ژنانی گوندی بۆگد سەرقاڵی چاندنی بەرووبوومە وەرزیەکانن

ئاسکە حەسەن لە گوند زەوی کشتوکاڵییان هەیە و دەڵێت: دەمانەوێت بەرووبوومی خۆمان هەبێت و پشت بە بەرووبوومی ناوخۆ ببەستین.

ئەڤین عەزیز

 

کۆیە- گوندی بۆگد بە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆیە، لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە شارۆچکەی ئاشتییە لە کۆیە، مێژووی گوندەکە سەدان ساڵە و بۆ فتوحاتی ئاینی ئیسلام دەگەڕێتەوە، ٣ کڵێسای مەسیحی تێدا بووە، گوندەکە تا ئێستا ئاوەدانە و خەڵکی تیادا دەژیت و سەرقاڵی چاندنی بەرووبومی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانن.

 

"دەمانەوێت بەرووبوومی ناوخۆمان هەبێت"

ئاسکە حەسەن، خەڵکی گوندی بۆگدە و لە شاری کۆیە نیشتەجێیە، بەڵام بە بەردەوام هاتووچۆی گوند دەکات بۆ چاندنی بەرووبوومە جۆراوجۆرەکان لە وەرزە جیاوازەکاندا، ئاماژەی بەوەدا زەوی خۆیان هەیە لە گوند و بەرووبوومی لێدەچێنن،  وەک پاقلە، پیاز، سیر و چەندانی دیکە، وتیشی: دەمانەوێت بەرووبوومی خۆمان هەبێت و پشت بە بەرووبوومی ناوخۆ ببەستین و چاومان لەوە نەبێت هەر لە دەرەوە شتمان بۆ بێت، لە دێر زەمانەوە لەگەڵ ژنانی ئەم گەندە کاری هەرەوەزیمان کردووە، لە هیچ شتێک پەکمان نەکەوتووە و دەمانەوێت هەر ئەوها بەردەوام بین.

 

ئاسکە حەسەن باسی کارکردنی ڕۆژانەی خۆی کرد، کە لە بەیانییەوە هاتوون بە هەرەوەزی زەوییان کێڵاوە و سیر و پیازیان چاندووە، وتیشی: جەوەکەی زۆر خۆشە لەناو ئەم ئاو و هەوا نازدارەدا، ئێمە ساڵانە ئەم کارانە دەکەین، کاتی چی بێت ئەوە دەکەین و ماوەیەکی تر پاقلە پێدەگات، دێین پاقلە لێدەکەینەوە، دوای پاقلە کنگر و کاردی و تۆڵەگە پێدەگات، دەچین بۆ ئەم دەشت و کێوە بۆ هەڵکەندنیان.

 

لە کۆتاییدا حاسکە حەسەن باس لە گرنگی پاراستنی ئەرکی گوند دەکات و دەڵێت: ئەمە کولتووری داپیر و باپیرانمانە دەمانەوێت نەفەوتێت و بە نەوەی ئێستای نیشان بدەین، بۆ ئەوەی بەو ڕێچکەیەدا بڕۆین و بەردەوام بین، جا هەر کارێکی جۆراوجۆر بێت کاری دەشت بێت، وەک گەنم، جۆ، سیر، پیاز، پاقلە، کنگر، کاردی، گوڵە بە ڕۆژە، نۆک، ماش، برنج و بەرهەمەکانی تر.