”گەڕانەوەی پارێزراو پاراستنی داهاتووی نەوەیەکە”

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکی ساڵی خوێندن، قوتابیان و خێزانە کۆچبەرەکان دەڵێن: بەردەوامبوونی ژیان لە کامپدا داهاتووی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە و داوای گەڕانەوەیەکی پارێزراو دەکەن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە - لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێ سپی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، نزیکەی حەوت هەزار منداڵی لە تەمەنی خوێندن ڕووبەڕووی مەرجەکانی کۆچکردن و سەختییەکانی گەیشتن بە پەروەردە بوونەوە، هەروەها ٢٦٠ قوتابخانە لە خزمەتگوزاری پەروەردەیی دەرچوون.

 

دەستپێکی پرۆسەی گەڕانەوەی خێزانە کۆچبەرەکان

ئەم دۆخە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردە سەر مافی پەروەردەیی هەزاران منداڵ و قوتابیان ناچار بوون لە دۆخە سەختەکانی کامپپەکان و ناوەندەکانی کۆچبەریدا درێژە بە خوێندنییان بدەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کردنەوەی قوتابخانەکاندا، خێزانەکانی کامپی سەرێکانی لە شاری حەسەکە داوای خێراکردنی گەڕانەوەی پارێزراویان دەکەن، چونکە حەوت ساڵی کۆچکردن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی منداڵان و بە تایبەت لەسەر مافی پەروەردەیان هەبووە، قوتابیان داوای گەڕانەوە بۆ قوتابخانە و ژیانی سروشتیی خۆیان دەکەن، لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦دا، یەکەم کاروانی گەڕانەوەی کۆچبەرەکانی سەرێکانی بەرەو شارەکەیان بەڕێکەوتن، ئەم کاروانە، پاش نزیکەی حەوت ساڵ کۆچکردن، دەستپێکی پرۆسەی گەڕانەوەی خێزانە کۆچبەرەکان بوو، بەڵام گەڕانەوەی کاروانی یەکەم بە بێ کێشە تێپەڕ نەبوو، پاش گەیشتن بە سەرێکانی، هەندێک لەو کەسانەی گەڕابوونەوە، ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە و هەندێک ئۆتۆمبێلیش کە سەر بە کاروانەکە بوون زیانیان بەرکەوت، ئەم دۆخە بووە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی خێزانەکانی ناو کامپەکە و داوایان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەڕانەوە.

 

گەڕانەوەی پارێزراو بۆ پاراستنی نەوەیەک

بۆ هەر خێزانێکی سەرێکانی، گەڕانەوە تەنها دەرچوون نییە لە کامپ، بەڵکو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەڕانەوەی ژیانی منداڵان و داهاتوویان لە بواری پەروەردەدا، کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە تەنها ناتوانێت داهاتووی منداڵان بپارێزێت، تاوەکو گەڕانەوەیەکی پارێزراو و ئارام بۆیان دابین نەکرێت و منداڵان ناتوانن لە ژینگەیەکی ئارامدا درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن.

 

”دەمەوێت بگەرێمەوە بۆ قوتابخانەکەی خۆم”

سەنعا محەمەد إبراهیم، قوتابی  کە لە پۆلی شەشەمدا دەخوێنێت، سەبارەت بە داواکاری خۆی بۆ گەڕانەوە ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەیەوێت بگەرێتەوە قوتابخانەکەی و درێژە بە خوێندن بدات، بۆ ئەوەی ساڵانی ژیانی بە بێ خوێندن تێپەڕ نەبێت و وتی: زۆر بیری قوتابخانەکەم کردووە و دەمەوێت بە زمانی دایکی خۆم بخوێنم و بگەڕێینەوە ژیانی سروشتیمان.

 

ئاوارەیی کاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندکاران هەبووە

دەلال محەمەد لە خەڵکی سەرێکانی، ئامقژەی بەوەشکرد، کە ژیان لە کامپدا و مەرجەکانی کۆچکردن کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر پەروەردەی منداڵان هەبووە وتی: ئەو سەختییانەی ئێمە لە کامپدا دەیبینین، داهاتووی ئێمە دەخەنە مەترسییەوە، ئێمە دەمانهەوێت بە شێوازێکی پارێزراو بگەڕێینەوە سەرێکانی.

 

دەلال محەمەد تیشکی خستەسەر گرنگیی خوێندن بە زمانی دایک و وتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی کردنەوەی قوتابخانەکاندا، دەبێت گەڕانەوەی کۆچبەران خێرا بکرێت، بۆ ئەوەی نەوەیەک لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی کۆچبەران بپارێزرێت و دەرفەتەکانی پەروەردە گەشەیان پێ بدرێت.

 

”ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە گوندەکەی خۆمان و قوتابخانەکانمان”

عەتاب عەلیش داوای گەڕانەوەی بۆ گوندەکەی خۆی ڕیحانییە کرد، ڕوونیکردەوە، کە داهاتووی منداڵان دەبێت لە کامپدا ون نەبێت، داوای دابینکردنی قوتابخانەکان، هاوکارییەکان و گەڕانەوەی منداڵانی بۆ ماڵ و گوندی خۆیان کرد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گوندەکەیان بووە بە داروپەردوو و منداڵان پێویستیان بە گەڕانەوە بۆ ژیانی سروشتی و بەردەوامبوونی خوێندنیان هەیە.

 

”کۆچکردن کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر دەرروونی و پەروەردەی منداڵان هەبووە”

قەمەر ئیبراهیم عەبدۆ، کۆچبەر باسی لە مەرجە سەختەکانی ژیانی لۆچبەران کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، کە منداڵانیان لە حەوت ساڵەوە لە پەروەردە و ژیانی ئارام بێبەش بوون، سەبارەت بە مەرجەکانی ژیان لە کامپدا و بەردەوامبوونی کۆچبەری وتی: ئەو هاوکارییانەی بۆ کۆچبەران دەدران پچڕاون و مەرجەکانی ژیان لە کامپدا ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبن، گوند و ماڵەکانمان وێران کراون و ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە شارەکەمان و ماڵەکانمان لە لەسەرەتاوە تازەبکەینەوە.

 

قەمەر ئیبراهیم تیشکی خستەسەر کاریگەری درێژکردنەوەی کۆچکردنی لەسەر دەروون و پەروەردەی منداڵان و جەختی لەوە کردەوە، کە هەندێک لە منداڵان، بەهۆی مەرجە سەختەکانی ژیانەوە، لە شوێنی ئەوەی بچنە قوتابخانە، لە شەقامەکاندا کار دەکەن و شتەکان دەفرۆشن.، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکان و لایەنە بەرپرسەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر کۆچبەران جێبەجێ بکەن و بۆ گەڕانەوەیان مەرجی پارێزراو و گونجاو دابین بکەن.