هەڵەبجە
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخی گشتی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجە، ڕێکخراوی نوێ پێشەنگایەکی بۆ بەکلتور کردن و بەکارهێنانی تورەکەی خام بە دروشمی "ژینگەمان جوانە با بە نایلۆن وێرانی نەکەین"، کردەوە، ئەم پێشەنگایە بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستان و لە چوارچێوەی پرۆژەی با کوردستان سەوز بکەین بەڕێوەچوو.
لە پێشەنگاکەدا چەندین جۆری تورەکەی خام بە دیزاینی جۆراوجۆر نمایشکران، هەر لەوێشدا چەندین ژنی گەنج ئامادەبوون کە نەخش و وێنەیان لەسەر تورەکە خامەکان دەنەخشاند، کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە ژینگەپارێزان و دانیشتوانی شاری هەڵەبجە تێیدا بەشداربوون.
سارا سەلام لێپرسراوی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوی نوێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: مەبەستمان لەم پرۆژەیە زیاتر ناساندنی تورەکەی خامە و بەکارهێنانیەتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، چونکە نایلۆن زیانێکی ئیجگار زۆری بۆ ژینگە هەیە، سارا باسی لە هەڵمەتی سەوزکردنی ژینگەکرد و وتی: هەڵمەتێکی دیکەمان هەیە لە قوتابخانەکاندا بەڕێوە دەچێت، کە مەبەستمان هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و سەوزکردنی ژینگەکەیانە.
شادان حەبیب دیزاینەری نەخشی تورەکەکان باسی لەوە کرد ئامانجمان بە کلتورکردنی تورەکەی خامە تا لەجێی نایلۆن بەکاری بهێنیت و ژینگە بپارێزیت، وتیشی: هەر ڕێکخراو و شوێنێک لەسەر داوای خۆیان دەتوانین نەخشیان بۆ بکەینە سەر تورەکەکان.
ڕێکخراوی نوێ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاری بۆ پاراستنی ژینگە و مافی ژنان کردووە، تاکو ئیستاش بەردەوامە لە کار و پرۆژەکانی و چەندین چالاکی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخستووە.
ت.پ



