"نەبوونی هەلی کار لەناو گەنجان هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە"

نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و ژنانی گەنج، هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، کە دواتر بۆ کوشتن و خۆکوشتن سەر دەکێشێت و ڕاهێنەرێکی پەروەردەییش دەڵێت: گرفتی خودبوون گەنجانی بێ هیوا کردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-گەنجان داینەمۆی کۆمەڵگە و هێزی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەن، بەڵام لە کۆمەڵگەکاندا بە ئاستی جیاواز گەنجان پشتگوێ خراون و بێ هیوا کراون، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیش لەناویدا، بەو بێ هیواییە بەشێکی زۆری گەنجان خاکەکیان بەجێدەهێڵن و بەشێکیشیان هەموو کاتەکەیان بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و چوونە چایخانەکان بەسەر دەبەن، کە زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە و بەشێكی هۆکارەکانیشی نەبوونی هەلی کار و هاوکاری نەکردنیانە بۆ بەڕێوەبردنی کارێک کە خۆی داهێنانی تیادا بکات.

 

"گرفتی خودبوون گەنجانی بێ هیوا کردووە"

ڕەیان مەولود، ڕاهێنەری پەروەردەیی ئاماژەی بەوەکرد، گەنج ئەو چینەی کۆمەڵگەن تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ٢٥ ساڵیدایە، پڕ هیواترین چینی کۆمەڵگەن و بڕیار دەدەن ئەو کۆمەڵگەیە چۆن بێت، تەمەنی گەنج دیاریکراوە و ئەو تەمەنەیە تیادا بڕیار بدات پلانی داهاتووی بۆ سەروو گەنجی و بۆ ژیانی چی بێت و ئامانجەکانی دیاری دەکات، پێویستە لەم تەمەنەدا گەنج خۆی دروستبکات و بناغەی خۆی دابنێت، چونکە دانانی بناغە لەهەر شتێکدا پێوەری سەرەکییە بۆ دروستبوونی کەسایەتی، پشتگوێخستنی گەنجیش لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ چوار هۆکار دەگەڕێتەوە، ئەوانیش گرفتی خودبوونە کە گەنج خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە و دەیەوێت چی بکات، ئەمەش وای کردووە خەمسارد بێت لە بەدەستهێنانی ئەو شتانەی دەیەوێت، هۆکارێکی تر گرفتی سیاسیی و ئابووریە کە زۆر گەنج هەن پرۆژەیان هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی پاڵپشتی ناتوانێت بیکات، هەروەها گرفتی کۆمەڵایەتیش هۆکارە.

 

"نەبوونی هەلی کار وای لە گەنجان کردووە حەزی کارکردنیان نەبێت"

ڕەیان مەولود ئەوەشی خستەڕوو، نەبوونی هەلی کار دوو کاریگەری لەسەر گەنجان هەیە، بەداخەوە کاریگەریەکان زیاتر نەرێنین، ئەو کاریگەرییە ئەرێنیەی هەیەتی تەنها ئەوەیە وا لە گەنجان دەکات بیر لە بیرۆکەی داهێنەرانە بکەنەوە، کاریگەرییە نەرێنیەکەشی ئەوەیە گەنج تاقەتی ئیشی نەبێت، چونکە زۆربەی ئەو کەسانەی بەشێک لە زانکۆ تەواو دەکەن، لە کۆتایدا کارێک ناکەن لەو بەشە بێت، یان بەهۆی کۆمەڵگەوە کە کۆمەڵێک ئیش تایبەت کراوە بە پیاو و ئەمەش وای کردووە بەشێک لە ژنان بێ کار بن.

 

وتیشی: یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە گەنجان بەرەو دواوە ببات هەڵە بەکار‌هێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتییە، بۆیە هەر نەبوونی هەلی کار وای کردووە گەنج کاتێکی زۆری هەبێت و ئەو کاتەش بە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر ببات، بەشێکیان بۆ سوودی ئابووری خۆیان بەکاریدەهێنن، بەڵام بەداخەوە بەشێکیشیان لە پێناوی بڕێک پارەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کەسایەتی خۆیان لەکەدار دەکەن.

 

"سەرقاڵبوونی گەنجان بە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە کێشەکانی زیاد کردووە"

ڕەیان مەولود ئەوەشی خستەروو، نەبوونی هەلی کار سەرچاوەی سەرەکی سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵەیەتییەکانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، چونکە نەبووی کار وا لە گەنج دەکات پەنا بباتە بەر کۆمەڵێک کاری خراپ، گەنجی وا هەیە لەپێناو پارەدا گەنجیتر فریو دەدات و ئەمەش وا دەکات کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان دروست ببن و دواتر سەربکێشێت بۆ کوشتن، بۆیە نەبوونی هەلی کار تەنها زیانی بۆ گەنج نییە، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگە هەیە.

 

دەشڵیت: گەنجان دەبێت خۆیان هەوڵ بدەن و بە دوای کاردا بگەڕێن، لە ئێستاشدا لە هەر بوارێکدا کۆمەڵێک خولی بەهێزکردن و پەرەپێدانمان هەیە، کە گەنجان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن و سوودی لێ وەربگرن، نەبوونی هەلی کار گەنجی بەرەو دوو ڕێگە بردووە، ئەوانیش کێشە دەروونییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانە و وای کردووە گەنج سەرگەردان بێت، ئەگەر گەنج ژیان و کارێکی باشی هەبێت لە وڵاتی خۆیدا هیچ ناچار نییە خاکی خۆی جێبهێڵێت.

 

لە کۆتاییدا ڕەیان مەولود دەڵێت: چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی گەنج ئەوەیە یەکەم شت کە دەبێت حکومەت بیکات، کردنەوەی دەرگاکانیەتی بە ڕووی گەنجاندا، هەروەها ئەو ناوەندانەی گەنج بەرەو پێشەوە دەبەن، هانی گەنجان بدەن، ئێمە دەزانین لە هەرێمی کوردستان حکومەت کەمتەرخەمە، بەڵام لە کۆتایدا ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین ببین بە چی، بۆیە هەر گەنجێک پایە و ئامانجی خۆی دیاریکرد سەرکەوتوو دەبێت.