تەژەئا یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کردەوە
تەژەئا بە ڕاگەیاندراوێک گەریلایانی شەهیدی هەپەگە/یەژا ستاری بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، ئەو ئیرادەیە زیندوو ڕادەگرین کە ئەوان لە ڕێی ئازادی، شکۆ و ڕاستیدا هێناویانەتە کایەوە و تێکۆشانەکەیان دەگەیەنینە داهاتوویەکی ئازاد.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" لەسەر هەژماری خۆی لە دیجیتاڵ میدیا بە ڕاگەیاندراوێک یادی شەهیدانی ئازادی کردەوە، کە لە ناو ئەم هەفتەیەدا لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان مەراسیمی یادکردنەوەیان بۆ ساز دەکرێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئا:
لە تێکۆشانی گەلی کورددا گێڕانەوە، بیرهێنانەوە و گواستنەوەی یادی ئەو شەهیدانەمان کە لە دژی قورسترین ئازارەکان بەرەنگارییان کردووە، ئازارە هاوبەشەکانی گەلانمانیان گرتووەتە ئەستۆ، لە گەڕان بەدوای حەقیقەت و ئازادیدا دژوارترین تێکۆشانیان ئەنجامداوە و لە ڕێی ئازادیدا بۆ ئێمە بوونەتە ڕووناکی، یەکێک لە ئەرکە هەرە واتادار و سەنگینەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەرپرسیارێتیی شۆڕشگێڕیمانە.
ئاسان نییە مرۆڤ بەرزترین بەهاکانی ژیانی لەناو دێڕ و وشەکاندا دەرببڕێت. هەر وشەیەک کە هەوڵدەدات ئەوان بناسێنێت، بێگومان لە ڕوویەکەوە کەموکوڕی هەیە. لەبەرئەوەی لە بەرانبەر فیداکاری و دڵسۆزییەکی لەم شێوەیە لەوانەیە هێزی وشە، قەڵەم و گێرانەوە، کەم بهێنێت. تێگەیشتن لە ڕاستی کە یەکێکە لە گەڕانە هەرە گەورەکانی مرۆڤایەتی و ژیان بۆی، یەکێکە لە تێکۆشانە هەرە دژوارەکان.
مێژووی پارت و تێکۆشانی ئێمە بە بەرخۆدان، فیداکاری و شەهیدبوونی گەورە کە ئیرادە، بوون و ئازادیی گەل و نەتەوەیەک گەورە دەکەن هۆنراوەتەوە. گوتنی "ژیانی ڕاست، شەهیدان خۆیانن" ئەو پێوەر و ڕاستیی ژیانە دەهێنێتە زمان، کە شەهیدان بۆیان جێهێشتووین.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئێمە بە بەردەم هەموو دژواری و ئاستەنگییەکاندا تێدەپەڕین، سوود لە میراتی ئەو تێکۆشانە وەردەگرین کە شەهیدان بۆیان جێهێشتووین. هۆشمەندی و بیری ڕوونی ئەوان، بەرخۆدانی گیانییان، گەورەیی، قووڵیی هەست و ڕامانەکانیان، بڕیارداری و ڕوونبوونیان لە کرداردا ئەو بەها سەرەکییانەن کە ڕێمان نیشاندەدەن. ئەو هیوا و هەوڵەی ئەوان جێیان هێشتووە، یەکێکە لە سەرچاوە هەرە گرنگەکان کە تێکۆشانمان فراوان دەکات.
ئەو کەسانەی کە ژیانیان کردووەتە دیاری بۆ تێکۆشان، نەک تەنها ژیانیان؛ باوەڕی، هیوا و پەرۆشیی خۆشیان بۆ ئازادی خستووەتە گەڕ. لەبەرئەوە ژیانیان لەگەڵ بەرزترین واتاکاندا ئاوێتە بووە. ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە ئەوەیە کە دڵسۆز بمێنینەوە بەو بەهایانەی کە بۆیان جێهێشتووین، واتایەکی ڕاست بدەینە تێکۆشانیان و ببینە بەهێزترین وەڵامدەرەوە تاوەکو ڕاستیی ئەوان بۆ نەوەکانی داهاتوو بگرینە ئەستۆ.
شەهیدانمان تەنها کەسانێک نین کە لە ڕابردوودا تێکۆشانیان کردووە. لە ژیانی ئەواندا ئیرادەی ئازادی و سەرکەوتنی گەلەکەمان ڕەنگی داوەتەوە. لە قۆناغە هەرە دژوارەکاندا، لە هەلومەرجێکدا کە خیانەت و نکۆڵی بەرەو قووڵبوونەوە دەچوون، ئەوان لەپاڵ ڕاستیدا وەستان؛ لە کاتی پێویستدا بەتەنیا مانەوە و ئەو ڕاستییانەیان پاراست کە دەیانزانی. بەم شێوەیە نەک تەنها بە ژیانی تاکەکەسیی خۆیان، بەڵکوو بەو بەهایانەی نوێنەرایەتی دەکەن، بەشێکن لە یادەوەریی هاوبەش و تێکۆشانی گەلەکەمان.
کاتێک ئێمە باس لە شەهیدانمان دەکەین، دەزانین کە وشە و هێزمان چەندە کەموکوڕی هەیە. بەڵام بۆ زیندووهێشتنەوەی یادیان، تێگەیشتن لە تێکۆشانیان و گواستنەوەی میراتەکەیان بۆ داهاتوو، یەکێکە لە بەرپرسیارێتییە هەرە سەرەکییەکانمان. ئەو ئیرادەیە زیندوو ڕادەگرین کە ئەوان لە ڕێی ئازادی، شکۆ و ڕاستیدا هێناویانەتە کایەوە و تێکۆشانەکەیان دەگەیەنینە داهاتوویەکی ئازاد.
لەم تێکۆشانە واتادارە هەموو ئەو شەهیدانە بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە کە گیانیان لەدەستداوە؛ سەرەخۆشیی خۆمان سەرەتا ئاڕاستەی ڕێبەر ئاپۆ، بنەماڵە وڵاتپارێزەکانمان و کەسوکاریان، لە هەموو گەلی کورد کە هاوبەشی ئازارەکانن دەکەین.