ئاشتی ڕەفیق؛ تەمەنێک ڕەنج و ماندووبوون لەپێناو خزمەت کردندا

مامۆستا ئاشتی ڕەفیق، بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جعفەر لە شاری کۆیەیە، چەندین ساڵە لە شاری کۆیە خزمەت دەکات و لە مامۆستاییەوە دەستی پێکردووە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ئاشتی ڕەفیق، مامۆستا و بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر لە شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ساڵی ١٩٦٧ لە شاری کۆیە لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی هەر لەو شارە خوێندووە و ساڵی ١٩٩١ بەشی عەرەبی کۆلێژی ئادابی لەشاری کۆیە تەواو کردووە.

 

ئاشتی ڕەفیق لە ماوەی مامۆستایەتیدا لە چەندین خوێندنگەی ئامادەیی کچان و کوڕان وانەی وتووەتەوە، "یەکەم ڕۆژی وانە وتنەوەم لە ١٢ ئامادەیی بووە، ساڵانە چەندین نەوەی خوێدنکارم بەڕێکردووە، هەمیشە پیشەی مامۆستایەتیم لەلا پیرۆز بووە، دواتر وازم لە کاری مامۆستایی هێنا و بەشداری خولی ئامادەیی و ڕاهێنان بووم، ئەو خولانە پێویستین بۆ بەڕێوەبەرەکان، لەبەر ئەوەی فێرمان دەکات کە کۆگاکەمان خاوێن تر بێت لە ژووری بەڕێوەبردن، فێرمان دەکات خوێندنگە بە ماڵی دووەمان بزانین".

 

ڕەوتی ژیانی ئاشتی ڕەفیق لە مامۆستایەتییەوە بەرەو "یاریدەدەری ئامادەیی" بەڕێکەوت، دواتر کرایە بەڕێوبەری خوێندنگەی بنەڕەتی "هاموون"، لە پاڵ کاری بەڕێوبەری، ئەرکی کۆکردنەوەی ئەرشیفی خوێندنگەکەش دەگرێتە ئەستۆ.

 

"٦ مانگ بووەتە قائیمقامی شارەکە"

مامۆستا ئاشتی زیرەکی و چالاکییەکەی هەمیشە بەرەو پێشی بردووە، ماوەی شەش مانگ وەک قائیمقامی شارەکە بە کاتی دەستبەکار دەبێت، وەک خۆی دەڵێت: ئەمانە زیاتر منیان بە خەڵک ناساند، وایانکرد بزانم کەموکوڕی لەکوێدابێت لەوێ ئیش بکەم، دواتر سێ خوێندنگەم لە کۆیە نۆژەنکردەوە لەگەڵ قاوشێکی نەخۆشخانەی دکتۆر شەهید خالید، هەروەها هاوکاری سەنتەری (ماد بۆ توشبووانی کۆرۆنا)م کرد بە هاوکاری خێرخوازانی شاری کۆیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا ئاشتی ڕەفیق باس لەوە دەکات، هاوکاری ناوەندی ئۆتیزمی شارەکەیان کردووە و پێداویستییەکانی بۆ دابین کردبوون، هەروەها تیپێکی هونەری لە گوندی بۆگد بۆ کاری شانۆ، کە زۆر لێهاتوو بوون، لە گوندەکەیاندا سەکۆی شانۆی دروستکردووە و وەک دیاری پێشکەشی گروپەکەی کردووە.

 

دەشڵێت: کاتێک بووم بە بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان چوار گەلەریم کردەوە، هەر خوێندکارێک کە دەردەچوو لەو پەیمانگایە، خەڵاتم دەکرد تا ببێتە هاندەری خزمەتکردن بە شار و کوردستان، لە پاڵ ئەمەشدا پەیمانگای وەرزشیم لەسەر شانەم چونکە یەکەی ژمێریاریان نیە، سێ کارم لەئەستۆ گرتبوو و لە هەرسێکیاندا سەرکەوتوو بووم، هەر ئەوەش وایکرد، وەک یەکەم کەسی ساڵ هەڵبژێردرێم.

 

مامۆستا ئاشتی ڕەفیق لە کۆتاییدا باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان دەکات و دەڵێت: ژن ڕۆڵی کارای هەیە، ئەگەر ئیشی پیاوان جارێک دیاربێت، ئیشی ژنان دووجار دیارە، ئەگەر ئیشی پیاوان جارێک قورس بێت ئیشی ژنان دەجار قورسترە، بەڵام ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە ئاین و دابوونەریت بەسەرماندا زاڵە با بە شێوازی خۆمان هەوڵ بدەین سەرکەوتوو بین، بەهاکان پێشێل نەکەین و نەکەوینە ژێر فشاری پارە و گەندەڵ نەبین، جونکە پەتی ئەمانە کورتە، سەربەرزیت شانازییە، هەروەها سەرەڕای کار کردنی ژنان لە دەرەوە خێزانێکیش هەیە کە دەبێت ژن بەڕێوەی ببات، بەداخەوە، کۆمەڵگەی ئێمە پیاوسالارییەم بۆیە ژنان دەبێت هەموومان یەکگرتوو بین و لە پشت یەکتری بین و یەکتر سەربخەین.