قەیرانی پەروەردەیی لە شاری سەردەشت؛ نەبوونی مامۆستا و قەرەباڵغی لە پۆلەکاندا

کەمیی مامۆستایان و پێویستی خوێندنی زیاتر لە شاری سەردەشت بووەتە بەربەست لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن.

نەسیم محەمەدخواهـ

 

سەردەشت- لە شاری سەردەشت، پرسی نەبوونی مامۆستا و پێویستی خوێندنی بووەتە قەیرانێکی جیددی لە بواری پەروەردەدا، وەزارەتی پەروەردە لە جێگەی دامەزراندنی مامۆستای نوێ و گەنج، داوای زیادکردنی کاتی وانە وتنەوەی مامۆستایانی دامەزراو دەکات بە زیادکردنی ژمارەی خوێندکاران لە هەر پۆلێکدا، یاخود بۆ چارەسەری لە ئەگەر ئەوە دایە کە مامۆستایانی خانەنشین بۆ وانە وتنەوە بگەڕێنێتەوە.

 

سەرەڕای بوونی یاسا سەبارەت بە خوێندنی بێبەرامبەر بۆ خوێندکاران، بەڵام پێدەچێت پەروەردە هەندێک ستراتیژی بگرێتەبەر بۆ ئاراستەکردنی خوێندکاران بۆ قوتابخانە ناحکومییەکان، ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کرێی خوێندن لە خێزانەکان وەربگیرێت.

 

قوتابخانەکان هۆڵی تایبەتیان نییە

لەیلا م. ناوی خوازراوی یەکێک لە مامۆستایانی بە ئەزموونی قوتابخانەکانی شاری سەردەشتە، لەم بارەیەوە وتی: پۆلەکانمان ئەوەندە پڕن لە خوێندکار، بە ئاستەنگ خوێندکاران شوێنێکی گونجاو بۆ دانیشتن دەدۆزنەوە، لە کاتی وانەدا کاتێکی پێویست نییە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی هەر خوێندکارێک و خێزانەکان بەردەوام لەم دۆخە ناڕازین. لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای زیادبوونی پێویستی بە قوتابخانەی نوێ، دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن حکومەتەوە ڕاگیراوە و هەندێک لەو قوتابخانە نوێیانەی کە دروست دەکرێن ستانداردی پێویستیان نییە، زۆرجار ئەم قوتابخانانە هۆڵی پەروەردەیی پێویستیان نییە وەک تاقیگە یان دامەزراوەی وەرزشی، لە ڕاستیدا ئەم قوتابخانانە تەنها چەند پۆلێکیان هەیە کە مێز و کورسییان لەسەرە و بوونەتە ژینگەیەکی ناسەرنجڕاکێش بۆ قوتابیان.

 

لەیلا باس لە پرسی کەمی مامۆستا دەکات و دەڵێت: لە کاتێکدا هەزاران دەرچووی گەنج و بێکار هەن، کەمی مامۆستایان لە قوتابخانەکاندا دروستبوون، پەروەردە فشار دەخاتە سەر مامۆستایان بۆ ئەوەی کاتی زیادە کاربکەن و تەنانەت پێشنیاری گەڕانەوە بۆ خانەنشینەکان دەکات بۆ وانەوتنەوە.

 

مامۆستایان ناتوانن هەموو قوتابیان بە باشی فێر بکەن

سۆما ق.، دایکی یەکێک لە قوتابیانی پۆلی سێی بنەڕەتی سەبارەت بە دۆخی خوێندنی منداڵەکەی دەڵێت: هەرچەندە کچەکەم هەموو ڕۆژێک دەچێتە قوتابخانە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی قوتابیان لە پۆلێکدا بە باشی فێر نابێت، مامۆستاکانیان ناتوانن گرنگی بە هەموو خوێندکارەکان بدەن، لە ئێستادا بەشێک لە مامۆستایان لە ڕێگەی ئەپەکانی وەک "شاد" یان پەیجی ئینستاگرام پەیوەندی لەگەڵ قوتابیان دەبەستن و ناوەڕۆکی پەروەردەیی بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئێمە خۆمان یارمەتی کچەکەم دەدەین بە ڕاهێنانەکانی ماڵەوە قەرەبووی ئەم کەموکوڕیانە بکاتەوە.

 

شەیدا س.، ژنێکی خەڵکی شاری سەردەشت و خاوەنی دوو منداڵە کە قوتابین، سەبارەت بە دۆخی قوتابخانەکانی سەردەشت دەڵێت: بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە شارەکەدا، بەشێک لە قوتابخانەکان بە دەوامی جیاواز وانە دەڵێنەوە، هەرچەندە جاران لە هەندێک قوتابخانە سەرەتاییەکاندا تەنها دوو دەوام خوێندنی تیادا بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی قوتابخانەکانەوە، تەنانەت لە قوتابخانە تەکنیکی و پیشەییەکانیش کە بۆ خوێندکارانی پۆلە بەرزەکانن، منداڵانی قوتابخانە خەریکی خوێندنن تیایدا، ئەمەش گرفتێکی زۆر بۆ منداڵان دروست دەکات، چونکە ئەم قوتابخانانە بۆخوێندکارانن  و پێداویستییەکانی وەکو کورسی و پلیکانەکان بۆ منداڵان گونجاو نین.