تاژێ بەشداری لە هەڵمەتی "ئێمە یەپەژەین" کرد

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بە ڕاگەیاندراوێک بەشداری لە هەڵمەتی پشتیوانیی یەپەژە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە یەپەژە شکۆی تەواوی ژنانە.

شنگال 

 

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژائاوای کوردستان لە ٢٦ی نیسان هەڵمەتێکی پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" ڕاگەیاند، هەروەها بانگەوازێکیان بۆ بەشداریکردنی لە سوپای سووریا لە چوارچێوەی یەکگرتنی دیموکراتیکدا دەستپێکرد، بە دروشمی "هەموومان یەپەژەین" و "یەپەژە نوێنەرایەتیمان دەکات".

 

هەروەها تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بە ارگەیاندراوێک بەشداریی خۆی لەو هەڵمەتە و پشتیوانی خۆی لە یەپەژە ڕاگەیاند. 

 

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ ڕەهان حەسەنەوە خوێندرایەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

شۆڕشی ڕۆژئاوا بە دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بووە خاوەن میراتێکی مێژوویی و بەرخۆدانی ژنانی سەدەی ٢١. لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە هێزی پاراستنی شکۆ و ئیرادەی ژنانی ئازاد یەپەژە، لە بەرانبەر هێزی تاریکی داعش، شەڕەکانی دەسەڵات، زیهنییەتی دزێو و ڕەگەزپەرست، لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆداندا بە قوربانیی گرانبەهاوە بۆ پاراستنی خاک، شکۆ و مۆرڤایەتی شەڕدەکات و درێژە بە تێکۆشان دەدات.

 

یەپەژە نەک تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو ژنانی جیهان و بە تایبەتی ژنانی ئێزدی ناسنامەیەکی هۆشمەندیی پاراستنی جەوهەرییە.

 

شەڕڤانانی یەپەژە، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا؛ دژی گەورەترین تیرۆری سەدەی ٢١، دژی داعش، دژی قڕکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و قڕکردنی ژنان، بوونی خۆی کردە قەڵغان و بەدەم هاواری شەنگالەوە هات. ئەو هێزەی کە لە فەرمانەکەدا ڕێگر بوو لە بەردەم قڕکردنی ژنان، قوربانیی گەورەی دا و درێژەی بە تێکۆشان دا، یەپەژە بوو.

 

حکومەتی کاتیی سووریا، بە زیهنییەتی دەسەڵاتی پیاو مامەڵە دەکات و دان بە بوونی یەپەژەدا نانێت. ژنان دژی ئەو زیهنییەتەی کە دان بە ئیرادەی ژنان و هێزی پاراستنیاندا نانێت بێهەڵوێست نامێننەوە و مافی ڕەوای خۆیان دەپارێزن. هەر بۆیە تاکە ڕێی پاراستنی بوونی ژنان، بریتییە لە خۆپاراستن.

 

ئێمە وەکو ژنانی ئێزدی باش دەزانین کە؛ ژنان بۆ چرکەساتێکیش ناتوانن دەست لە پاراستن هەڵبگرن. لە تاریکترین شەڕی سووریاشدا بینیمان کە زۆرێک لە تاوانەکانی شەڕ دژی یەپەژە و گەلان کران. ئێمە بڕینی کەزیی ئەو ژنەشەڕڤانە و جەستەی ئەو شەڕڤانەی لە باڵەخانەکەوە فڕێدرایە خوارەوە، لەبیرناکەین. ئێمە شەڕڤانانی حەقیقەتین کە لە بەرانبەر تاریکیدا بووینەتە ڕووناکیی شۆڕشی ژن.

 

بەم باوەڕییەوە ئێمە وەکو تاژێ پشتگیریی هەڵمەتی 'هەموومان یەپەژەین' و 'یەپەژە هێز و گەرەنتیی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانە' دەکەین و دەڵێین؛ خۆپاراستن مسۆگەریی بوونی ژنانە، یەپەژە مسۆگەریی ئازادیی ژنانە. پێویستە حکومەتی کاتیی سووریا یەپەژە وەکو سوپای ژنان و ڕەواترین سوپای سووریا لە ڕووی فەرمییەوە بناسێنێت. خاوەندارێتیکردن لە یەپەژە، خاوەندارێتیکردنە لە بەرخۆدان، تێکۆشان و ئازادیی ژنان.

 

بژی بەرخۆدانی یەپەژە

بژی بەرخۆدانی ژنان

ژن ژیان ئازادی!"