بەرچەم جودی
کۆبانێ – ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژی دژی ژنان، بە درێژایی ساڵان مسۆگەر کراوە، پەسەندکردنی ئەم ڕۆژە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٩دا بووە، ئەم ڕۆژە پشت دەبەستێت بە سێ خوشکانی میرابێل کە لە ساڵی ١٩٦٠دا لە کۆماری دۆمینیکان تیرۆر کران.
لە سەردەمێکدا، کە سەرەڕای پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی ڕوودەدەن، ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە شێوەیەکی مەترسیدار زیاد دەکات، ئیتر ژنان تێکۆشان دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی تەنها بە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە نابەستنەوە، بە پێچەوانەوە، وتیان: دەبێت هەموو ڕۆژەکانیان بگۆڕدرێن بۆ ڕۆژانی تێکۆشان و شۆڕش.
لەم بوارەدا ژنانی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵسەنگاندن و پەیامە گرنگەکانیان لەگەڵ ئێمەدا هاوبەش کرد.
"لە دۆخی ژناندا گۆڕانکاریی بەرچاو ڕوویان دا"
شەمسێ محەمەد ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا شایەتحاڵی بووە، بۆ ئێمە گێڕایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێستا تەمەنی ٧٠ ساڵە و وتی: لە سەردەمی گەنجیی مندا ژنان لەژێر ستەمێکی زۆر گەورەدا بوون، ئەو کاتانە ژنان تەنها بۆ کارکردن، بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵ و گەورەکردنی منداڵان بەکار دەهێنران، بە شۆڕشی ١٩ی تەمموز ئەم تێگەیشتنانەی کە ژن تەنها هی ماڵە، لە کۆمەڵگەکەماندا تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕا، بە سایەی ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ئازادیی ژن، تێگەیشتین کە وەک مرۆڤ مافمان هەیە و وەک ژنیش بوون و ڕۆڵی خۆمان لەناو کۆمەڵگەدا هەیە.
"لە دژی توندوتیژی ڕێبازی کاریگەر هەڵبژێرن"
شەمسێ محەمەد بۆ ژنان ڕوونیکردەوە، کە "با تێکۆشان ئامانجمان بێت" و وتی: سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی ڕوویان دا، تا ئێستاش زۆر ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین ژن و پیاویش لە کۆتاییدا مرۆڤن، هەرچۆن پیاوان خاوەن کەرامەتن، ژنانیش مافی ژیانێکی بە کەرامەتیان هەیە، بەم بۆنەیەوە داوا لە ژنان دەکەم خۆیان لە ژێردەستەیی ڕزگار بکەن و داوای ژیانێکی بێ توندوتیژی بکەن. لە جیاتی ئەوەی ژنان لە ئەنجامی توندوتیژیدا پەنا بۆ ڕێگاکانی خۆکوشتن ببەن، با تێکۆشان بکەن و کۆمەڵگە بگۆڕن.
"ئەو سیستمەی ئێمەی تێداین لەسەر توندوتیژی بونیاد نراوە"
ژنێک بە ناوی بێریڤان حەسەن سەرنج دەخاتە سەر ئەو توندوتیژییەی کە پشت بە بەسیاسیکردن دەبەستێت و وتی: لە دژی ژنان چەندین ڕێبازی توندوتیژی پەیڕەو دەکرێن، لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی هەیە، سیستمی جیهانی کە ئێمە تێیدا دەژین، بە تەواوی لەسەر توندوتیژی بونیاد نراوە، بۆیە دەبینین کە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە ناوەندی ئەم توندوتیژییەدان، لە سووریا و بە گشتی لە جیهانیشدا، لە کاتی دروستکردنی سیستمەکاندا، ژنان وەک ئیرادەیەک کە بەشدار بێت، حسابیان بۆ ناکرێت، هەر بۆ ئەم ڕێبازەی ئێستا زۆر بەکاردەهێنرێت کە ژنان لە مەیدانەکانی بڕیاردان دوور دەخرێنەوە و ئەمەش بە ئەنقەست دەکرێت.
"دەبێت ژنان سووریا بەڕێوە ببەن و سیستمێکی بێ توندوتیژی دروست بکەن"
بێریڤان بە تایبەتی بۆ ژنانی سووریا ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد وتی: بانگەوازی من بە تایبەتی بۆ ژنانی سووریا هەیە، چ لە دژی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستی و چ لە دژی حکومەتی ناوەندی، دەبێت خاوەن ئیرادە، تێکۆشان و هێز بین، پێویستە وەک ژن خاوەنی ئەم وڵاتە و بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکەمان بین، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی تەندروستی بێ توندوتیژی دروست بکەین، دەبێت ژنان پێشەنگایەتیی بەڕێوەبردنی بکەن، دەزانین لەم بوارەدا باری هەموو ژنان سەختە، بەڵام ئێمە بە ئەندازەی ئەم بەربەستانە سەردەکەوین و بۆ سووریایەکی دیموکراتیک و یەکسان کە مافی ژنان مسۆگەر بکات و تێکۆشانی هاوبەشمان بەردەوام بێت.
"ژنانی بەهێز و تێکۆشەر ئامانجی هێزە توندڕەوەکانن"
حەلیما عوسمان کە وەک بریندارێکی جەنگی شۆڕشی ژنە، بە ”زمان و مێشکمان بەسە”، وتی: ئێمە بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە ڕەخنەدانەوەی خۆمان پێشکەش دەکەین بەرامبەر بە هەموو ئەو ژنانەی کە تا ئێستا لەژێر توندوتیژیدا بوون و ئەو ژنانەی کە تیرۆر کران، بۆ ئەوەی ئیتر ژنان لەبەر ئەو توندوتیژییەی کە پەیڕەو دەکرێت نەنێژین، دەبێت ئەمساڵ بکەینە ساڵی شۆڕش دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، هێزە گەورەکان لە ئیرادەی ژنان دەترسن، نموونەشی منم، دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کار و تێکۆشانمان ڕابگرێت، سەدان ژنی وەک منی کردە ئامانجی هێرشەکانی، بۆیە ئەگەر دەست و قاچێکیشم نەبێت، زمان و مێشکمان هێشتا هەر ماوە.
"ئەوەی ژنان ڕەت بکاتەوە ئێمەش عەقڵییەتەکەی پەسەند ناکەین"
حەلیما ڕایگەیاند، کە بەبێ ئازادیی ژن، ئازادیی کۆمەڵگەش دڵنیای نییە و سووربوونی خۆی بەم قسانە دەربڕی: لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە سووریا ئەمساڵ دۆخی ژنان هەستیارە، حکومەتی کاتی کە ئێستا لەسەر دەسەڵاتە، ژنان بە هەموو شێوەیەک لە ڕۆڵ و مەیدانە کاریگەرەکان دوور دەخاتەوە، هەرچۆننێک بێێت ئەم حکومەتە بوونی ژنان ڕەت دەکاتەوە، ئێمەش ئەم عەقڵییەتە پەسەند ناکەین، دەبێت لە سەرووی پلانی ئەمساڵماندا تێکۆشانی مسۆگەرکردنی ماف، ناسنامە و بوونی ژنان لە داهاتووی سووریادا بێت، لەم بوارەدا با کۆمەڵگە لەبیری نەچێت، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، دڵنییای نییە ئەویش ئازاد بێت.




