"دادگا بوونی نییە بۆیە توندوتیژی دژی ژنان لە ئاستی بەرزدایە"

سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشووری کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام چالاکییەکان و کوشتن و توندوتیژییەکانی سەر ژنان لە ئاستێکدان، کە درک بە بوونی ڕێکخراوەکانی ژنان ناکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری مافی ژنان داوای نەهێشتنی توندوتیژی دەکەن، داوا دەکەن چیتر ژنان نەکوژرێن و بکوژانی ژنان بە سزای خۆیان بگەن، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر کردار، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ژنانی ستەملێکراو بێ دەسەڵاتترن.

 

بەشێک لەم ڕێکخراوانە تەنها بۆ دەستکەوتنی فەند کار دەکەن، بەشێکی دیکەیان بۆ چەواشەکاری کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئەو حزبەی کاری بۆ دەکەن، هەوڵ دەدەن، لە بەرامبەردا هەندێکیان بە پێی ئەجێندای حزب هەنگاو دەنێن، بەشێکی دیکەیان، کە بە ڕاستی هەوڵی چاکسازی بۆ پرسی ژن دەدەن، لەلایەن دەسەڵات و بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا ڕێگریان لێدەکرێت، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، ڕێکخراوەکانی ژنان زۆر و بۆرن، هێندەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، هێندە بۆ مافەکانی ژنان هەوڵ نادەن.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵات هۆکارن بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی"

دیاری فەرەیدوون، چالاکوانی مافی مرۆڤ، دەربارەی زیادبوونی توندوتیژی و حاڵەتی کوشتنی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری کوردستان حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان زیادی کردووە، بەڵکو لە جیهاندا ئەم حاڵەتانە ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام زیادبوونی توندوتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری کوردستان هۆکاری هەڵە تێگەیشتنە لەو پێشکەوتنانەی کە ئێستا تەواوی جیهان و ئەم هەرێمەشی گرتووەتەوە.

 

باسی لە یەکێکی تر لە هۆکارەکان کرد، کە بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و درێژەدانە بەو فکرەی هەمیشە پیاو باڵا دەست دەکات لەناو کۆمەڵگەدا، کاتێکیش ژنان هەڵوێست دەنوێنن و هەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییە ببنەوە، توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، چونکە لە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەحمەتە ژنێک هەوڵی دەسەڵات و سەلماندنی خۆی بدات.

 

"دادگای سەربەخۆ بوونی نییە، بۆیە تاواناباران و بکوژ ناگەن بە سزای خۆیان"

دیاری فەرەیدوون باسی لەوەشکرد، نەبوونی دادوەر و دادگایەکی سەربەخۆ و ئازاد یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، کاتێک توندوتیژی دەکرێت بەرامبەر بە ژنان یاخود بە بیانوویەک دەکوژرێن، دادگا بێتە دەنگ لەسەری، ئەوا کەسی تاوانبار بە سزاکەی خۆی دەگات و یاسا بەرقەرار دەبێت، بەڵام لە نەبوونی یاسادا هیچ یەکسانییەک بوونی نابێت و مافی ژن لەناودەچێت، وتیشی: دادگا نەک لاواز بووە، بەڵکو بوونی نەماوە، چونکە ئەو حاڵەتانەی بوونیان هەیە ڕێژەیەکی کەم ڕێوشوێنی یاسای خۆی گرتووەتەبەر و هەر حاڵەتێک بە بیانوویەک کپ کراوە.

