ئێران ڕەتیدەكاتەوە نەسیم غوڵامی ئازاد بكات
ڕێکخراوی هەرانا بڵاویکردەوە، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ئازادکردنی مەرجدار بۆ ژنەسیم غوڵامی ڕەتکرایەوە، کە ماوەی سێ ساڵە لە مۆڵەت پێدانی چوونە دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە ئازادکردنی ژنە دەستگیرکراوێكی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە زیندانی ئەوین بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو تێیدا هاتووە، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێران داواکاری ئازادکردنی مەرجدار بۆ نەسیم غولامی سیمیاری زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین ڕەتکرایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، نەسیم ماوەی سێ ساڵە لە زیندانی ئەوین دایە و لە مۆڵەت پێدانی چوونە دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە، ئەو بڕیارەی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش لە ژێر فشاری ڕاستەوخۆی لێکۆڵەرەوەی کەیسەکەدا دراوە.
هاوكات، نەسیم غولامی سیمیاری لەدایکبووی ١٩٨٨ ـە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانی شۆڕشی”ژن، ژیان، ئازادی”، لە ١٨ ئایاری ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران لە شارەکە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کرا.
جێگای ئاماژەیە، دواتر بە تۆمەتی” پیلانگێڕی و پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت و یاخیبوون” سزای شەش ساڵ و لێدانی ٧٤ قامچی و ٢٠ ساڵ دوورخستنەوە لە ژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ ناوچەی تەنگۆرانی سەر بە پارێزگای زەنجانی بەسەردا سەپێندرا.