٣.٢ ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە قەیرانی ئاسایشی خۆراک لە ئەفغانستان نیگەرانی خۆی دەربڕی دەبارەی ئەو بارودۆخە سەختەی کە ژنان و منداڵانی ئەفغانستان تیایدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ دووشەممە، قەیرانی ئاسایشی خۆراکی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ٢٣.٧ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، لەنێویاندا ٣.٢ ملیۆن منداڵ هەیە کە بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن.

 

لە ڕاپۆرتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی بە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە ئەفغانستانی ژێردەستی تاڵیبان کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سیاسەتەکانی تاڵیبانەوە، ژنان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر قەیرانی ئابووری، نائاسایشی خۆراک، بێبەشکردنی خوێندن و کارکردن، هەروەها ئەو سیاسەتە توند و سەرکوتکەرەکان کە بزووتنەوەی تاڵیبان پەیڕەویکرد لەژێر ڕۆشنایی هەژاریی ئابوری توند لە ئەفغانستان، کاریگەرییان لەسەر هاوڵاتیانی بە گشتی دروستکردووە.

 

دەزگایەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە دەربڕینی نیگەرانی خۆی دەبارەی دۆخی ژیانی ژنان لە ئەفغانستان دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ دەسەڵاتی گرتە دەست، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ژنانی ئەفغانستان ناتوانن دەستیان بە خۆراک و یارمەتییە مرۆییەکان بگات و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە.