حاڵەتەکانی توندوتیژی زیاد دەکەن و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیش ئامار بڵاو ناکاتەوە

وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەرچەند هەوڵی شاردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان بدەن، بەڵام کوشتنی ژنان ڕاناوەستێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی و کوشتنی ژنان، ئەقڵیەتی پیاوسالار و دەسەڵاتخواز لە پشتییەوەیەتی و تا نەگەشتنە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژی ئەو ئەقڵییەتە، توندوتیژی و کوشتن هەر بەردەوام دەبێت.

 

ساڵانە هاوشێوەی جیهان، لە باشووری کوردستانیش ئاماری کوشتنی ژنان بەرز دەبێتەوە، هەمیشە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵدا ئامارێکی بەرزی کوشتن و خۆکوشتنی گوماناوی ژنان نیشان دەدرێت، بەڵام کاتێک لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نزیک ببینەوە، ئامارەکان دەشاردرێنەوە و نزیکەی دوو ساڵیشە بەرێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئاماری بڵاو نەکردووەتەوە، بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانیش، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی لە میدیاکان قەدەغە کرد.

 

ئاژانسی نوژنها لە بەردەوامی هەوڵەکانیدا بۆ کۆکردنەوەی ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کرد، بەڵام هیچ کەسێک ئامادە نەبوو، لێدوان و زانیاری بدات.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسەکەمان لە ڕێگەی هەواڵ و بڵاوکراوەکانەوە کۆی کردووەتەوە، توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەم شێوەیە بوو؛

 

هەولێر

بەپێی هەوالێکی میدیای ٩٦٤ دره‌نگانی شه‌وی ١١ی تشرینی یەکەم، له‌ گه‌ڕه‌كی سێتاقانی هه‌ولێر، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پیاوێک‌ شه‌ش فیشه‌كی به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ناوه‌، چواری به‌ركه‌وتووه‌ و بەهۆیەوە گیانی له‌ ده‌ستداوه.

 

هەولێر

لە بەرواری ٤ی نیسانی ئەمساڵ، میهران عەبدولکەریم، ١٧ ساڵ، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی خەبات لە پارێزگای هەولێر، درەنگانی شەوێک لە سەربانی ماڵی خۆیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دوای مانەوەی بە سووتاوی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، شەوی ١٤ی نیسان ئەمساڵ بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەکەی گیانی لەدەست دا.

 

میهران، پێش گیان لەدەستدانی، ئاشکرای کرد، کەسێک بە هەڕەشە و فشار ویستوویەتی لەگەڵیدا بچێتە دەرەوە و پارەی پێبدات، لە ترسا پەنای بردووەتە بەر خۆسووتاندن، بۆ ڕۆژی دواتر پۆلیسی شارۆچکەی خەبات ڕایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە کە بەهۆی هەڕەشەکانییەوە میهران خۆی سووتاند، کەسەکە بە پێی مادەی ٤٠٨ لە یاسای سزادانی عێراقیی ڕاگیراو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا. 

 

بەڵام لە دوای کەمتر لە شەش مانگ، کەسوکاری میهران نیگەرانیان لەو بڕیارە دەربڕیوە و ئاشکرایان کردووە، تۆمەتبار بە کەفالەت ئازاد کراوە.

 

سلێمانی

لە بەرواری ١٥ی تشرینی یەکەم، لە سنووری پارێزگای سلێمانی سێ‌ تۆمەتباری هەڵهاتوو لەسەر ڕفاندنی ژنێکی گەنج دەستگیر کران، پاش دەستگیركردنیان تۆمەتباران دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە كە كچەكەیان ڕفاندووە و دواتر بردوویانە بۆ بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونی توندوتیژی دژی ژنان ‌و خێزان و هەڵهاتوون.

 

ڕاپەڕین 

لە ٢٣ی تشرینی یەکەم، منداڵێکی ٩ ساڵانی کچ بە ناوی "س،ع،ا" دانیشتووی شارەدێی حاجیاوا، شوێنەواری فیشەک بە لەشیەوە هەبووە و براوەتە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی و لە ڕێگادا گیانی لەدەستدا.

 

بە پێی زانیارییەکان کاتێک منداڵە کچەکە لەگەڵ چەند منداڵێکی تر لە ماڵی باپیری، لە گەڕەکی کێوەڕەشی ڕانیە بووە، یەکێک لە منداڵەکان دەستکاری چەکی کردووە و فیشەک بەر "س،ع،ا" کەوتووە.

 

ڕاپەڕین

٢٤ی تشرینی یەکەم، سەنگین قادر ئیبراهیم، تەمەن ٢٥ ساڵ، دانیشتووی شارەدێی حاجیاوا سەر بە هەرێمی ڕاپەڕین، بە شێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات، تا ئێستا هۆکار و چۆنیەتی گیان لەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، جگە لە سەرخۆشی لە بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکیان دەربارەی ڕووداوەکە نەخستووەتەڕوو.

 

هەولێر

شەوی ٢٦ی تشرینی یەکەم، یەکێک لە مامۆستا وانەبێژە ناڕازییەکان بەناوی “جیهان تەها”، لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و ئاگری گرت، بەو هۆیەشەوە جیهان تەها گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ماوەیەک پێش ڕووداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە باسی لە مەرگی خۆی کردووە و نووسیوویەتی ”ڕێگاکەم بەرەو مەرگە، مەرگ بانگم دەکات”، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گومانەکان لەبارەی تیرۆر کردنی جیهان تەها باس دەکرێت.

 

جیهان تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، دایکی دوو کوڕە بە ناوەکانی باران و بیرهات، لە ماوەکانی ڕابردووشدا لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە ڕەخنەی توند لە دەسەڵات و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ دەگرێت و داوای مافی وانەبێژان دەکات.