تاژێ هاشتاگی "یاسای لێبوردنی داعش ڕابگرن" دەستپێدەکات
بەمەبەستی ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی ئەو یاسایانەی کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردوون و بۆ بونیادنانی هۆشیاری نێودەوڵەتی، تاژێ ئەمشەو هاشتاگێک بە تاگی 'یاسای لێبوردنی داعش ڕابگرن' دەستپێدەکات.

شەنگال
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (TAJÊ) ئەمشەو کاتژمێر ٨:٠٠ هاشتاگێک بە تاگی 'یاسای لێبوردن بۆ داعش ڕابگرن' دەستپێدەکات. ئامانجی تاژێ ڕێگریکردنە لە مەترسییەکانی دوو یاسا کە ڕێگا بۆ ئازادکردنی چەتەکانی داعش و هاوسەرگیری مندالانی کچ خۆش دەکەن، ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوەو تاژێ دەیەوێت هۆشیارییەکی نێودەوڵەتی دروست بکات.
"جێبەجێکردنی یاساکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئازادکردنی داعش و ئەو کەسانەی بەرپرسن لەو فەرمانە"
ڕیهام حسێن، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (TAJÊ) زانیاری لەسەر ئەو پرسە پێشکەش کردو داوای لە سەرجەم ژنان کرد بەشداری ئەو هاشتاگە بکەن ڕوونیشیکردەوە، ماوەی چەند مانگێکە یاساکان لە بەرنامەی کاردان و لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردندان و وتی: لە ئێستادا چەندین چەتەی داعش لە زیندانەکانی عێراق هەن کە دەستیان بە خوێنی پێکهاتەی ئێزدی و ژنانی ئێزدی پەڵە پەڵەیە،هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی ئەو فەرمانە نەدراونەتە دادگا و بێسەروشوێنبووەکانی ئێمە نەدۆزراوەتەوە و فەرمانەکەش بە فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەناسراوە، پەرلەمانی عێراق هەنگاوی ناوە بۆ دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئازادکردنی چەتەکان و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە فەرمانەکە، دەبێت باش ئاگادار بین، بەتایبەت بۆ پێکهاتەی ئێزدی، کە ئەم یاسایانە کە دەرچووە، مەترسی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، لەبەر ئەم ئەم هۆکارە دەبێت تا کۆتایی دژی ئەو یاسایانە بوەستینەوە و ڕێگە نەدەین بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
"ئەم یاسایە فەرمانی نوێ دەهێنێت"
ڕیهام حسێن ڕایگەیاند کە نابێت کەس و بەتایبەت ژنانی ئێزدی لە بەرامبەر ئەم یاسایانە بێدەنگ بن و لە کۆتایی قسەکانیدا بەم بانگەوازە وتی: ئەگەر یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا فەرمانی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئێمە وەک تاژێ ئەمڕۆ کاتژمێر ٨ی شەو هاشتاگێک بە ناوی 'یاسای لێبوردنی داعش ڕابگرن' دەخەینە کار بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی یاساکە و بونیادنانی هۆشیاری نێودەوڵەتی، لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین بەتایبەتی ژنانی ئێزدی و عێراقی بەشداری ئەو هاشتاگە بکەن و ڕێگری لە فەرمانی نوێ بکەن.