و کۆمەڵگەش هەیە"

کۆژین عوسمان ڕوونی کردەوە، بەکارهێنانی ئەم ماددانە زیانی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتیشی هەیە، هۆکاری زیادبوونی ئەم دیاردەیەش دەگەڕێتەوە بۆ نزیکبوونەوە و هاوڕێیەتی ئەو کەسانەی بەکارهێنەرن، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ چاولێکەری کە گەنجان دەیانەوێت ئەزمونێک وەربگرن، بەڵام ئەم ئەزموونە دەبێتە هۆی ئالوودەبوونیان، ئەگەر خێزانێک توندوتیژی تێدا بێت، تاکەکانی زۆرجار پەنا دەبەنەبەر ئەم ماددانە بۆ ڕزگاربوون لەو ڕاستینەی ژیانیان، چونکە کێشانی ئەم ماددانە وا لە کەسەکە دەکات هەست بە دڵخۆشی بکەن و ئەمەش زیاتر ئالوودەی دەکات، هەروەها خراپی دۆخی ئابووری وا لە کەسەکان دەکات پەنا ببنە بەر بەکارهێنانی ئەم ماددانە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەکی خراپ دەبات و وا لە تاکەکان دەکات وەکو خۆیان ڕەفتار نەکەن، زیانەکانی ئەم ماددانە لە ئاستی تاکدا نامێنێتەوە بەڵکو کۆمەڵگەش زەرەر دەکات.

 

"بەشێک لە بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرناکرێن"

کۆژین عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، بە پێی یاسای عێراقیش بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە تاوان هەژمار دەکرێت، بەڵام لە ڕووی دەروونیەوە بەکارهێنەرانی ئەم ماددانە وەکو قوربانی هەژمار دەکرێن، بەپێی ئامارەکان ساڵ بە ساڵ بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەەی هۆشبەر ڕووی لە زیادبوونە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا شوێنێکی وا نییە چارەسەری کەسانی ئالوودەبوو بکەن لە کاتێکدا بەشێک لەو کەسانە دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر چاودێری پزیشکدا بن، بۆ ئەوەی بتوان بڕۆنەوە ناو کۆمەڵگە و وەکو کەسێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەو کەسانەشی بازرگانی بەم ماددانەوە دەکەن هەموویان دەستگیر ناکرێن و سزا نادرێن.

 

وتیشی: کۆمەڵگە بە هەر شتێک کاریگەر بێت ژنانیش بێ بەش نین لەو کاریگەریانە، ئەگەر توندوتیژی بێت یان ئالوودەبوون بێت بە ماددەی هۆشبەر، ژنان جگە لەوەی دەبنە زەرەرمەندی سەرەکی، کاتێک ئەم ماددانە بەکاردەهێنن، ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە و لە ڕووی دەروونیشەوە ڕووبەڕووی خەمۆکی و گۆشەگیری دەبنەوە و ڕەنگی پێستیان دەگۆڕێت.

 

کۆژین عوسمان لە کۆتایدا وتی: بۆ کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە، پێویستە هۆشیاری بڵاو بکرێتەوە بەرامبەر بە زیانەکانی ماددەی هۆشبەر، چارەسەری ئەو کەسانە بکرێت کە بەکارهێنەرن، هەروەها سنوورەکان توندتر بکرێنەوە، چونکە کردنەوەی سنوورەکان بە ڕووی وڵاتانی دراوسێدا وای کردوە بە ئاسانی ئەم ماددانە بازرگانیان پێوە بکرێت.