ناوەندی هەواڵ
لە ١٥ی نیسانەوە شەڕو پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستیپێکردووە، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست ڕاگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.
وەزارەتی تەندروستیی سوودان لە دوایین ئاماردا، ڕایگەیاند لە دەستپێکی شەڕەکەوە، ٥٢٨ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٥٩٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی ٦ هەزار کەس کە زۆربەیان ژنن، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەرەو کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ئاوارەبوون، بەجۆرێک 70٪ یان ژنانن، 15٪ یان منداڵانی کچن و 10٪ شیان پیاون.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ٧٥ هەزار کەس بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوودانەوە لە خەرتووم، نیلی شین، کوردۆڤان و دارفوور ئاوارەبوون و ٢٠ هەزار کەسیش پەنایان بردووەتە بەر چادی دراوسێی سوودان و چوار هەزار کەسی دیکەش چوونەتە سوودانی باشوور و سێ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش ڕوویان لە ئەسیوپیا کردووە.