 

ئەو چالاکوانە باسی لەوە کرد، لە جیهان و زۆرینەی وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکانیشدا یاسا سەروەر نییە و مافی ژن نادرێت لە بەرامبەر توندوتیژیەکاندا، لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا سەرژمێری کراوە، لە ماوەی دە ڕۆژدا سێ ژن دەکوژرێت، بۆ هەرێمێکی وەک باشوور بێگومان حاڵەتەکان زۆرترن، چونکە ئەقڵیەتی کۆمەڵگە و کولتوور زیاتر ڕێگرن بۆ پرسەکانی ژنان.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان سست کار دەکەن بۆ پرسی ژن"

دیاری فەرەیدوون دەربارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان باسی لەوەکرد، زۆرینەی ئەو چالاکیانەی ڕێکخراوەکانی ژنان ئەنجامی دەدەن یان لە بۆنەکانی وەک ٨ی مارس و ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، یاخود لەناو هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکاندایە، ئەمەش جگە لە چالاکوانان و ژنانی ناو ڕێکخراوەکان هیچ ژنێکی دیکە لێی سودمەند نابێت، ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت وەک خۆیان دەمێننەوە.

 

بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان کارەکانیان لەناو کۆمەڵگە و خودی خەڵک ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی دەنگیان بگاتە هەموو ئەو ژنانەی لە ناوچە دوورە دەستەکانن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، یاخود ئەو ژنانەی لە سوچی ماڵەکانیاندا گیرکراون و مافی هاتنە دەرەوەیان نییە، ئەمەش لەپێناو کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ئەنجام بدرێت، چیتر حاڵەتەکانی کوشتن لە ژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی ون نەکەن.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان لەلایەن دەسەڵات و دادگاکانەوە کۆت و بەند کراون"

ئەو چالاکوانە بە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانی دەزانێت کە چالاکانە کار بکەن بۆ کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، هەروەها هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەربارەی پرسەکانی ژنان، وەک باسی لێوە دەکات ڕێکخراوەکانی ژنان بە حکومی و ناحکومییەکانەوە بە سستی کار دەکەن، ئەگەر کاریش بکەن لەسەر حاڵەتە هەستیارەکان نەبووە و نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە هەندێک لە ڕێکخراوەکان بە ڕاستی کاریان کردووە بۆ کەیسەکانی ژنان، بەڵام کە دەگاتە سەر یاسا و دادگا ڕێگریان لێدەکرێت، چونکە دادگاکان دادپەروەر نین، بنەڕەتی کاری دادگاکانیش دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دەسەڵات، چونکە چەندین کەیس هەن خودی دادگاش کاری لەسەر کردووە و هەوڵی داوە تۆمەتبار بە سزای خۆی بگەیەنن، بەڵام حکومەت و دەسەڵات ڕێگریان لێدەکات و داڵدەی تۆمەتباران دەدات.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان لەلایەن حزبەکانەوە کۆت و بەند کراون"

لە درێژەی قسەکانیدا دیاری فەرەیدوون ڕوونیکردەوە بەردەوامی کاری ڕێکخراوەکان گرنگە هەرچەندە ڕێگریان لێبکرێت یاخود کارەکانیان سست بێت، بەڵام پێویستە بەردەوام بن، هەروەها پێویستە یەکگرتوو بن لە بەرامبەر کەیسەکانی ژناندا بۆ ئەوەی بتوانم بە کۆ دەنگی مافی ژن بەدەست بهێنن، وتیشی "کێشەی یەکنەگرتنی ڕێکخراوەکانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو حزبە جیاوازانەی لە باشووردا هەن هەر ڕێکخراوێک سەر بە حزبێکە و لەسەر بنەمای حزبەکان کار دەکەن".

 

لە کۆتاییدا دەڵێت؛ هەموو ئەو ڕێگریانەی هەن بۆ کاری ڕێکخراوەکان، بووتە هۆکارێک کە کاری ڕێکخراوەکانی کەمکردووەتەوە، بە جۆرێک ئەمانیش خاریکە کۆڵ دەدەن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، چونکە جگە لەو ڕێگریانەش کە لەسەریان هەن خراپی دۆخی ئابووری دووبارە وایکردووە کارەکانیان پەک بکەوێت، ئەو ژنانەی ناو ڕێکخراوەکانیش لە ڕووی دەروونییەوە هیلاکن بەهۆی هەموو ئەو فشارانەی لەسەریانە و هیچ لایەن و کەسێک نییە دەستیان بگرێت و پاڵپشتیان بکات، ئەمانەش هەمووی هۆکارن بۆ خراپی کارەکانیان.