تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٣٩٦ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە

دۆخی ژنان بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانەوە بەرەو خراپبوون دەڕوات و فەرمانبەرێکی دادگاش دەڵێت: ئامارەکانی توندوتیژی ساڵ بە ساڵ لە هەڵکشاندایە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سەرەڕای بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکان لە لایەنی ژیانی و پێداویستییەکانەوە، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆمەڵگەکان، ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ئامارەکانیش ڕوو لە زیادبوونن، کە بە پێی ئامارێکی دادگای لیکۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کە هەر سێ نووسینگەی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و بەکرەجۆ لە شاری سلێمانی لەخۆدەگرێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەزار و ٣٩٦ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوە.

 

لە دوای تۆمارکردن و کۆکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پەڕاوەکان دەچێتە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئامارەکانیش بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەم شیوەیە بوو، لە مانگی کانوونی دووەمدا ٢٤٢ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوە، مانگی شوباتدا ٢٦٥ حاڵەت، مانگی ئادار ١٦٤ حاڵەت، مانگی نیسان ٢٠٠ حاڵەت، لە مانگی ئایاردا ٢٦٧ حاڵەت و لە مانگی حوزەیراندا ٢٥٨ حاڵەت تۆمار کراوە.

 

"دۆخی ژن لە کۆمەڵگەدا بەرەو خراپبوون دەڕوات"

پەخشان محەمەد، فەرمانبەر لە دادگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە دادگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە لە دادگا فشارێکی زۆرمان لەسەرە بەهۆی زیادبوونی کەیسەکانی توندوتیژی لە هەر سێ نووسینگەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەکرەجۆ، ڕۆژانە دەیان کەیس تۆمار دەکرێت، ئیمە بە هەموومانەوە هەوڵ دەدەین کەیسەکان چارەسەر بکرێن، بەداخەوە لە ئێستاشدا کەیسەکانی توندوتیژی ڕوو لە زیادبوونە، تەنها لە نێوان ژن و پیاودا نییە و لە ئێستادا لە نێوان برا و باوک و خوشک و براشدا زیادی کردووە، لە هەر کۆمەڵگەیەکیشدا توندوتیژی زۆر بێت بێگومان دۆخی ژنان باش نیە و دەبینین ڕۆژانە کوشتن و سوکایەتی و خۆسووتاندن لە زیادبوونیدایە، بە پێی ئەوەی خۆم لە دادگا کار دەکەم، دۆخی ژن لە کۆمەڵگەدا لە باشبووندا نییە و ئامارەکانی توندوتیژی ڕوو لە زیادبوونە.

 

"لە ڕابردووشدا کەیسەکانی ژنان زۆر بوون، بەڵام نەدەهاتنە ناو دادگاوە"

پەخشان محەمەد ڕوونی کردەوە، "لە ئێستادا ڕووداوی کوشتنەکان زیاتر دەخرێتە بەر گوێ وەک لەوەی توندوتیژیەکان باس بکرێن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاری ڕاگەیاندنەکان، لە پێشتریشدا توندوتیژی هەبووە، بەڵام لەبەر هۆشیار نەبوونی خەڵک بە دادگا کەیسەکانیان نەدەهاتە دادگا و تۆمار بکرێن، لە ئێستاشدا بەشێک لەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت دەڕۆنە شێڵتەرەکان تا چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆیە لەم کاتەدا هەبوونی شێڵتەر گرنگی خۆی هەیە، کەیسی وا هاتووەتە لامان کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بووە و لە ماڵەوە هەڵهاتووە کە توندوتیژی بەرامبەر کراوە، بۆیە ئێمە دەینێرینە شێڵتەرەکان، ئەگەر نەڕواتە ئەوێ دوور نیە لە دەرەوە ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی ببێتەوە، لە شێڵتەر دەمێنێتەوە تا خێزانەکانیان دێن و دوای وەرگرتنی بەڵێن ئینجا دەیاننێرینەوە لەگەڵ خێزانەکانیان".

 

"ژنان هۆشیارن و لە کاتی توندوتیژیدا پەنا دەبەنە بەر دادگا"

پەخشان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە بەو پێیەی لە دادگادا کار دەکەم هیچ ساڵێک نەمبینیوە ئامارەکان ڕوو لە کەمبوون بکەن، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ئاماری توندوتیژ و جیابوونەوەش ڕوو لە زیادبوونە، لە ئێستادا ژنان تا ڕادەیەک هۆشیاربوونەتەوە لە مافەکانی خۆیان و کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت پەنا دەبەنە بەر دادگا و سکاڵا تۆمار دەکەن، ئەمەش کارێکی باشە، بەڵام ڕێنمایی ئێمە بۆ ژنان ئەوەیە لە کاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکدا هەوڵ بدەن بە لەیەک تێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر وا چارەسەر نەبوو ئینجا پەنا ببەنە بەر دادگا، ئێمە لە دادگا لیژنەی ئاشتەواییمان هەیە بە چەند لیژنەیەک و چەند جار دانیشتن کێشەی خێزانەکان چارەسەر دەکات.

 

وتیشی: ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەر ماوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و لای پیاوان بووە بە نەریت، ئەرکی ئێمە و ڕێکخراوەکانە کاتێک هۆشیاری بڵاو دەکەیەنەوە بۆ هەردوو ڕەگەز بێت، بۆ ئەوەی پیاوانیش ئاگایان لە ماف و ئەرکی ژنان بێت، چونکە هەبوونی هەر توندوتیژیەک لەناو خێزاندا تەنها ژن زەرەر ناکات، بەڵکو منداڵیش زەرەرمەندی یەکەمە.

 

"لە کاتی کێشەکان ژنان پەنا نەبەنە بەر خۆکوشتن لە کاتیکدا دادگا هەیە"

پەخشان محەمەد لە کۆتایدا وتی: دادگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەمیشە بەدواداچوونی کردووە بۆ کەیسەکانی ژنان، پەیامی من ئەوەیە خێزانەکان تا دەتوانن کێشەکانیان بە لەیەک تێگەیشتن چارەسەر بکەن و لە کاتی چارەسەر نەبوونیشی ژنان پەنا نەبەنە بەر خۆکوشتن و پەنا ببەنە بەر دادگا.