"بە ڕادەی توندوتیژییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن حاڵەتەکان تۆمار ناکرێت"

هەرچەندە ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەنووس بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام تا ئێستا ژنان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بەشی بڕیاردانان و باڵادا نین، چونکە خودی دەزگاکان باوەڕیان بە تواناکانی ژنان نییە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- حاڵەتەکانی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بە گشتی و ڕۆژنامەنووسانی ژن بەتایبەت ڕوو لە زیادبوونەوە و دۆخەکە بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس جیاوازە، بەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە و بە هێندەی حاڵەتەکان کەیسەکان تۆمار ناکرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەو ئازادییەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کارەکانیان پێویستیان پێیەتی، لەلایەکی دیکەوە سیاسەتی حزبەکان بووەتە بەربەست و ڕێگری لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان بە گشتی و ژنان بەتایبەت.

 

"تا ئێستاش بەربەست و ڕێگری بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن دروست دەکرێت"

شەونم محەمەد، ڕۆژنامەنووس، دەربارەی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت ڕوونیکردەوە، بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن کەمتر بووەتەوە، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بوێری ژنان و توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ توندوتیژییەکانی سەریان، وتی: هەراسانکردن و توندوتیژی هەر دەمێنێت و هەر بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ژنان خۆیانن کە لە ئێستادا توانیویانە بە ڕووی توندوتیژییەکاندا بووەستنەوە.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، تا ئێستاش ڕێگری لە کارکردنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەکرێت و بەربەست دروست دەکرێت بۆیان بەتایبەت بۆ ژنان، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە خێزان کە تا ئێستاش بەربەست بۆ ژن و کچەکانیان دروست دەکەن، جگە لەوە کۆمەڵگە دەبێت هێندە هۆشیار بێت، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک بەتایبەت ڕۆژنامەنووسی ژن دەست دەداتە بابەتێکی هەستیار یاخود کارێکی ڕۆژنامەنووسی بەربەستی بۆ دروست نەکەن و یارمەتی بدەن.

 

"سیاسەتی حزبەکان ڕۆژنامەنووسانی ترساندووە"

شەونم پێی باشە ئەو لایەنانەی پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن بە تۆکمەتری کار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ ڕۆژنامەنووسی ئازاد بڕەخسێنن، دەشڵێت: توندوتیژییەکان لە ڕاستیدا بوونیان هەیە و ڕۆژانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووش ئەنجام دەدرێت، بەڵام تۆمار ناکرێت چونکە ڕۆژنامەنووسان ترسێندراون و نایانەوێت حاڵەتەکانیان تۆمار بکرێت، بەهۆی قسەی کۆمەڵگە و پێنەدانی دووبارە کارکردن لە جێگەیەکی دیکەدا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە ئەو سیاسەتەی لەلایەن حزبە جیاوازەکانەوە پەیڕەو دەکرێت دووبارە بەربەستی دروستکردووە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بە شێوازێک ڕۆژنامەنووس سەر بە هەر حزبێک نەبێت و لەو ناوچەیەی ئەو حزبە سیاسەتی تێدا دەکات ڕێگری بۆ دروست ببێت تا ئاستی دەستگیرکردن، بۆیە لە ئێستادا ڕۆژنامەنووس بە هەستیارییەوە کار دەکات نەک بە ئازادی.

 

"دەزگاکانی ڕاگەیاندن تا ئێستا لە تواناکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس تێنەگەیشتوون"

هەژان خالید، مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان و ئەندامی سەنتەری میترۆ، دەربارەی ئەوەی تا چەند ڕۆژنامەنووسان توندوتیژییەکانیان تۆمار دەکەن ڕوونیکردەوە، سەنتەری میترۆ کاری هاوکاریکردنە بۆ ئەو کەسانەی لە بواری ڕاگەیاندندا کار دەکەن بە بێ جیاوازی ناوچە و ڕەگەز، وتیشی: لە بوونی هەر حاڵەتێکدا ڕۆژنامەنووسان دەتوانن سەردانی سەنتەر بکەن و یاخود پەیوەندی بکەن، حاڵەتەکان بۆ ژنان زیاترن، چونکە ئەگەر پیاوان جارێک توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت بۆ ژنان دووهێندەیە.

 

مامۆستا هەژان باسی لەوەکرد دۆخەکە بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئاستێکی باشدا نییە، چونکە کۆمەڵگە تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بۆ ژنان بەربەست دروست نەکات، جگە لەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تا ئێستا لە تواناکانی ژن تێنەگەیشتوون هەر بۆیە پۆستی باڵایان پێنادەن.

 

"نەبووەتە کولتوور کەیسەکان ببرێنە بەردەم یاسا"

دەربارەی ئەو کەیسانەی وەک توندوتیژی بوونیان هەیە و تۆمار ناکرێن ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک کات ڕۆژنامەنووسان خۆیان لە هەوڵدا نین بۆ تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە بوونی ئەو فشارەی لەسەر ڕۆژنامەنووس هەیە لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە بۆ ئەوەی کەیسەکە نەجوڵێنێت و بە بێدەنگی بیهێڵێتەوە، هۆکارێکی دیکەش بریتییەوە لەوەی بە کولتوور نەبوونی بردنە داوە بۆ بەردەم یاسا و متمانە نەبوونی کەیسەکان بە لایەنە یاساییەکان، هەر بۆیە کەیسەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە و چەندین ڕۆژنامەنووسی باش هەبوون و بەم هۆیە وازیان لە کارەکانیان هێناوە.

 

لە کۆتایدا هەژان خالید ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان کەم بکرێنەوە پێویستە دەزگا میدیاییەکان سیاسەتی یەکسانی جێندەری پەیڕەو بکەن و یاسایەک دابڕێژن تیایدا مافی ڕۆژنامەنووس پێشێل نەکرێت، جگە لەوەش ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامەنووسان بە گشتی بەشداری خولەکانی ڕاهێنان بکەن و هۆشیار بن دەربارەی ماف و ئەرکیان، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵیان هەبێت لە تۆمارکردنی کەیسەکان و بەرزکردنەوەی بۆ یاسا.