هەڵەبجە
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە پارێزگای هەڵەبجە لە چوار ڕۆژی جەژندا کە بە پێی سێ لیژنە دابەش کراون بۆ کۆکردنەوەی ئاماری گەشتیاریی ناوچە گەشتیاریەکانی ئەحمدئاوا، زەردەهاڵ و سەیرانگای چاوگ.
لە ڕۆژانی جەژندا لیژنەکانی قائیمقامیەت لە هەڵەبجە پانزە شوێنی گەشتوگوزارییان داخستووە و غەرامەیان کردووە.
ئاماری گەشتیاری سنوری پارێزگای هەڵەبجە
بۆ چوار ڕۆژی جەژن ئاماری هاتنی گەشتیار بۆ ناوچەی ئەحمدئاوا ٦٠ هەزار و ١٥٧ گەشتیار بووە، لە زەردەهاڵ کە ناوچەکانی تەوێڵە، بیارە، زەردەهاڵ، وەزەنێ و بەڵخە دەگرێتەوە، ١٩ هەزار و ٦٥٨ گەشتیار ڕووی تێکردووە، هەروەها لە سنوری گوڵان، چاوگ و باوەکۆچەک ٦٩ هەزار و ٧٩١ گەشتیار سەردانیان کردووە.
کۆی گشتی گەشتیاران بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە ٩٠ هەزار و ٩١ کەس بووە.
٣٢ دۆسیە لە پۆلیس کراوەتەوە
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەش، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا ٣٢ دۆسیەی لێکۆڵینەوە تۆمارکراون و بەو هۆیەوە پانزە تۆمەتبار دەستگیرکراون بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە.
دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار کراوە
هاوڵاتیەکی بە ڕەگەز عەرەب لە زەمەقی خواروو بەهۆی مەلەکردنەوە خنکاوە و گیانی لەدەستداوە.
ژنێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی سەردانیکردنی خزم و کەسوکاری لە حاجیاوا بە ڕێگەی نایاسای گەڕاوەتەوە و لە گوندی هانەگڵینەی سنوری ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان گیانی لەدەستدا.
ت.پ




