مەحاسن عەبدولڕەحمان مەدڵا- ئەندامی کۆمەڵەی ژنان لە لوبنان
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ململانێیانەی ڕوو لە هەڵکشان دەکەن کە هەرێمی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ئازارەکانی ژنان وەک یەکێک لە توندترین و ئاڵۆزترین قەیرانە مرۆییەکان دەردەکەون، شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان چیتر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی سنووردار نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ قەیرانی هەمەلایەنە کە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵگەکاندا دەکەون و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە و ڕۆڵی تاکەکان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا دادەڕێژنەوە، ژنان لە یەکەم کەسەکان بوون کە باجێکی سەختیان داوە بۆ ئەم گۆڕانکارییە توندوتیژانە، لە کاتی ململانێدا ژنان نەک هەر ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی توندوتیژی دەبنەوە بەڵکو دەرئەنجامەکانی ڕووخانی دەوڵەت و نەبوونی سەروەری یاسا و دابەزینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتیش هەڵدەگرن، زۆرجار دەبنە تاکە بژێوی خێزانەکانیان، بەرپرسیارن لە مانەوە لە بارودۆخێکی سەختدا کە بە ترس و ناسەقامگیری و نەبوونی هیوا تایبەتمەندن.
ئازاری ژنان لە ململانێکاندا ناتوانرێت بە دابڕان لەو چوارچێوەیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە تێبگەین کە ئەم ململانێیانە تێیدا سەرهەڵدەدەن، شەڕەکان لەگەڵ شێوازە مێژووییەکانی هەڵاواردن و نایەکسانیدا یەکدەگرنەوە و ژنان زیاتر بەرەوڕووی دەستدرێژی و پەراوێزخستن و بەکارهێنان دەبنەوە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە پێشتر بەر لە هەڵگیرسانی ململانێکان بەدەست سستی مافەکانی ژنانەوە دەناڵێنن.
شەڕەکانی سەردەمی شێوازی نوێی توندوتیژییان لێکەوتەوە کە چیتر جیاوازی لە نێوان خەڵکی مەدەنی و شەڕکەردا ناکەن، تەواوی کۆمەڵگەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی شەڕی کراوە، ژنان لە دڵی ئەم بەئامانجگرتنە فرەلایەنەدا بوون، تووشی پێشێلکاری جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بوون، لەوانە توندوتیژیی ڕەگەزی، بەکارهێنان، زۆرەملێکردن و داگیرکردنی ئازادی و شکۆمەندی.
زۆرجار جەستەی ژنان وەک مەیدانی شەڕ، ئامرازێک بۆ زۆرکردن، تۆڵەسەندنەوە یان داگیرکردن بەکاردەهێنرێت، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، ئەم تاوانانە پەڵەی قووڵ بەجێدەهێڵن کە لە خودی زیانبەرکەوتووان زیاتر درێژدەبێتەوە بۆ خێزان و کۆمەڵگەکانیان و سووڕی بێدەنگی و ترس و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم تاوانانە دەتوانێت ساڵانێک بەردەوام بێت.
ئاوارەبوونی زۆرەملێ یەکێکە لە دەرئەنجامە هەرە بەرچاوەکانی شەڕە چەکدارییەکان، کە ملیۆنان ژن ناچار دەکەن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای پارێزراویدا بگەڕێن، لەم گەشتە دوور و مەترسیدارانەدا، ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بێئەندازە دەبنەوە، لەوانە لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون، نەبوونی تایبەتمەندی، کەمی خۆراک و ئاوی پاک و نەبوونی چاودێری تەندروستی، بەتایبەتی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی لەدایکبوون.
لە کامپەکانی ئاوارە و پەنابەران، بارودۆخی مرۆیی خراپتر دەبێت، چونکە ژنان لە ژینگەیەکی قەرەباڵغدا دەژین کە کەمترین مەرجەکانی ژیانێکی شایستەیان نییە، بەدەست کەمی سەرچاوە و خراپی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی پاراستنی یاساییەوە دەناڵێنن، زۆرجار ژنان بەرپرسیارێتی پشتگیریکردنی خێزان لە ئەستۆ دەگرن دوای لەدەستدانی هاوژین یان بژێوی ژیان، لە نێوان هەلی کار سنووردار و دامرکاندنەوەی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ململانێکان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ژنانیکردنی هەژاری، کە ژنان بوونەتە زۆرترین کاریگەری داڕمانی ئابووری لە ئەنجامی لەدەستدانی سەرچاوەی داهات و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی هەلی کاری شایستە، زۆرێکیان ناچار بوون لە کەرتی نافەرمیدا، لە بارودۆخێکی نائارامدا و بەبێ هیچ پارێزگارییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی کار بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، هەژاری تەنها بە ڕەهەندی ماددی سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەژاری دەرفەت و پەروەردە و چاودێری تەندروستی و پاراستنی یاسایی، ئەمەش سستی ژنان قووڵتر دەکاتەوە و توانای خۆڕاگری و چاکبوونەوە و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر سنووردار دەکات.
