زەینەب جەلالیان لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەشكراوە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد ئاشکرایکرد، لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەشكراوە.

ناوەندی هەواڵ
ماوەی ١٧ ساڵ بەسەر زیندانییکردنی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە زیندانی هەتا هەتایی لە زیندانی یەزد تێدەپەڕێت، سەرەڕای خراپی باری جەستەیی هێشتا لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەشكراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد ڕایگەیاند، ژنێکی زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوی زەینەب جەلالیان سزادراو بە زیندانی هەتا هەتایی لە زیندانی یەزد سەرەڕای خراپی باری جەستەیی هێشتا لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەشكراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، زەینەب جەلالیان تووشی نەخۆشی چاو، گورچیلە و گەدە بووە، هەروەها لە لایەن بەرپرسانی زیندانەکەوە ڕێگری لە چارەسەرکردنی دەكرێت.
زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٠٠٧ بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و لە ٢٥ـی شووباتی ٢٠٠٨ خرایە زیندان و زیندانیی كرا، دواتر بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژە ڕژێم"، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و سزای لەسێدارەدانی زەینەب جەلالیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوە و دادگای باڵای ئێران پشتڕاستکرایەوە، بەڵام دواتر سزاکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.