ژنانی ڕەققە: ئێمە پشتیوانی پڕۆژەی ئاشتی دەکەین
ژنانی کانتۆنی ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیان لەوە کردەوە کە کار بۆ بەدیهێنانی دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاشتی دەردەبڕن
سیبیلیا ئیبراهیم
ڕەققە-لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، دەم پارتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، لەم دیدارەدا ڕێبەری گەلی کورد هەڵسەنگاندنی زۆر گرنگی کرد، لەنێو ئەو هەڵسەنگاندنانەشدا ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانێت ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەموو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێتە ئاراوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەموو دەوڵەتەکان دەبێ دەستبەرداری بەرژەوەندییە تەسکەکانیان بن.
گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خۆشییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە دیدارەکە لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد و لە هەمانکاتدا ئەو پەیامە بە دەرفەتێکی گەورە بۆ بونیادنانی ئاشتی پێناسە دەکەن.
ژنانی کانتۆنی ڕەققە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە گرنگی ب ڕێبەری گەلی کورد بیرو بۆچوونی ڕێبەر قسەیان بۆ ئاژانسەکەماندا کرد.
"هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە زۆر گرنگن"
شێرین قەواس، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل باسی لە گرنگی بوونی ڕێبەری گەلی کورد کرد و وتی: نامەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دواییەی بۆ ئێمە زۆر گرنگ و واتادارن، ئەو نامەیە مافی هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانی تێدایە. هەروەها ئامانجی ئەم نامەیە بونیادنانی پرۆسەی ئاشتییە. هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەم پڕۆسە هەستیارەدا کە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕن، زۆر گرنگن، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و گواستنەوەی سووریا بۆ پرۆسەیەکی نوێ.
"نەتەوەی دیموکراتیک مافی پێکهێنەرانی خۆی دەپارێزێت"
شێرین پشتیوانی و هاوسۆزی خۆی بۆ پرۆسەی بونیادنانی ئاشتی دەربڕی و وتی: گەلی سووریا دەبێت هاودەنگی خۆی بەهێزتر بکات و یەکێتی خۆی لە دەوری دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ بونیاد بنێت، ژنان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە بۆ گەیاندنی نامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو جیهان، بەو پێیەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات پڕۆژەیەکی ئاشتی و دیموکراسییە و مافی هەموو گروپەکان دەپارێزێت، ژنان لە ڕێگەی بیر و بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆوە ئازادی خۆیان بەدەست هێنا و ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا نیشان دا، لەڕێگەی کۆبوونەوەکانەوە هەوڵدەدەین پڕۆژەی ئاشتی بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا بڵاوبکەینەوە.
"پشتگیری لە پڕۆژەی ئاشتی دەکەین"
فاتمە عەلاوی،هاوسەرۆکی کۆمیتەی ئاشتەوایی پاڵپشتی خۆی بۆ پڕۆژەی ئاشتی دەربڕی و وتی: ئێمەی ژنان پشتیوانی خۆمان بۆ پڕۆژەی ئاشتی دەردەبڕین کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش کراوە، ئەم پڕۆژەیە دوای چەندین ساڵ شەڕ و ململانێ ئارامی و ئاسایشمان بۆ دەهێنێت، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە پاڵپشتی و جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بن، چونکە ئەم پڕۆژەیە ڕێگای بونیادنانی ئاشتی و ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سووریا.