پەروەردە لەو بەشانەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ناوچە جێناکۆکەکان، کە بەهۆی وێرانکردنی خوێندنگەکان و داڕمانی ژێرخانی پەروەردەیی، ملیۆنان منداڵای کچ لە مافی خوێندن بێبەش کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن بەهۆی هەژاری و هاوسەرگیری پێشوەختە و زیادبوونی بارگرانییەکانی خێزان، کە بەشدارە لە بەردەوامبوونی پەراوێزخستن و نایەکسانی لە نێوان نەوەکاندا.
لە کەرتی تەندروستیدا ژنان بەهۆی داڕمانی سیستەمی تەندروستی و کەمیی کارمەندانی پزیشکی و نەبوونی دەرمان و پێداویستییە پێویستەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕاستەقینە دەبنەوە، خزمەتگوزاری تەندروستی لەدایکبوون لە کەرتە زۆرترین زیانلێکەوتووەکانە، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردنی دایکان و توندکردنەوەی کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکان.
سەرەڕای گەورەی ئەم ئازارە، ژنان نەبوونە زیانبەرکەوتووی نەرێنی، ئەوان ڕۆڵی سەرەکییان لە کاری مرۆیی و کۆمەڵایەتیدا گێڕاوە، بەشدارییان لە پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، ڕێکخستنی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان، بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە نێوان سستی دامەزراوە فەرمییەکان کردووە.
بەڵام زۆرجار ئەم ڕۆڵە پەراوێزخراوە و لە هەڵوێستە بڕیاردانەکاندا ڕەنگدانەوەی نییە، کە ژنان ڕووبەڕووی وەدەرنانی سیاسی و باڵادەستی پێکهاتە پیاوسالارییەکان و چوارچێوەی یاسایی سست دەبنەوە کە پشتیوانی یەکسانی دەکەن، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ململانێ و دوای ململانێدا.
لە زۆرێک لە پرۆسەکانی ئاشتی و دانوستانە سیاسییەکاندا، ژنان بەدەر دەکرێن یان تەنها بە ناو دەخرێنە ناوەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی نێودەوڵەتی نیشانی دەدات کە بەشداری ڕاستەقینەی ژنان بەشدارە لە بونیادنانی ئاشتییەکی گشتگیرتر و بەردەوامتر و کەمکردنەوەى توندوتیژی.
ئازارەکانی ژنانی سووریا نموونەیەکی توند و تیژە لەوەی کە ژنان لە ناوچەی عەرەبیدا تووشی دەبن، ژنانی سووریا بەرگەی شەڕ و ئاوارەبوون و لەدەستدانی ئازیزان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بارگرانییەکانی ژیانیان گرتووە لە بارودۆخێکی زۆر سەختی مرۆڤایەتیدا.
سەرەڕای جیاوازی سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی، ئازارەکانیان یەکگرتوویان کردوون لە بەرامبەر ڕاستیەکی سەختدا کە ساڵانێک لە ململانێدا سەپێنراوە، ئەوان وەک هێزێکی خۆڕاگر و چالاک لە پاراستنی خێزانەکان و پشتیوانی کۆمەڵگەکان و بونیادنانی هیوا لە ڕێگەی کاری مرۆیی و دەستپێشخەری پەروەردەیی و چالاکی مەدەنییەوە سەریان هەڵداوە.
ناتوانرێت باس لە داهاتووی دوای ململانێکان بکرێت بەبێ ئەوەی قسە لەسەر دادپەروەری گۆازراوە بکرێت، کە ڕێبازێکی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکان، دابینکردنی چارەسەر بۆ قوربانییەکان و دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی، دادپەروەری ڕاستەقینە بە بێ تێکەڵکردنی پرسی ژنان لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆسانەدا بەدی نایەت، ئاوەدانکردنەوە تەنها لە دووبارە بونیادنانەوەی پێکهاتە فیزیکییەکان سنووردار نییە، ئاوەدانکردنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، بەشداری ژنان لەم پرۆسانەدا زۆر پێویستە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی هەمەلایەنە و بەردەوام و بونیادنانی کۆمەڵگەی دادپەروەرتر و هاوسەنگتر.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی ڕەوشتی و مرۆیی بەرامبەر بە ژنانی ناوچە جێناکۆکەکان هەڵدەگرێت کە لە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان زیاتر درێژدەبێتەوە بۆ پاراستنی مافەکان، پشتیوانیکردن لە بەشداریکردنی سیاسی و بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە و دادپەروەری.
ئازارەکانی ژنان لە دڵی ململانێکاندا پرسێکی پەراوێزیی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی پابەندبوونی جیهانە بە بەهاکانی مافی مرۆڤەوە، ئاشتی بەدی نایەت بەبێ ژنانی بەهێزکراو کە چێژ لە شکۆمەندی و دادپەروەری و توانای بەشداریکردن لە بڕیاردان وەربگرن.
لە جیهانێکی پڕ لە گێژاودا، ژنان سەرەڕای ئازار و لەدەستدانەکانیان، وەک چرای هیوا و هێزێکی بزوێنەری بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگەی مرۆڤدۆستانەتر و دادپەروەرتر دەمێننەوە، توانای زاڵبوون بەسەر برینەکانی ڕابردوو و دروستکردنی داهاتوویەکی شکۆمەندتر و سەقامگیرترە بۆ نەوەکانی داهاتوو.




