تەژەئا کاتی ڕێپێوانی ئازادی ئاشکرا کرد
تەژەئا ڕایگەیاند، بە دروشمی "بە هیواوە بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین" ژنانی تەژەئا لە ١ـی تشرینی یەکەم لە ئامەدەوە بەرەو ئەنقەرە ڕێپێوان دەکەن و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" بە دروشمی "بە هیواوە بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین"، بە ئامانجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەرەدان بە تێکۆشانی ژنان، ڕێپێوانێک لە ئامەدەوە بەرەو ئەنقەرە ئەنجام دەدات. تەژەئا پەیوەست بە چالاکییەکە بە بەشداری ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی تەژئا، هاوسەرۆکانی ئامەدی دەم پارتی و هاوسەرۆکانی شارەوانی وانی دەم پارتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا وردەکاری و ئامانجی ڕێپێوانەکەی ئاشکرا کرد.
'ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ئازادی ژنە'
ڕاگەیاندراوەکە بە تورکی لەلاایەن بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری مێردینی دەم پارتی، هەروەها بە کوردی لە لایەن هولیا ئالۆکمەن، ئەندامی تەژەئا خوێندرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا ئامانجی بنەڕەتی ژنان ئازادیییە و وترا: "ئێمەی ژنان بۆ ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوان دەکەین کە لە دژی سیاسەتەکانی تواندنەوە و نکۆڵیکردن لە گەلی کورد بووە بە هیوا. ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان کە لە هەموو دەرفەتێکدا داوای چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد دەکات، تاکە بەردەنگی چارەسەرییە. بانگەوازی لەو دەسەڵاتە دەکەین کە یاساکانی خۆی پێشل دەکات و سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی بە نەبوو دادەنێت، ناچارەسەری دەسەپێنێت؛ ئازادی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی ئێمەی ژنان و گەلانە.
بانگەوازی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ
تەژەئا داوای کۆتایهێنان بە سیستەمی ئیمراڵی کردو وتی: ڕێگەی چارەسەری ڕاستەقینە کۆتایهێنانە بە سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی. ناسنامەی دیموکراتیزەبوونیش بۆ کۆمەڵگە، ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە. ئافراندنی هەلومەرجی ئازادی ڕێبەرمان، ڕێگەی ئاشتی و دیموکراتیکبوون دەکاتەوە. دەسنیشان کرا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کارەکتەرێکی سەرەکییە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆیە دەبێت هەلومەرجی ئازادی کارکردنی بۆ بڕەخسێندرێت.
ڕاگەیاندراوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتای هات.