ئەڤین سوێد: پەیمانی کۆمەڵایەتی باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان

ئەڤین سوێد،هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، ئاماژەی بەوەدا کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە دەستووری نوێی سووریادا باشترین مۆدێلە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و داوای یەکگرتوویی کرد.

ئاڤرین ناڤدار

 

 ناوەندی هەواڵ- ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵی جۆراوجۆر بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بەپێی دەستووری نوێی سووریا ئەنجام دەدەن، لەو چوارچێوەیەشدا، کۆڕێکی یاسایی بە بەشداریی بزووتنەوەکانی ژنان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، سەندیکای پارێزەران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ئامانجی نیشاندانی هاودەنگی، بەڕێوەچوو.

 

 لەو کۆڕبەندەدا کە لە ١٣ی شوبات بەڕێوەچوو، باس لە مافەکانی ژنان کرا کە پێویستە ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا وەریبگرن، لە کۆتایی دیدارەکەدا ئەو ژنانە ڕایانگەیاند، تاکە ڕێگەچارە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم ژنانی سووریا پاراستنی دەستوورە کە داخوازییەکانیان لەخۆدەگرێت.  

 

 دەستکەوتەکانی ژنان لە پرۆسەی شۆڕشدا

 ئەڤین سوێد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند کە ئەو بۆچوونانەی لە کۆڕەکەدا دەربڕدراون، دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی ژنانە لە کاتی پرۆسەی شۆڕشدا و وتی: ژنان لە سەرەتای شۆڕشەوە ڕۆڵێکی کارایان لە بوارەکانی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیدا گێڕاوە، لەهەمانکاتدا دژی هێرشەکانی ناوچەکە و تیرۆری داعش لە پێگە سەربازییەکان شەڕیان کردوو

 

 ئەڤین سوێد ئاماژەی بەوەشکرد، تەڤگەرەکانی ژنان چەندین دەستپێشخەرییان پەرەپێداوە و هەوڵی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان لەڕێگەی یاسا و دەستوورەوە و وتی: یەکێک لە کاراترین ڕێگاکانی پاراستنی مافەکانی ژنان لەڕێگەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتییە، ئەم بەڵگەنامەیە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی ژنان پەرەی پێدراوە، ژنان پاڵپشتی ڕێکخستێنک دەکەن کە هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان لە باوەش بگرێت، ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە گەورەکان کە لە ماوەی پرۆسەی شۆڕشدا بەدەست هاتووە.

 

 گرنگی کۆڕبەندی یاسا

 ئەڤین سوێد جەختی لە گرنگی کۆڕبەندی یاسایی کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم کۆڕبەندە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی لە سووریا ڕوودەدەن بەڕێوەچوو، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، خەڵک بە هیوای دامەزراندنی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری بووە کە مافی هەموو سێکتەرەکان مسۆگەر بکات، ئامانجی ژنانیش لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە دەنگی خۆیان یەکبخەن، بۆ دروستکردنی دەستوورێک کە مافەکانیان مسۆگەر بکات.

 

 ئامانجی بەشداربووان

 ئەڤین سوێد ڕایگەیاند، ڕژێمی بەعس لە سووریا دابەشبوونی نەتەوەیی و تائیفی قووڵتر کردووەتەوە، سیستمێکی ناوخۆییو تائیفی دامەزراندووە کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکات و ویشی: ڕژێمی بەعس سیستمێکی ناوخۆیی و تائیفی دامەزراندووە کە کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان دەخاتە ژێر فشارەوە، ئەو ژنانەی ئەمڕۆ بەشدارییان لە کۆڕبەندەکەدا کردووە، هەوڵدەدەن ئیدارەیەکی خاوەن مافێکی یەکسان و دادپەروەرانە بونیاد بنێن، ئامادەبوونی ژنانی چالاکوانی نوێ کە لەم کۆڕبەندەدا کۆبوونەتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە خەبات بۆ مافە دەستوورییەکان بەهێزتر بووە، ژنان لە خەباتدا بڕیاریان داوە ژیانێکی ئازاد بونیاد بنێن و لە دوای شۆڕشەوە هەمان ڕێگایان گرتووە.

 

 "پەیماننامەی کۆمەڵایەتی باشترین مۆدێلە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان"

 ئەڤین سوێد ڕەخنەی لە پراکتیزە نادیموکراسی و ناڕەواکانی ڕژێمی ئێستای سووریا گرت و ڕایگەیاند، ئەگەر سیستمی ئێستا بەردەوام بێت، کێشەکە زیاتر قووڵتر دەبێتەوە و وتی: ئەگەر ڕژێمی نوێی سووریا بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتەکانی ئێستای، کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر نابن، بەپێچەوانەوە هێندەی تر گەورەتر دەبن، دەستووری نوێ دەبێت دان بە مافی یەکسانی ژنان لە هەموو گەلان و کۆمەڵگەکاندا بنێت، بەڵام لە سیستمی ئێستادا ئەگەر ئەم دەرفەتە بە ژنان نەدرێت، هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراسی ڕوونادات.

 

 ئەڤین سوێد ئاماژەی بەوەدا، ئەو ئەزموونانەی ژنان لە پرۆسەی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیانبووە، یەکێکە لە باشترین نموونەکان بۆ دەستووری نوێی سووریا و ڕایگەیاند، پەیماننامەی کۆمەڵایەتی باشترین مۆدێلە لەم ڕووەوە وتی: پەیماننامەی کۆمەڵایەتی باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵانێکە ژنان ئەزموونی ئەم سیستمە دەکەن، دروستکردنی مۆدێلێکی دەسەڵاتداری کە مافی هەموو چین و توێژەکان بپارێزێت، دادپەروەرانە و یەکسانە، ئەم سیستمە یەکسانی و دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکات.

 

 بانگەوازی یەکگرتوویی تەڤگەرەکانی ژنان

 لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەڤین سوێد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبۆڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، داوای یەکڕیزی لە نێوان هەموو ژنانی سوریادا کرد و وتی: داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەین کە هێزەکانیان یەکبخەن لە خەبات دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە کۆمەڵگەدا کە پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە، با پێکەوە دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسین، پێویستە سیستمێکی دیموکراسی و دوور لە توندوتیژی بونیاد بنێین، پێویستە یەکبگرین بۆ بونیادنانی ئیدارەیەک کە هەموو ماف و پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.