کەمیی مامۆستا؛ قەیرانێکی چارەسەرنەکراو لە بواری پەروەردەدا

کەمیی مامۆستا لە پارێزگای ورمێ و پارێزگاکانی دیکەی ئێران کێشەیەکی سەرەکییە و کەرتی پەروەردە کەوتووەتە دۆخێکەوە کە ڕاهێنەری پەروەردەیی و بەڕێوەبەریش لە قوتابخانەکاندا ڕۆڵی مامۆستا ببینن و وانە بڵێنەوە.

یارا ئەحمەدی

 

ورمێ- پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، بەشێک لە قوتابخانەکانی ورمێ بە هۆی نەبوونی مامۆستاوە هۆڵەکانی خوێندنیان داخراوە، سەید سەلمان زاکر، نوێنەری ورمێ لە ئەنجومەنی مامۆستایان، لە بارەی کەمی مامۆستایان لە ٥٠٦ قوتابخانەی شاری ورمێ وتی: ژمارەیەک مامۆستامان هەیە لە بوارە جیاوازەکاندا دوور خراونەتەوە.

 

کەمی مامۆستا لە پارێزگای ورمێ و شارەکانی دیکەی ئێران بوونی هەیە، پەروەردە سوود لە بەکارهێنانی ڕاهێنەری پەروەردەیی، سەرپەرشتیار و تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەکان وەک مامۆستا وەردەگرێت، زۆرێک لە مامۆستایانیش بە دوو دەوام وانە دەڵێنەوە، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانیش، قوتابخانەکانی ئێران پێویستیان بە ٧٠ هەزار مامۆستا هەیە.

 

سەحەر م.، دەرچووی زانکۆی فەرهەنگیان، ئەمساڵ دامەزراوە و باس لە کەمی مامۆستا لە قوتابخانەکان دەکات و دەڵێت: من مامۆستام، بەڵام دەبێت هەفتانە ٣٠ کاتژمێر کاربکەم لەبری ٢٤ کاتژمێر، چونکە ئەوان ڕووبەڕووی کەمی هێزی مرۆیی بوونەتەوە، هەرچەندە ئەمساڵ بەشداربووانی تاقیکردنەوەی دامەزراندن زۆر بوو،بەڵام ئەو کەسانە دادەمەزرێنرێن کە گرێدراون بە دارودەستەی حکومەت و حزبەوە، لەکاتێکدا زۆرێک لە خوێندکاران بێکارن، دەیانتوانی دامەزراندن زیاد بکەن بۆ ئەوەی خوێندکاران ڕووبەڕووی کێشەی ئەکادیمی نەبنەوە.

 

  محەممەد ب.مامۆستایەکی بنەڕەتییە، سەبارەت بە کەمی مامۆستا دەڵێت: من لە دەوامی بنەڕەتی کار دەکەم، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندیم پێوەکرا لە کەرتی پەروەردە و ڕاهێنانەوە و وتیان کە پێویستە لە قۆناغی ناوەندیش وانە بە کچان بڵێیتەوە، کاتی وانە وتنەوەی زۆر مامۆستایان وەڕز دەکات و کاریگەری لەسەر کوالێتی خوێندن دەبێت، بەڵام بەهۆی پێویستییەکانی خۆمەوە پەسەندم کرد، چونکە موچەی مامۆستایان کەمە و ناتوانن بژێوی ژیانمان لەگەڵ ئەم دۆخەدا دابین بکەین، بە گشتیش پەروەردە ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە، خەڵکێکی زۆر ئەمساڵ وازیان لە خوێندن هێناوە و سیاسەتی پەروەردەیی هەڵە خەڵکی نیگەران کردووە .