ژنانی كۆیە بەشداری پاککڕاگرتنی ژینگەن
لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، لەلایەن ژینگە دۆستان هەڵمەتێکی نەمام چاندن و خاوێنکردنەوەی بناری چیای هەیبەت سوڵتان ئەنجامدراو ژنان تێیدا بەشداربوون.
شیا کۆیی
کۆیە-بەبۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستان لە شاری كۆیە هاوشێوەی شارەكانی دیكەی كوردستان چەند چالاكیەك بەڕێوە چوو، سەرەتا بەشێك لە ستافی سەرۆكایەتی شارەوانی كۆیە هەستان بەچاندنی نەمام لە گردی نەورۆز، پاشان بە دروشمی ( ژینگەی کوردستان ناسنامەی ئێمەیە با بیپارێزین) بە چاودێری قائیمقامی کۆیەو بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری کۆیە بە بەشداری بەشێك لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و ڕێکخراوەکان و ژینگە دۆستان.
نیگار حەمەد، مامۆستای پەیمانگای وەرزشی كۆیە وتی: ئێمە ئەمرۆ لێرە كۆبووتینەوە بۆ هەڵمەتی پاکكردنەوەی شوێنی گەشتیاری هەیبەت سوڵتان بە بۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستان، كە لەمرۆژەدا كوردستان و دۆڵی بالیسان كیمیاباران كرا لەلایەن رژێمی بەعس و گشت ڕەزو باغەكانی دەشتی كۆیەو ئەو سنوورە لەناو بردران و سووتێندران.
وتیشی: ئێمە هەموو كات لە پەیمانگا بێت یان وەك ڕیكخراوی شاخەوانی لەهەرشوێنێک بین پارێزگاری لە ژینگە دەكەین، ژینگە واتە پاك ڕاگرتنی ژینگە كە هەموو كات دەبێت پارێزەری ژینگە بین، ئەو سروشتە جوانە تێك نەدەین ولەناو نەچن، ماددەكانی پلاستیك و شوشە فرێ نەدەین چونكە ئەوانە زۆریان دەوێت تا شیببنەوە لەناو خاك، بۆیە داواكارم لە خەڵك كاتێك دێن بۆشوینەكانی گەشتیاری پاشماوەكان لەگەڵ خۆیان ببەنەوەو كە ڕۆیشتن شوێنی خۆیان خاوێن بكەنەوە.
شەهێن ئیبراهیم، لە پەروەردەی كۆیە وتی: پەیامی من بۆ هەموو تاكیك كە لەو كوردستانە پاراستنی ئەو ژینگە پاكە بن ئیمە خاوەن ژینگەیەكی پاك و جوانین، پێویستە بەئەمانەتەوە پیشكەشی نەوەكانی دوای خۆمانی بكەین، چونكە پاكوخاوێنی ژینگە ئاستی رۆشنبیری كەسەكان پیشان دەدات، ژینگە سەتڵی خۆل نییە تۆی هاوڵاتی بە ئارەزووی خۆت شتی تێدا فڕێ بدەیت، بۆیە لەكۆتایی دەڵێم ئەركی سەرشانی هەموومانە كە پارێزگاری لە ژینگە بكەین وەك ماڵی خۆمان.
"ژنان زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی ژینگە دەکەن"
ئاڤان ئەحمەد وتی: بەبۆنەی رۆژی ژینگە هاتووین بۆ پاكکردنەوەی ئەو شوێنە گەشتیاریە، ژینكە ئەوشوینەیە پێویستە وەك ماڵی خۆمان بیپارێزین چونكە ئەوە ژینگەی ئیمەیە، بەتایبەت داوا لە ژنان دەكەم كە پارێزەری ژینگە بن چونكە ژنان زیاتر هەستی بەر پرسیاریان هەیە وهەست بەگرنگی خاوینی دەكەن، داواكارم هەموو بێجیاوازی پارێزگاری لە ژینگە بكەن.
بەهرە رەزا، مامۆستا لە زانكۆی كۆیە و شارەزای باری ژینگە وتی: پێویستە هەموو رۆژێك رۆژی ژینگە بێت و هەمیشە ئێمە خەڵكی هۆشیار دەكەینەوە كە پارێزەری ژینگە بن، چونكە گەر بزانن ئەو ماددە ڕەقان بە شوشەو پلاستیك...چەندە مەترسی لەسەرخاك هەیە باوەڕ ناكەم كەس شت فڕی بدات،چونكە ئەو خاكە گەر تێكەڵ بەو ماددە بوو ووردە ووردە بەهای لەدەستدا هیچی تێدا شین نابیت، بەبیابان بوون روو دەدات، زۆر كەس وشەی نیشتمان هەموكات لەسەرزاریەتی بەڵام لە كردارەكانی نابینی وابێ چونكە گەر بەڕاستی تۆ تاكێكی كورد پەروەری و نیشتمانت خۆشدەوێ دەبێ ژینگەكەشیت خۆشبوێت.
بەهرە رەزا، نەشیشاردەوە كە ژنان زیاتر لە پیاوان هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن بەرامبەر بەژینگە بەتایبەت لەوەرزی بەهاران كە ڕوودەكەنە شوێنە گەشتیاریەكان دەبیین ژنان زیاتر خەمخۆرن، هەرچەندە ئیمە پێمان خۆشە هەردوو رەگەزبێت بەبێ جیاوازی هەستی بەر پرسیارێتیان هەبێت بە رامبەر بە ژینگە.