لە دوای شەڕی ئۆکرانیاوە ڕووسیا  ٩٧ ملیار دۆلاری لە هەناردەی وزەدا دەستدەکەوێت

 رووسیا لە ١٠٠ رۆژی یەکەمی شەڕی ئۆکرانیادا، داهاتی ٩٧ ملیار دۆلاری لە هەناردەکردنی سووتەمەنی بەردینی بەدەستهێناوە، لەگەڵ مەزەندەکردنی ئەوەی کە ڕووسیا ڕۆژانە نزیکەی ٨٧٦ ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئۆکرانیا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی راپۆرتێكی رووسیا لەماوەی ١٠٠ رۆژی یەكەمی جەنگی ئۆكرانیادا، نزیكەی ١٠٠ ملیار دۆلاری لە هەناردەی نەوت و گاز بەدەستهێناوە، بەڵام سەنتەری سەربەخۆی توێژینەوە لە وزە و هەوای پاک ئاشکرایکردووە، لە مانگی ئازارەوە داهاتەکان لە دابەزیندایە، چونکە زۆرێک لە وڵاتان خۆیان لە پێداویستییەکانی ڕووسیا بەدوور گرتووە، بەڵام تا ئێستاش بە بەرزی ماونەتەوە.

 

یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا لەو کەسانەن کە بەڵێنیان داوە هاوردەی ڕووسیا کەم بکەنەوە، بەڵام راپۆرتەکەی سەنتەری سەربەخۆی توێژینەوە لە وزە و هەوای پاک دەریخستووە کە رووسیا هێشتا لە ١٠٠ رۆژی یەکەمی شەڕی ئۆکرانیادا، لە ٢٤ شوبات تا ٣ حوزەیران، داهاتی ٩٧ ملیار دۆلاری لە هەناردەکردنی سووتەمەنی بەردینی بەدەستهێناوە، لەگەڵ مەزەندەکردنی ئەوەی کە ڕووسیا ڕۆژانە نزیکەی ٨٧٦ ملیۆن دۆلار خەرج دەکات بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئۆکرانیا.

 

بەگشتی هەناردەی نەوت و غازی ڕووسیا لە دابەزیندایە و داهاتی مۆسکۆ لە فرۆشتنی وزەش لە لوتکەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە ڕۆژێکدا لە مانگی ئازاردا دابەزیوە، یەکێتی ئەوروپا ٪٦١ ئەم هاوردەکردنانەی پێکهێناوە کە بەهای نزیکەی ٥٩ ملیار دۆلارە.

 

یەکێتی ئەوروپا پلانی هەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ هاتنی نەوتی ڕووسیا لە ڕێگای دەریاوە قەدەغە بکات، بەمەش هاوردەکردنی نەوت بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ کەمدەبێتەوە.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە گەمارۆی نەوتی یەکێتی ئەوروپا کە پلانی بۆ داناوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت،  بەڵام هۆشداریدا لەوەی ئێستا بڕێکی زۆر نەوتی خاوی ڕووسیا دەنێردرێت بۆ هیندستان، کە پشکی لە کۆی هەناردەی نەوتی خاوی ڕووسیا لە نزیکەی ٪١  پێش شەڕی ئۆکرانیا بۆ ٪١٨ لە مانگی ئایاردا زیادکردووە.