کۆمین؛ سیستەمی گەل بۆ گەیشتن بە دیموکراسی

بەڕێوەبەرانی کۆمینەکان دووپاتیان کردەوە، کۆمین بنەما و پایەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە، لە ڕێگەیەوە خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش دەکرێت و کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر دەکرێن.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- کۆمین بە خۆبەڕێوەبردنێکی بچووکە، بە واتای گەل تیایدا خۆی بەڕێوە دەبات، تا کۆمەڵگە ئازاد بێت و توانای دابینکردنی ئاسانترین و خێراترین ڕێگاکانی خزمەتکردن و ڕێکخستنی ژیانیان هەبێت.

 

کۆمین پایەی سەرەکی پێکهاتەی خۆبەڕێوەبردنە، بچوکترین پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەرییەکەیە و بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئاسانترین و خێراترین ڕێگا بۆ خزمەتکردنی گەل و ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی، کە لە ڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە لە هەموو بوارەکاندا گەل خۆی خۆی بەڕێوە دەبات، هەموو دەسەڵاتەکانی بڕیاردانی لە پێناو کۆمینەکەدا هەیە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەڕەک یان گوندەکە دەکات، چونکە ئەندامانی کۆمینەکە دانیشتووی گەڕەک یان گوندەکەن، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سیستەمی کۆمینەکان بۆ ڕێکخستنی ژیانیان پەیڕەو دەکەن.

 

کۆمین ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی گەڕەکەکان دەکات

عەبیر محەمەد، هاوسەرۆکی کۆمینی گەڕەکی مزگەوتی ئەلسیدق لە هێڵی ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبج، گرنگی کۆمین لە ڕێکخستنی گەل و پێکهاتەی خۆبەڕێوەبردنی ڕوونکردەوە، “کۆمین بنچینەی خۆبەڕێوەبەرییە و جەستە و ڕۆحی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، چونکە کۆمین لە ئەندامانی پێکهاتەکان پێکهاتووە، بۆیە بنکەی جەماوەری لە کۆمین و ڕۆڵەکەیدا بەرجەستە دەبێت، ئەو خاڵەشی گرنگە، بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی گەڕەکەکەیە بەپێی تایبەتمەندی ئەو ژینگەیەی کە گەڕەکەکە تیایدایە.

 

شاری مەنبج شارێکی تێكەڵە لە پێکهاتەی کورد، عەرەب، تورکمان و چەرکەس، سەبارەت بەم جیاوازییە و شێوازی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنیان، عەبیر محەمەد وتی: گەڕەک هەیە کە دەوڵەمەندە بە هەمەجۆریی پێکهاتەکانیان و کۆمین بەپێی تایبەتمەندییەکان  لەگەڵ هەر پێکهاتەیەکدا خۆی کۆک دەکات، بەجۆرێک کە هەر پێکهاتەیەک دەبینێت کە بەشێکن لەم کۆمینە و بە جیاوازییەکانیان نوێنەرایەتیان دەکات، ئەمەش پێکەوە ژیانی نێوانیان زیاد دەکات.

 

کۆمین لە ٦ لیژنەی بنەڕەتی پێکدێت، کە بریتین لە پەروەردە، تەندروستی، بەرگری و پاراستن، ژنان، خزمەتگوزاری، و دادپەروەری و ئاشتەوایی، عەبیر محەمەد ڕۆڵی کۆمینەکە و لیژنەکانی لە گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: کۆمین نوێنەرایەتی دەنگی کۆمەڵگە دەکات لە خۆبەڕێوەبردن، بەپێی هەر لیژنەیەک لە بەڕێوەبردنی کاروباری گەل و نوێنەرایەتیکردنی دەنگیاندا ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات.

 

گوندەکان لە ڕێگەی کۆمینەوە بەڕێوە دەبرێن

عەلیا فازل، هاوسەرۆکی کۆمین لە گوندی عەسەلییەی ڕۆژئاوای شاری مەنبج، وتی: ئێمە لە گوندی عەسەلییە دەژین، عەسەلییە لە سێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتووە و ئێمە باوەڕمان بە یەکڕیزیی خۆمان هەیە، چونکە ئەو کێشانەی لە گوندەکەدا ڕوودەدەن، کێشەی هەموومانن و ئەو خۆشییەش کە دەژین هەموومان تیایدا هاوبەشین، گوندەکەمان هێڵی بەرکەوتنە لەگەڵ ئەو گوندانەی دەوڵەتی تورکیا داگیری کردوون، زۆرجاریش بەر بۆردوومانی بێ جیاوازی تۆپخانەکانی تورکیا دەکەوێت، ئەو بۆردوومانەی گوندەکەمان دەکاتە ئامانج، ناسنامەمان جیا ناکاتەوە، ئێمە عەرەب بین، کورد بین، یان تورکمان بین ڕووبەڕووی بۆردوومان دەبینەوە و جیامان ناکاتەوە و بە هەموومانەوە لە بەرەی پێشەوەدا خاکی خۆمان و سنوورەکانی گوندەکەمان لە داگیرکاری دەپارێزین.

 

ئەوەی عەلیا فازل لە هاوسەرۆکانی دیکەی کۆمینەکان جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی شارەزایە و بەم شێوەیەش بە زمانی دایکی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گوندەکەی دەکات، دەشڵێت: بە هۆی پەیوەندییم لەگەڵ خەڵکی گوندەکە و لە سێ کولتوور و زمانی جیاوازەوە، شارەزا بووم لە سێ زمان و کاتێک هەر کێشەیەک ڕووبدات یان ئاشتەوایییەک لە نێوان هەر دوو لایەنێکدا دامەزرا، لەگەڵ هەر پێکهاتەیەک بە زمانی خۆی قسە دەکەم و ئەمەیە وامان لێدەکات زیاتر لە یەکتر تێبگەین و پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتر زیاد دەکات.

 

سەباح بۆزان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هێڵی ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبج، وتی: پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک هەموو کۆمەڵەکان بێ جیاوازی زمان، ئایین و مەزهەبەکەی لە باوەش دەگرێت، ئێمە وەک پێکهاتەکانی شاری مەنبج بە شێوەیەکی کارا ڕۆڵ لە بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی ئەم وڵاتەدا دەبینین، لە بچوکترین خانەوە لە هەیکەلی خۆبەڕێوەبردنەوە دەستپێدەکەین، بەناو ئەنجومەنە خۆجێیەکانی هەرێمەکانی شاردا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ئەنجومەنی یاسادانان و جێبەجێکردنی ناو شار، بەم شێوەیە گەلەکەمان و کۆمەڵگەکەمان بەڕێوەدەبەین، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵ دەدەین کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، ئەخلاقی، سیاسی بنیاد بنێین کە دادپەروەری و یەکسانی تێیدا باڵا بێت.