تەژەکە_ئە: دژی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک پێکەوە تێبکۆشن
کۆردیناسیۆنی تەژەکە_ئە ڕایگەیاند، پلانێکی قووڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا بەڕێوەدەچێت، بانگەواز لە ژنان و گەلەکەمان و دۆستەکانمان و هەموو مرۆڤدۆستان دەکەین، دژی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک پێکەوە تێبکۆشن.
تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا "تەژەکە_ئە" ڕایگەیاند چەتەکان بە ئاڕاستەکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک پلانێکی قووڵیان لە سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە، دژی هەڕەشەکانی قڕکردن بانگەوازی کرد بۆ خۆپاراستن.
لە ڕاگەیاندراوە نووسراوەکەی تەژەکە_ئە ئاماژە بەوەکراوە، بە هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا، چەتەکانی دەوڵەتی تورک دەیانەوێت دەسکەوتەکانی گەل بەتایبەت شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناوببەن، دەوڵەتی سووریا بەرامبەر هێرشەکان، ئیرادەی خۆی نیشان نەدا، بۆ پاراستنی گەل هەڵوێستی نیشان نەدا و هەموو شوێنەکانی بۆ چەتەکان جێهێشت. ئەم ڕەوشە هەموو گەلانی سوریا ڕووبەڕووی مەترسی کۆمەڵکوژی کردووەتەوە.
پلانێکی قووڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا لە ئارادایە، دەوڵەتی تورک سوود لەم ڕەوشە وەردەگرێت و هەوڵ دەدات ئامانجە قڕکەر و کۆلۆنیالیستی و نەژادپەرستی و پاوانخوازییەکانی خۆی بەدیبهێنێت، لەسەر ئەم بناغەیە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد و گەلان و ژنانی کورد نەهێڵن و قڕکردنی کوردان ئەنجام بدەن، دەوڵەتی تورکیا لە پشت هێرشی چەتەکانەوەیە، ئاشکرایە کە ئەمە دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی زیاتر بۆ سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەک تەژەکە_ئە بەتایبەت بانگەواز لە ژنان و گەل و دۆستان و هەموو مرۆڤدۆستان دەکەین، ڕۆژئاوا بپارێزن.