شیرین تاهیر: ساکینە سیمبولی تێکۆشانی ژنانە

بەشێک لە کۆمەڵگەکان هەمیشە ئاستەنگی دەهێننە ڕێگەی ژنانی هەڵگری بیری ئازادی و شیرین تاهیر هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لەو کۆمەڵگەیانەی دابوونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دەبنەوە کە تێکۆشان لە پێناو ئازادیدا دەکەن، چونکە ژنی ئازاد مەترسیە بۆ سەر دەسەڵات و کۆمەڵگە پیاوسالارەکان، بۆیە هەمیشە ژنانی پێشەنگ، لە نمونەی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، ئەڤین گۆیی و ناگیهان ئاکارسەلدا دەکرێنە ئامانج.

 

"ساکینە جانسز ژنە تێکۆشەرێکی گەورەی کورد بووە"

شیرین تاهیر، سەرنووسەری گۆڤاری تەوار، ئاماژەی بەوەکرد، ساکینە جانسز شەهیدێکی قارەمان و سیمبولێکە بۆ تێکۆشانی ژنان و نەتەوایەتی، کاتێک گوێمان لە ناوی دەبێت یان شتێکی دەبینین و دەخوێنینەوە یادمان بۆ ئەوە دەچێت کە ساکینە کەسێکی ئاسایی نەبووە، ژنە تێکۆشەرێکی گەورە بووە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵ بووە بەسەریدا، ئەو هاتووەتە دەرەوە و گەشەی بە هۆشیاری خۆی داوە.

 

"ئامانجی ساکینە جانسز ئامانجی هەموو ژنانە"

شیرین تاهیر ڕوونی کردەوە، ساکینە جانسز پەرەی بە ئازادی و بیری چەپ داوە، توانیویەتی سێ بیری جیاواز لە خۆیدا بەرجەستە بکات، بیری ژنۆلۆژی، چینایەتی، نەتەوایەتی ئەم سێ بنەمایە لە تێکۆشانی ساکینە جانسزدا خاڵی سەرەکی بوون بۆ چەسپاندنی ئازادی لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانەی بڕوای پێی هەبووە و ئەو ڕێبازەی لەسەری بووە، ئامانجی ساکینە جانسز ئامانجی هەموو ژنانە، ڕەنگە هەر یەکەو بە ئاڕاستەیەکدا ئیش بکات، بەڵام خەباتەکەی ئەو ڕەنگدانەوەی بەسەر ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستادا هەبووە، ژنانی هەر چوار پارچە و جیهان وەکو ڕەمزێک بۆ تێکۆشانی بیری ئازادی دەیبینن.

 

"کۆمەڵگەی پیاوسالاری لە ئازادی ژنان دەترسێت"

شیرین تاهیر باسی لەوەشکرد، هەر ژنێک بیرێکی ئازاد هەڵبگرێت لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا هەمیشە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە، چونکە کاتێک پیاوێک بیرێکی ئازادی هەیە، تەنها مەترسی سیستمەکەی لەسەرە، مەترسیەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری لەسەر نییە، بەڵام کاتێک ژنان بیر لە ئازادی و بەرگریکردن لە مافەکانیان دەکەنەوە، دەبنە مەترسی تەنانەت بۆ پیاوانی ئاسایی، نەک تەنها ببنە مەترسی بۆ ئەو پیاوانەی لە سیستمەدان و پلەیەکی بەرپرسیاریتیان هەیە، بۆیە بیری ئازادی لای ژنان زیاتر ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە وەک بیری ئازادیخوازی لای پیاوێک.