یاریزانانی کۆیە خەون بە پاڵەوانێتى نێودەوڵەتى دەبینن

دوێنێ ١ی کانوونی یەکەم، یاریەکى دۆستانە لە نێوان کچانى فاکەڵتى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لەگەڵ یانەى وەرزشى کۆیە بەڕێوە چوو، لە کۆتاییدا یانەى کۆیە یاریەکەى بردەوە.

شیا کۆیی 

 

کۆیە- لە ئێستادا وەرزشى ژنان لەپەرەسەندایە و ژنان بەشدارى پاڵەوانیەتیەکان دەکەن، زۆر لە ژنانى گەنج دەچنە پەیمانگاکانى وەرزش و بەشە وەرزشیەکان، بەڵام ئەوەى جێى نیگەرانیە بۆ ئەوان کە بەوانەبێژیش دانامەزرێن وەک مامۆستا، و دواى دەرچوون تواناکانیان تێکدەشکێن، بەڵام هێشتا خەون بە پاڵەوانێتییەکانەوە دەبینن.

 

دوێنێ ١ی کانوونی یەکەم، یاری باسکە لە نێوان کچانى فاکەڵتى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لەگەڵ یانەى وەرزشى کۆیە بەڕێوە چوو، لە کۆتاییدا یانەى کۆیە یاریەکەى بردەوە.

 

حەبیبە نیهاد، مامۆستا لە فاکەڵتى  پەروەردەى وەرزش لە زانکۆى کۆیە وتى: ساڵانە بەشى پەروەردەو وەرزش هەڵدەستن بەچەند خولێکى تایبەت بۆ یاریزانە کچەکان وکوڕەکان، لە ئێستا گرنگیمان بەوە داوە چالاکیەکان لەدەرەوەى زانکۆش ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ لەسەر بانگێشتی کچانى یانەى کۆیە لەگەڵ کچانى فاکەڵتیمان هەستان بە ئەنجامدانى یاریەکى دۆستانە ئەوەش جێگاى خۆشحاڵیە، چونکە ئێستا بوارى وەرزش بۆتە بوارێکى سەرکەوتووی تەندروستى بۆ هەموو لایەکان لەڕووی تەندروستى و کات بەسەربردنەوە.

 

وتیشی: جێى خۆشحاڵیە ژنانى ئێمە بە گڕوتین و جۆشەوە لە ناو زانکۆ و لەدەروەى زانکۆش لەبوارى ئەکادیمى کاردەکەن و هەڵدەستن بە ئەنجامدانى یاریەکان و ژمارەیەکى زۆر لە ژنان بەشدارى دەکەن، شارى کۆیە هەموو کات پێشەنگە لە بەشدارى کردن لەبوارە جیاجیاکانى ژنان و دەرنجامى باشیان هەبووە و هەمووکات وەک مامۆستایەک پاڵپشتى ژنانم لە ناو زانکۆ بێت یان لەدەرەوەى زانکۆ.

 

سەبارەت بە نەبونى دامەزراندنى دەرچوانى بەشە وەرزشیەکان مامۆستا حەبیبە وتى: بێگومان ئەوە گرفتێکى گەورەیە بۆ دەرچووان بەتایبەت بۆ ژنان. راستە دامەزراندن نییە بەڵام خۆشبەختانە دووەم قۆناغمان دوو بەشمان هەیە دەىخوێنن بەشى تەندرووستى و بەجێهێنان کە  خوێندکار دەتوانێت لەبوارى پزیشکى کاربکات لەبوارى چارەسەرى سرووشتى و چارەسەرکار لە یانەکان،من هەمیشە بە قوتابیەکان دەڵێم گەر بەهرەیەکیان تێدابوو لە بوارى وەرزشى خۆیان بەردەوام بن چونکە زۆر جار دامەزراندن بەهرەى کەسەکە دەرناخات، لەوانەیە لە بوارى ئەکادیمى وەک  ئەرکێک کاربکات، بەڵام گەر بەهرەیەکت هەبوو تایبەت بەخۆت دەتوانى لەدەوەى کارى خۆت کار بکەى لە یانەکان و هۆڵەکان هەلى کار برەخسینن وپیشەى وەرزشى لەدەرەوەى مامۆستایش  بەرو پێبدەن.

 

"پێویستە یانە بکرێتەوە"

هێلین رەشوان، یاریزان و خوێندکارى قۆناغى سێى پەروەردەى وەرزشى کۆیە یەکێک لە بەشداربووانى یارى باسکە وتى: خۆشحاڵم کەبەشدارى یاریەکە بووم و پێویستە کچان هەلیان بۆ بڕەخسێت و تواناى خۆیان ەدەربخەن، دەتوانن یارى بکەن و بەشدارى یاریە نێودەوڵەتیەکان بکەین ئەوەش دەبێت لایەنى پەیوەندیدار بۆمان بڕەخسێنن.

 

هێلین وتیشى: دواى دەرچون دامەزراندن نییە تەنانەت بەوانەبیژیش بۆ مامۆستاى وەرزش دامەزراندن نییە وهیچ هەلى کارمان نییە، بۆیە پێویستە لە کۆیە یانە بکرێتەو وشوێنى وەرزشى لەبوارى جیاجیا بکرێتەوە.

 

گۆفار فوئاد،. یاریزان لە یانەى کۆیە بەشدارى کردووە لە یاریەکەو وتی: کۆیە بەگشتى گرنگى بەوەرزش دەدەن و ئێمە هەمومان بۆ کۆیە گەمە دەکەین هیوادارم کۆیەش بەناوبانگتر بێت و بۆ بەشدارى پاڵەوانیەتیەکان و ئێمە سوپاسی مامۆستاکان دەکەین کە زۆر گرنگیمان پێدەدەن بۆئەوەى باوەڕمان بە خۆمان هەبێت بۆ ئەوەی بەشدارى  لە پاڵەوانیەتیەکان بکەین کە ئەوە خەونى ئێمەیە.