کچانی ئەفغانی بێبەش بوو لە خوێندن: لە پشت هەموو تاریکییەکەوە ڕووناکی هەیە

یەڵدا شەفەق عەزیمی، سەرۆکی دامەزراوەی شەفەک، ڕایگەیاند، دامەزراوەکە هەوڵدەدات ئەو کچانە پەروەردە بکات کە لە قوتابخانە دابڕێندراون، تا هەنگاو بەرەو ڕزگارکردنی ژنان لە توندوتیژی بدەن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- دوای دوورخستنەوەی ژنانی ئەفغانی لە کار و خوێندن، ژنانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی دیکە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا نیشاندا، دامەزراوەی شەفەق، کە دامەزراوەیەکی تایبەتە بە ژنان، خولێکی دروومانی بۆ ٨٠ ژن کردەوە و دوای زیاتر لە ٦ مانگ ئەو ژنانە توانییان ببن بە خاوەن بڕوانامە.

 

ستارە عەلیزادە، یەکێک لە خوێندکارانی دامەزراوەی شەفەک، باس لەوە دەکات کە دوای نزیکەی شەش مانگ مەشق و ڕاهێنان بەشی درووینی تەواو کردووە و هەوڵدەدات بەهرەکەی وردتر بکاتەوە، دەشڵێت: پێش دەسەڵاتی تاڵیبان، خوێندنم تەواو کردووە و بڕیارمدا بچمە زانکۆ، بەڵام بە فەرمانی تاڵیبان هەموو دەرگاکان لەبەردەم کچاندا داخران، هەر بۆیە بیرم لە ڕێگەیەکی تر کردەوە.

 

ستارە عەلیزادە پەیامێکی بۆ هەموو کچان و ژنان نارد و ڕایگەیاند کە دەبێت لە دژی ئەم بڕیارە دژە ژنانە بوەستنەوە و هەوڵ بدەن خوێندنەکەیان بەفیڕۆ نەچێت.

 

دەبێت ژنان بێ هیوا نەبن

سەحەر ڕەحیمی خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێت: لەگەڵ خوێندنەکەم بۆ فێربوونی کاری دەستی لە دامەزراوەکەدا ناوم تۆمار کرد، خولێکم کردەوە بۆ یارمەتیدانی ژنانی دیکە کە بەدەست بارودۆخی ئابوورییەوە دەناڵێنن، بەڵام کاتێک تاڵیبان کۆنترۆڵی حکومەتەکەی گرتە دەست، ئەوکات من خوێندکار بووم لە پۆلی یازدەهەم، لە خوێندن دابڕێندراین و منیش بە بەردەوامی دەستم بە کارکردن کرد لەم دامەزراوەیەدا.

 

"لەپشت هەموو تاریکییەکەوە ڕووناکی هەیە"، سەحەر ڕەحیمی بەم قسانە داوای لە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کچان کرد بۆ ئەوەی بێهیوا نەبن.

 

لە هەلومەرجی ئێستادا بزووتنەوەی تاڵیبان هانی زۆرینەی ژنان دەدات تەنها فێری کاری ماڵ و چێشت لێنان ببن، چونکە پێیان وایە ژنان بێتوانان لە ئەنجامدانی کارەکانی تر، بۆیە ژنان و کچان ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و خولی ڕاهێنانیان لە بواری درووین و چێشت لێنان کردەوە، بۆ ئەوەی کچانی بێبەش لە خوێندن بتوانن چێژ لە فێربوونی پیشەکان وەربگرن.

 

یەڵدا شەفەق عەزیمی، سەرۆکی دامەزراوەی شەفەق لە میانی وتارێکیدا لە مەراسیمی خەڵاتکردنی ژنانی بەشداربوو، وتی: ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، بۆیە پێویستە ژن و پیاو کارێکی زۆر بکەن بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، ئێمەش ڕاهێنانی پیشەییمان بۆ ئەو کچانەی کە ناچار بوون قوتابخانە بەجێبهێڵن، کردەوە، بە مەبەستی ئەوەی هەنگاوێک بنێن بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە توندوتیژی فرە چینایەتی لە کۆمەڵگەکەماندا.